شارپرێس:
لێدوانە یەک
لەدوای یەکەکانی مارک ساڤایا، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، مشتومڕێکی زۆری
دروستکردوە سەبارەت بەداهاتوی دەسەڵاتی گروپە چەکدارییەکان لەوڵاتەکەدا و کاریگەری
ئەم هەڵوێستانە لەسەر دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
ساڤایا جەختی لەسەر پێویستی سنووردارکردنی چەک بە
دەستی دەوڵەت و لێپێچینەوە لە گروپە چەکدارەکان کردۆتەوە، لە کاتێکدا ژینگەی سیاسیی
و ئەمنیی عێراق، ئامادەیی ئەو هێزانەی لەناو پرۆسەی سیاسییدا زیاتر کردووە کە
خاوەن هێزی سەربازیین.
نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە واقیعێکی نوێوە سەرچاوە
دەگرن کە بەهۆی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 2025 هاتۆتە ئاراوە، کە تێیدا لیستە شیعەکان 187 کورسییان بەدەست هێناوە، لەناویاندا زیاتر لە 60 کورسی بۆ لایەنە چەکدارەکان، واشنتۆنیش بەردەوامە لە دووپاتکردنەوەی
پشتیوانی بۆ حکومەتێکی بەهێز و هێزێکی ئەمنیی یەکگرتوو، ئەمەش دوای هێرشەکانی ئەم
دواییە بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ.
لای
خۆیەوە، عیماد موسافیر، شرۆڤەکاری سیاسیی نزیک لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی
هەماهەنگیی پێی وایە ئەرکی ساڤایا تەنها سیاسی نییە و پەیوەندی بە دۆسیەی ئابووری
و وەبەرهێنانەکانی ئیدارەی ترەمپەوە هەیە.
موسافیر
ئاماژە بەوە دەکات کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پشتیوانییەکی ڕوونی بۆ "بەرەی
مقاوەمە و حەشدی شەعبی" لەناو ژینگەی شیعەدا دەرخستووە، و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە
کە ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ واقیعێکی نەشاردراوە دەکات کە درێژبوونەوەی جەماوەریەتی میلیشیاکانە
لەناو کۆمەڵگەی عێراقیدا، بۆیە پێشبینی دەکات لێدوانەکانی نێردەکە کاریگەرییەکی گەورەی
لەسەر پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت نەبێت.
لە بەرانبەردا،
سەیف سەعدی ، شرۆڤەکاری سیاسیی لێدوانەکانی ساڤایای بە "گوشاری ڕاستەوخۆی دۆناڵد
ترەمپ" وەسف دەکات، و ئاماژە بەوە دەکات کە پەرلەمانی نوێ لە ڕووی سەرکەوتنی
هێزە خاوەن باڵە چەکدارەکانەوە "زۆرترین"ـە، کە ئەمەش نیگەرانی واشنتۆنی
لێکەوتۆتەوە، بەتایبەتی دوای هێرشەکەی سەر کۆرمۆر.
سەعدی پێی وایە پەیامەکانی ساڤایا شێوازی
"هەڕەشە و گوڕەشە"یان گرتووەتەبەر پێش سەردانی چاوەڕوانکراوی بۆ عێراق،
کە پێشبینی دەکرێت کاردانەوەی نەرێنی هەبێت.
هەروەک ئەحمەد
یووسف، توێژەری سیاسی، پێی وایە لێدوانەکانی ساڤایا گوزارشت لە "بۆچوونی ئەمریکا
بۆ قۆناغی داهاتوو" دەکات، کە ئامانجی سەرەکیی بەهێزکردنی سەروەری دامەزراوەکان
و سنووردارکردنی چەکە بە دەستی دەوڵەت.
یووسف دەڵێت
ئەمریکا بەهێزکردنی سەقامگیری بە هەنگاوێکی ناوەندی دەزانێت بۆ ئەوەی عێراق ببێتە
ژینگەیەکی سەرنجڕاکێشی وەبەرهێنان و پێی وایە حکومەتی داهاتوو دەبێت حکومەتێکی بەهێز
بێت و توانای سەپاندنی سەروەری هەبێت "بەبێ سەپاندنی ئیرادەی دەرەکی".
لەلایەکی دیکەوە،
سەرمەد بەیاتی، شارەزای ئەمنی، کاریگەری ڕاستەقینەی لێدوانەکانی نێردەی ئەمریکا بە
کەم دەزانێت و بە "ڕاگەیاندن" ناویان دەبات نەک واقیع، بەتایبەتی کە لە ڕێگەی
پۆستی ڕۆژانەوە پێش گەیشتنی بڵاو دەکرێنەوە.
بەیاتی ئاماژە بە واقیعێکی ئاڵۆز دەکات کە تێیدا
نزیکەی 100 پەرلەمانتار لە پاشخانێکی چەکدارییەوە سەرکەوتوون، کە ئەمەش ئاستەنگێکی
گەورەیە بۆ ساڤایا. بەیاتی پێی وایە هەڵسەنگاندنی کاریگەری ساڤایا تەنها دوای دەستپێکردنی
کارەکانی لە عێراق دەکرێت، و پرسیاری ئەوەش دەکات ئایا کار و کردەوەکانی لەگەڵ لێدوانەکانیدا
یەک دەگرنەوە یان نا.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی