تۆماس باراک پێشنیازی بەشداریکردنی تورکیا لەهێزەکەی غەززە دەکات

جیهان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 464 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە، تۆماس باراک کە نێردەی تایبەتی واشنتۆنە لە سوریا، پێشنیاری بەشداریکردنی تورکیای لەهێزی نێودەوڵەتیی غەززە کرد.

تۆماس باراک دەڵێت، تورکیا گەورەترین و کاریگەرترین هێزی زەمینی لە ناوچەکەدایە، و هێزێک کە پەیوەندی لەگەڵ حەماسدا هەیە، دەتوانێت بەشداری خۆی لە هێزێکدا هەبێت کە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان بێت.

ڕۆژی 18ی نۆڤەمبەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە زۆرینەی دەنگ بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە لەلایەن ئەمریکاوە داڕێژرابوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززەو دامەزراندنی هێزێکی کاتی نێودەوڵەتیی تا کۆتایی ساڵی 2027.

بەگوێرەی ئەو بڕیارنامەیە، غەززە لەلایەن حکومەتێکی تەکنۆکراتی فەلەستینی کاتیەوە بەڕێوەدەبرێت، کە لەژێر چاودێری "ئەنجومەنی ئاشتی"دا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەپێی پلانەکەی کاردەکات.

ئەوە لەکاتێکدایە ئیسرائیل دەڵێت، ئاساییە هێزی نێودەوڵەتیی بۆ غەززە پێکبێت، بەڵام هێزی تورکی و قەتەری ڕێپێنەدراوە.

میدیای ئیسرائیل لەزاری بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە ئاشکرایکردووە تۆماس باراک دژی ئیسرائیلەو وەک باڵیۆزی تورکیا مامەڵەدەکات.
ئ.ح