به‌ڕاهێنانێكى ساده‌ له‌30 چركه‌دا كۆتایی به‌پرخه‌ پرخ بهێنه‌

تەندروستی

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3353 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پزیشکێکی پسپۆڕ لەبواری چارەسەری سروشتی‌و پزیشکیی کارگێڕیی، ڕاهێنانێکی سادەی ئاشکراکردوە کە لە30 چرکە تێپەڕناکات، دەتوانێت بەشێوەیەکی بەرچاو یارمەتیدەربێت لەکەمکردنەوەی پرخەکردن بۆ زۆرێک لەکەسەکان.


دکتۆر "بێدی میردامادی" ڕونیکردوه‌تەوە، پرخەکردن زۆرجار پەیوەندی بەلاوازی ماسولکەکانی زمانەوە، یان کێشی زیاد، یان هەندێک جیاوازیی شێوازی لەڕێڕەوی هەوای سەرەوەدا هەیە، کە دەبێتە هۆی لەرینەوەی شانەکان لەکاتی خەوداو دروستبونی دەنگی بێزارکەر.

ڕاهێنانەکە بریتییە لەدانانی سەری زمان لەسەر بەشی سەرەوەی دەم، پاشان بەرزکردنەوەو خێرا بەردانەوەی  بۆ دروستکردنی دەنگێکی وەک "تەقە تەق"، لەگەڵ دوبارەکردنەوەی ئەم جوڵەیە لەنێوان 15 بۆ 30جار ڕۆژانە.

بەوتەی پزیشکەکە، ئەم ڕاهێنانە یارمەتیدەرە لەبەهێزکردنی ماسولکەی زمان‌و ڕێگەگرتن لەوەی کە لەکاتی خەودا بەرەو دواوە بکەوێت، ئەمەش یارمەتی کەمکردنەوەی پرخەکردن‌و باشترکردنی کوالێتیی خەو دەدات.

ئەم ڕاهێنانە بڵاوبونەوەیەکی بەرفراوانی لەپلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا بەدەستهێناوە، چەندین بەکارهێنەر ئەزمون‌و پێشبینییەکانی خۆیان بۆ باشتربونی باری تەندروستیان دوای بەردەوامبون لەسەری بڵاوکردوەتەوە.

لەلایەکی ترەوە، دەزگای خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانیی لەبەریتانیا (NHS) ئاماژەی بەوەداوە، پرخەکردن کێشەیەکی باوو زۆربەی کاتیش بێزیانە، بەڵام هۆشداریدا لەپشتگوێخستنی ئەگەر لەگەڵ نیشانەکانی وەک وەستانی هەناسەدان لەکاتی خەودا، یان دەنگی خنکان، یان زۆر خەواڵویی لەدرێژایی ڕۆژدا بوو، جەختی لەسەر پێویستیی سەردانیکردنی پزیشک کردەوە لەکاتی دەرکەوتنی ئەم نیشانانەدا.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی