یونیسکۆ هۆشدارییەکی بەپەلە دەداتە تورکیا

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 855 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێکخراوی یونسکۆ بۆ پەروەردە، زانست، و کەلتووری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە سەبارەت بە کارەکانی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی ئایا سۆفیا، کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 1500 ساڵ دەگەڕێتەوە.

 
یونسکۆ ئاگادارکردنەوەیەکی توندی بڵاوکردۆتەوە لەسەر مەترسییە گریمانکراوەکان بۆ سەلامەتیی ئەم شوێنە کەلتوورییە جیهانییە.

ئەم ئاگادارکردنەوەیە دوای پشکنینێکی مەیدانیی دێت کە لە حوزەیرانی 2024 لە ئیستەنبوڵ ئەنجامدراوە، و یەکەم ڕاپۆرتی فەرمییە لەوەتەی ئایا سۆفیا لە ساڵی 2020 کرایەوە بە مزگەوت. ڕاپۆرتەکە بە "هۆشدارییەکی بەپەلە" دادەنرێت و ڕەخنە لە پلانی کارگێڕیی ئێستا دەگرێت.

گرنگترین بەشی ڕەخنەکان سەبارەت بە داپۆشینی تەواوی زەوییەکە بە فەرشە، کە پێی وایە مەترسیی شێ و تێکچوون لەسەر بەردە مەڕمەڕە بێزەنتییە کۆنەکان دروست دەکات، هەروەک داپۆشینی (موزاییک)ە بەنرخەکان کە بەشێک بوون لەوەی شوێنەکە بخرێتە لیستی کەلەپووری جیهانی، دەشارێتەوە.

یونسکۆ داوا دەکات بەپەلە پێداچوونەوە بە پلانی بەڕێوەبردنی گەشتیاران بکرێت و لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی پلەی گەرمی و شێی ناوەوەی بیناکە ئەنجام بدرێت، بۆ پاراستنی ئەم میراتە هاوبەشەی مرۆڤایەتی، لەکاتێکدا شارەزایانی کەلەپوور جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا بە جددی ئاگادارکردنەوەکانی یوونێسکۆیان بەهەند وەرنەگرتووە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی