سەرۆکی کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی یۆنانی لەسوریا پەیامێکی توند ئاراستەی ئەحمەد شەرع دەکات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4630 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

قەشە سپیردۆن تەنوس سەرۆکی کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی یۆنانی لەسوریا، بەشێوەیەکی توندو ئاشکرا، پەیامێکی ڤیدیۆیی ئاڕاستەی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریاو گروپی دەستەی تەحریری شام کردو ڕەخنەی توندی لێگرتون‌و بەئەنجامدانی پێشێلکاریی بەرامبەر بەخەڵکی سڤیل لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا تۆمەتباریکردون.


پەیامەکە وەڵامێک بوو بۆ لێدوانێکی شەرع کە دوای گوێرایەڵی گەلی سوریای کردبوو، قەشە تەنوس جەختیکردوه‌تەوە، شەرع شایستەی گوێڕایەڵی نییە، بەڵکو ئەو خۆی لەڕێگه‌ی سات‌و سەودایەکەوە هاتوەو داوای لێکرد، دان بەبەرپرسیارێتی پێشێلکارییەکاندا بنێت‌و داوای لێبوردن لەگەلی سوریا بکات.

ئاماژەی بەوەکردوە، بارودۆخی ناوچەکە "هەڕەشەیەکە بۆسەر ژیانی هاوڵاتیان‌و پێشێلکردنی بەها مرۆییەکانە"و دەستەی تەحریری شامی بەدزینی شۆڕش‌و هەوڵدان بۆ "سەپاندنی دەسەڵاتێکی نایاسایی" تۆمەتبارکرد، هەروەک بەتوندی دوپاتیکردەوە، "سوریا موڵکی هیچ لایەنێکی چەکدار نییە".

لەکۆتاییدا، قەشە تەنوس تەحەدای ئەحمەد شەرع‌و گروپەکەی کردو جەختیکردەوە، شۆڕش بەردەوامدەبێت "تا ڕوخانی ئەم گروپە بکوژە". 

ئەم پەیامە لەکاتێکدا دێت کە ناڕەزایەتییەکی زۆر لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی کاتیی سوریا هەیە لەسەر ئاستی جێبەجێکردن‌و توندوتیژییان بەرامبەر بەخەڵکی سڤیل.