شارپرێس:
ڕۆژنامەیەكی ئێران ئاشكرایكرد، لەگەڵ ڕوسیا گرێبەستێكی نهێنیان واژۆ كردوە كەبەپێی گرێبەستەكە فڕۆكەی جەنگی پێشكەوتوو بۆ ئێران دروست دەكات.
ڕۆژنامەی ئیتڵاعات لەڕاپۆرتێکی وردا بڵاویکردەوە كە، وڵاتەكەی لەگەڵ ڕوسیا گرێبەستێکی نهێنی واژۆ كردوەو تا لەڕێگەیەوە فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتوی جۆری سۆخۆی Su-35 بۆ ئێران دروست بكات.
ئەوەشی ڕونكردۆتەوە كەئەم گرێبەستە دەتوانێت تا ساڵی 2027 هێزی ئاسمانیی ئێران بەنزیکەی 50 فڕۆکەی پێشکەوتوو پڕچەک بکات".
ڕۆژنامەكە دەشڵێت، ئەم فڕۆکانە، بەفڕۆکەی فرەئەرکی باڵادەستی ئاسمانی دادەنرێن کە تواناکانی هێزی ئاسمانی ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکەنەوە. بەڵگەنامەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئێستا 16 فڕۆکەی جەنگیی سۆخۆی Su-35 بۆ ئێران لە قۆناغی بەرهەمهێناندان.
ئەمە لەكاتێكدایە، ساڵی 2021، ڕوسیا بەڵێنی ناردنی فڕۆکەی سۆخۆی Su-35ـی بەئێران دابوو، بەڵام بەهۆی جەنگی ئۆکرانیایەوە تائێستا جێبەجێنەكراوە.