جەنگی غەززەو ئۆکرانیا فرۆشتنی چەکی لەساڵی 2024 گەیاندۆتە ئاستێکی پێوانەیی

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 70 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی پەیمانگای ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی نێودەوڵەتی (SIPRI)، گەورەترین سەد کۆمپانیای چەک لە جیهاندا لە ساڵی 2024دا توانیویانە فرۆشی پێوانەیی تۆمار بکەن و کۆی گشتی فرۆشەکانیان گەیشتووەتە 679 ملیار دۆلار.

 
ئەم بەرزبوونەوەیە بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی خواست بەهۆی شەڕەکانی غەززە و ئۆکرانیا. بەراورد بە ساڵی پێشتر، داهاتی ئەم کۆمپانیایانە بە ڕێژەی 5.9% زیادیکردووە، و بە بەراورد لەنێوان ساڵانی 2015 و 2024، ڕێژەی زیادبوونەکە گەیشتووەتە 26%.

لۆرێنزۆ سکاراتساتۆ، توێژەر لە SIPRI، ئاماژەی بەوەدا کە داهاتی چەک لە ئاستی جیهاندا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست کە پەیمانگاکە تۆماری کردبێت.
 ئەمریکا: 39 لە کۆمپانیا گەورەکان ئەمریکیین، و داهاتیان لە 2024دا گەیشتووەتە 334 ملیار دۆلار (نزیکەی نیوەی کۆی گشتی جیهان)، بە زیادبوونێکی 3.8% بەراورد بە 2023. بەڵام، کێشەی بودجە و گەیاندن کاریگەری نەرێنی لەسەر هەندێک پڕۆژەی سەرەکیی وەک فرۆکە جەنگییەکانی ئێف-35 دروستکردووە.
 ئاسیا و ئۆقیانووسیا: بەپێچەوانەی ناوچەکانی دیکە، خواست لەم ناوچانەدا بەرزنەبووەتەوە، و گەورەترین سەرچاوەی زیادبوونەکەش ئەورووپا بووە.

 ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: نۆ کۆمپانیای گەورە لەم ناوچەیەن، کە کۆی گشتی داهاتیان 31 ملیار دۆلارە. سێ کۆمپانیا ئیسرائیلییە گەورەکە پشکی شێریان بەرکەوتووە، کە داهاتیان گەیشتووەتە 16.2 ملیار دۆلار، بە زیادبوونێکی 16%. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ڕەخنەکانی شەڕی غەززە کاریگەرییەکی کەمیان لەسەر خواست بۆ چەکی ئیسرائیلی هەبووە.

 ئەوروپا: 26 کۆمپانیای ئەوروپی لە لیستەکەدان، کە کۆی داهاتیان گەیشتووەتە 151 ملیار دۆلار، بە زیادبوونێکی 13%. بەڵام، ئەم کۆمپانیایانە لە بەردەستکردنی کەرەستەی پێویست وەک تیتانیۆم کێشەیان بۆ دروستبووە، بەهۆی گۆڕینی سەرچاوەکانی دابینکردن دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە سەرەتای ساڵی 2022 و کۆتوبەندەکانی چین لەسەر ماددە کانزاییە دەگمەنەکان.

 ڕووسیا: دوو کۆمپانیای ڕووسی Rostec و United Shipbuilding Corporation لە لیستەکەدان، کە داهاتیان گەیشتووەتە 31.2 ملیار دۆلار، بە زیادبوونێکی 23%، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی خواستی ناوخۆیی، سەرەڕای سزاکانی ڕۆژئاوا.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە