شارپرێس:
وەزارەتی دارایی عێراق ڕپۆرتی خەرجی و داهاتەکانی هەشت مانگی ئەمساڵی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، قەبارەی کورتهێنان 13 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندوە، پسپۆڕێکی ئابوریش ڕایدهگهیهنێت، "دۆخی دارایی عێراق لەناوەڕاستی پشێوییە سیاسییەکاندا بەرەو قەیرانێکی مەترسیدار دەڕوات".
وەزارەتی دارایی عێراق لەڕاپۆرتێكدا خەرجی و داهاتی هەشت مانگی ڕابردوی ئەمساڵی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتوە، کۆی خەرجییەکانی عێراق لەماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا گەیشتوەتە 87 ترلیۆن و 478 ملیار دیناری عێراقی، لەکاتێکدا کە داهاتی ئەو هەشت مانگە 73 ترلیۆن و 821 ملیار دینار بوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، داهاتی نانەوتی عێراق لەهەشت مانگدا تەنیا هەشت ترلیۆن و 555 ملیار دینار بووە، واتە داهاتی نانەوتی تەنیا %10ی کۆی داهاتەکانی عێراقی پێکهێناوە.
وەزارەتی دارایی عێراق دەشڵێت،" خەرجی وەبەرهێنان لەناو کۆی خەرجییەکاندا تەنیا 13 ترلیۆن و 828 ملیار دینار بوە، بەڵام زیاتر لە 70 ترلیۆن دیناری بۆ موچەی فەرمانبەر خانەنشینان و تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی بوە".
هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، لەماوەی ئەو هەشت مانگەدا پێنج ترلیۆن و 467 ملیار دینار بۆ موچەی هەرێمی کوردستان نێردراوە.
هاوكات، پێشتریش، مەنار عوبەیدی پسپۆڕی ئابوری ئاشكرایكرد، بانکی ناوەندیی عێراق نزیکەی 11 ملیار دۆلاری لەیەدەگی نەختینەی بیانییەکەیدا بەکارهێناوە بۆ دابینکردنی خواستی زۆر لەسەر دۆلار.
بهبڕوای ئهو پسپۆڕه، ئەمەش لەکاتێکدایە نرخی نەوت لە نێوان 60-65 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزیوە، ئەم دابەزینەش بەردەوامەو مەترسی لەسەر توانای حکومەت دروستكردوه بۆ دابینکردنی بەشێکی زۆری خەرجییە کارگوزارییە سەرەکییەکان لەساڵی داهاتودا.
عوبەیدی جەختدەکاتەوە، چارەسەرێکی ڕاستەقینە پێویستی بەشیکردنەوەیەکی وردی خەرجییە گشتییەکان ههیه لهگهڵ ئاشکراکردنی گەندەڵیی دارایی، بەتایبەت لەموچەی وەهمیو خانەنشینیو پڕۆگرامەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی، هەروەها پێویستە پێداچونەوە بەپڕۆگرامەکانی پاڵپشتی وەک کارتی خۆراکیو پاڵپشتی دەرماندا بکرێت.
بەوتەی عوبەیدی، "عێراق ئێستا لەبەردەم وەرچەرخانێکی دارایی هەستیاردایە، بەتایبەت لەگەڵ ئەگەری دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجەی ساڵی داهاتوو، ئەم کورتهێنانە مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ توانای دەوڵەت لەپێدانی موچەو جێبەجێکردنی پابەندبونەکانی، ئەگەر قەیرانەکە بەخێرایی چارەسەرنەکرێت، حکومەت ناچاردەبێت ڕێوشوێنی توند بگرێتەبەر کە کاریگەری لەسەر هەژارانو بێکاران دەبێت پێش فەرمانبەران".
