شارپرێس:
تیمی گەڕانی زانایانی کۆریای باشوور لە نوێترین لێکۆڵینەوەیاندا
ئاماژە بە ئەگەرێکی ترسناک بۆ کۆتایی گەردوون دەکەن کە بە "هەرەسی گەورە" (Big Crunch) ناسراوە. ئەم
توێژینەوەیە کە لەسەر بنەمای زانیارییەکانی ئامێری "DESI" و دووبارە پشکنینەوەی
داتاکانی "سووپەرنۆڤا" ئەنجام دراوە، دەری دەخات کە وزەی تاریک، ئەو هێزەی
بەرپرسە لە فراوانبوونی گەردوون، جێگیر نییە و بەرەو لاوازبوون دەچێت.
ئەگەر ئەم وزەیە
کەم بێتەوە، هێزی کێشکردن (Gravity) دەبێتەوە بە هێزی
باڵا و لەبری ئەوەی گەلەستێرەکان لە یەکتر دوور بکەونەوە، بەرەو ناوەندێکی هاوبەش
پەلکێشیان دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی
گەردوون لە پرۆسەیەکی پێچەوانەی تەقینەوە گەورەکەدا، دەست بە گرژبوونەوە بکات.
بەپێی گوتەی پرۆفیسۆر یونگ ووک لی، ئەم گۆڕانکارییە لە خێرایی
فراوانبوونی گەردووندا دەبێتە هۆی گۆڕانی تەواوی چارەنووسی گەردوون. لە کاتی ڕوودانی
ئەم هەرەسەدا، پلەی گەرمی تیشکی پاشخانی گەردوون بە شێوەیەکی خێرا بەرز دەبێتەوە و
هەموو ئەستێرە و هەسارەکان لەناو دەریایەکی ئاگریندا یەک دەگرنەوە.
هەرچەندە هەندێک لە زانایانی وەک پرۆفیسۆر جۆرج ئیفستاثیۆ
گومانیان لەم دەرەنجامانە هەیە و بە لاوازی دەبینن، بەڵام داتاکانی "DESI" باس لەوە دەکەن
کە فیزیا پێویستی بە تێڕوانینێکی نوێ هەیە.
لە کۆتاییدا، ئەم
هەرەسە گەورەیە هەموو ماددە و کات و شوێن لەناو دەبات و گەردوون دەگەڕێنێتەوە بۆ
خاڵە سەرەتاییەکەی کە وەک تۆپێکی ئاگرینی یەکجار گەرم و بچووک بووە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی