شارپرێس:
میدیاكانی ئیسرائیلی ئاشکرایانکرد، بڕیارە سبەی دوشەممە دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان شاندی ئیسرائیل و شاندی بزوتنەوەی حەماس لەهاوینەهەواری شەرەم شێخ لەمیسر، لە بارەی ڕاگرتنی شەڕ لەکەرتی غەززە دەست پێ بکات، لەكاتێكدا دۆناڵد ترەمپ جەختی كردەوە، رێكەوتنی ئاشتی واتە ڕێكەوتنی ئاشتی لەسەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
میدیاكانی ئیسرائیل لەزاری چەند سەرچاوەكەیەكی نزیك لەسەرۆكایەتی ئیسرائیلەوە ئاشكرایانكردوە، دانوستانەکان ناڕاسەوخۆن، بەڵام هەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنی ئاشتی، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاوە دەستپێشخەری بۆ کراوە و پلانێکی 20 خاڵی لەخۆ دەگرێت".
هەر ئەمڕۆش، شۆش بادریۆسان، وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەمشەو شاندی دانوستانکاری ئیسرائیل بەرەو قاهیرە بەڕێ دەکەون و سبەینێ دانوستانی تەکنیکی دەست پێ دەکات.
ئەمە دوای ئەوەدێت، شەوی ڕابردوو حەماس هەڵوێستی خۆی لەبارەی پێشنیارەکەی ترەمپ بۆ ڕاگرتنی شەڕو ئازادکردنی بارمتەکان ڕاگەیاند.
دوای بەدوای ئەوەش، سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند،" خۆشبەختانە بۆ حەماس دوا دەرفەتیان پێدەدرێت، وڵاتانی گەورەو زلهێزو زۆر دەوڵەمەندەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دەوروبەری لەگەڵ ئەمریکا ڕێککەوتون، بەڕەزامەندی ئیسرائیلیش، بۆ ئاشتی دوای سێ هەزار ساڵ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاو دەنێین".