شارپرێس:
دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم ئاشكرایكرد، دابەشکردنی پارەی کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان دەکەوێتە ساڵی نوێوەو بڕەکەی لەنێوان 150 بۆ 400 هەزار دینارە.
نەبەرد عومەر، بەڕێوەبەری دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بۆ میدیاكانی ئاشكراكرد، لەکۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە پێیان ڕاگەیاندون، دابەشکردنی پارەی کارمەندانی سەر سندوقەکانی دەنگدان دەکەوێتە ساڵی نوێوە.
وتیشی، بڕی پارەکە بەپێێ ئەو ئەرکەی کارمەندەکە بینیویەتی شەش جۆرەو ئەگەر فەرمانبەری حکومی یان خوێندکار و دەرچوی زانکۆ بێت جیاوازی هەیەو دیاریکردنی بڕی پارەکە بەم شێوازەیە:
- بڕی پارەی رێکخەری ناوەندی دەنگدان بۆ فەرمانبەری حکومی 300 هەزار دینارە و رێکخەری ناوەندی دەنگدان بۆ خوێندکار، یان دەرچووی زانکۆ 400 هەزار دینارە.
- بڕی پارەی بەڕێوەبەری بنکەی دەنگدان بۆ فەرمانبەری حکومی 200 هەزار دینارە و بۆ دەرچووی زانکۆ یان خوێندکار 300 هەزار دینارە.
- بڕی پارەی کارمەندێکی ناوەند، یان بنکەی دەنگدان بۆ فەرمانبەری حکومی 150 هەزار دینارە و بۆ خوێندکار یان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکان 250 هەزار دینارە.