سوریای شەرع هی کێیە؟

جیهان

18 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1752 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی "زاڤترا"ی ڕوسیی بابەتێکی لەسەر هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی لەدیمەشق بڵاوکردوه‌تەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەکردوە، لەئێستادا سوریا چەندین هێزی سەربازی وڵاتانی تێدا جێگیرن، ئەمەش وایلێدەکات ببێتە قەوارەیەکی هاوبەش نەوەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی.


ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردوە، سوریا پلان دادەڕێژێت بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بۆ دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی ئەمریکی، نەک هەر شوێنێک، بەڵکو لەخودی پایتەخت، لەفڕۆکەخانەی سەربازیی مەززە، کە ئەمە هەواڵێکی وروژێنەر بوو.

ئیدارەی تره‌مپ شەرعەییەتی بەسەرکردە نوێیەکانی سوریا داوە، سەرەڕای ڕابردوی ناڕونیان.

ناوی ئەحمەد شەرعی سەرۆکی کاتیی‌و ئەنەس خەتتاب وەزیری ناوخۆی لەلیستی تیرۆریستان داواکراو لابراوە، گرنگتر لەوەش، ئەمریکییەکان بەڵێنیان بەحکومەتی سوریا داوە کە کێشەکانی لەگەڵ کوردەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵات (ڕۆژئاوای کوردستان) چارەسەربکەن.

لەئێستادا، چەندین وڵاتی بیانی بونی سەربازییان لەسوریا هەیە، ئەمریکییەکان دامەزراوەی سەربازییان لەسەر خاکی سوریا هەیە، لەوانە بنکەی تەنەف لەسێگۆشەی سنوریی سوریاو عێراق‌و ئوردن‌و دامەزراوەی سەربازیی لەڕۆژئاوای کوردستان.

باس له‌وه‌شكراوه‌، ئەگەر ئەمانە بەیەکەوە ببەسترێنەوە، کەوانێک پێکدەهێنن کە سوریا، یەکەمجار، لەئێران جیادەکاتەوە بۆ ڕێگریکردن لەژیانەوەی "بەرەی مقاوەمە"، هەروەک سوریا لەتورکیا جیادەکاتەوە، ئەگەر ئەنکەرە بیەوێت کۆنترۆڵی خۆی لەوێ بسەپێنێت.

هێزەکانی تورکیا لەناوچەکانی باکوری وڵات جێگیرن، لەکاتێکدا بونی سەربازی ڕوسیا لەکەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست (لەبنکەکانی ته‌رتوس‌و حومەیمیم) چڕکراوەتەوە.

وا دیارە کە سوریا بەئەگەری زۆر، دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری نابێت، بەڵکو قەوارەیەکی هاوبەش دەبێت بۆ چەند هێزێک.