ئەوروپییەکان لەبەهێزبونەوەی ئەڵمانیا لەڕوی سەربازییەوە نیگەرانن

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 667 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەپشتپەردەو کۆبونەوە داخراوەکانی برۆکسل، پرسیار لەسەر ئامانجی دوبارە پڕچەککردنەوەی ئەڵمانیا و پەلەکردنی بەرلین بۆ دەرکردنی یاسا بۆ بەهێزکردنی توانای سەربازیی داهاتوی ڕوو لە زیادبون دەکەن.

گۆڤاری "پۆلیتیکۆ" بەگێڕانەوە لەچەندین دیپلۆماتکاری ئەوروپی، ئاماژە بە دڵەراوکێیەکی گەورە دەکات لە ئەگەری سەرهەڵدانی باڵادەستییەکی سەربازیی ئەڵمانی، بەتایبەتی کە ئەڵمانیا گەورەترین هێزی ئابووریی کیشوەرەکەیە.

دڵەڕاوکێیەکی تر و لەوانەیە مەترسیدارتر، لەسەر زمانی بەرپرسێکی نەناسراوی پۆڵەندییەوە هات، کە ترسی خۆی لە بەکارهێنانی سوپای ئەڵمانیا لە داهاتوودا دژی وڵاتانی ئەوروپی دەربڕی، ئەمەش لە سۆنگەی ئەگەری گەیشتنی حزبی "ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا" (AfD)، کە پارتێکی ڕاستڕەوی توندڕەو و لایەنگری ڕووسیایە و داوای گێڕانەوەی هەندێک زەوی پۆڵەندی دەکات، دێت. ئەمەش یادەوەرییەکانی جەنگی جیهانیی دووەم و مێژووی باڵادەستیی پێشووی ئەڵمانیا زیندوو دەکاتەوە.

ئەڵمانیا بە ئابوورییە زەبەلاحەکەی (کە بە نزیکەیی 4.66 تریلیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت)، هەوڵدەدات توانای سەربازیی خۆی بەقەدەر کاریگەرییە ئابوورییەکەی بەهێز بکات. پێشبینی دەکرێت ئەڵمانیا تا ساڵی 2029، ساڵانە نزیکەی 153 ملیار یۆرۆ بۆ بەرگری خەرج بکات، کە گەورەترین پلانی فراوانکردنی سەربازییە لەوەتەی دوو ئەڵمانیاکە یەکیانگرتۆتەوە.

یەکێک لە هۆکارەکانی ترس و دڵەڕاوکێی ئەوروپیەکان، بریتییە لەوەی کە بەهێزبوونی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی ناتۆدا، ڕۆڵی فەڕەنسا لە پڕۆژە هاوبەشەکاندا، وەک پڕۆژەی فڕۆکەی جەنگیی نەوەی شەشەم (FCAS)، کەم دەکاتەوە. فەڕەنسا، کە ماوەیەکی زۆرە هێزی سەربازیی سەرەکیی ئەوروپایە، ئێستا ڕووبەڕووی کێشە دەبێتەوە چونکە توانای ئابووریی نییە هاوشانی خواستە سەربازییەکانی ئەڵمانیا بێت.

دۆسیەی سەربازیی ئەڵمانیا وەک یەکێک لە گەرمترین و مشتومڕاویترین دۆسیەکانی ئەوروپا دەمێنێتەوە، کە تێیدا مێژوو و خواستە ئابووری و سیاسییە نوێیەکان بەریەکتر دەکەون، لە کاتێکدا کیشوەرەکە هەوڵی هاوسەنگکردنی ئاسایش و بەرگری لەگەڵ پێویستی بە بەهێزکردنی سەروەریی سەربازیی خۆی دەدات.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی