سێ کەسایەتی سیاسی لەدژی بەرپرسێکی پارتی هاتنەدەنگ

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3788 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەریەک لە مەلا فەرمان محەمەد، لەتیف فاتیح فەرەج و ئەحمەد عەزیز ڕونکردنەوەیەکیان لەدژی بەرپرسێکی پارتی بڵاوکردوەتەوەو دەڵێن" دڵنیاین بەهۆی چونە تەمەنەوە بێت یان گوێ لەمشتی بێت، ئەم کادرە نەک کەس و روداوەکان تێکەڵ دەکات و لنگەوقوچیان دەکاتەوە، بەڵکو بۆ هەندێ مەرامی تایبەت لە خەیاڵدا داتاشین دەکات ".


ئەو سێ نوسەر و کەسایەتییە سیاسییە لەڕونکردنەوەیەکدا ئاماژەیان بەوەکردوە، لەم رۆژانەدا لەگوڵەخانە کۆگردێکی سیاسی رێکخراوە، چەند سیاسەیەکی ئەم زەمانە قسەیان تێداکردوە، یەکێک لەقسەکەرەکان کادرێکی پارتی بوەو روبەڕوی ئەم پرسیارەی شاعیر و رۆژنامەنوس لەتیف فاتح فەرەج بۆتەوە:" پارتی و یەکێتی باسی یەکڕیزی و تەبایی دەکەن کەچی لەکەرکوک لەئەنجومەنی پارێزگا پێکەوە کارناکەن، تا ئەو رادەیەی هاوپەیمانی لەگەڵ عەرەبەکان دەکەن".

مەلا فەرمان محەمەد، لەتیف فاتیح فەرەج و ئەحمەد عەزیز باسیان لەوەکردوە،" ئەو کادرەی پارتی لەجیاتی ئەوەی وەڵامێکی کرداریانەی بداتەوە، وەک مەلە نەزانێک خۆی لە گۆمێکی مەندی زۆر قوڵ دەدات‌و دەڵێت لە 2014 ئێوە لە بزوتنەوەی گۆڕان هاتنە بارەگای پارتی لە کەرکوک و داواتان لێمان کرد دژ بەیەکێتی لێک نزیکببینەوە، پاشان کاک لەتیف پێی دەڵێ ، من قەت لەگەڵ تۆ باسی وامان نەکردوە، ئەو کادرەش دەڵێ دیارە من باش بیرم نیە هەر کاک ئەحمد عەزیز و مەلا فەرمان بونە ".

 ئەو سێ نوسەرە دەڵێن،" بە بیستنەوەی ئەم هەواڵە توشی سەرسوڕمان بوین، چونکە قسەیەکە لە نەبون و نە گوتنەوە دروستکراوە، ئێمە هەرسێکمان قسەمان لەسەر بابەتەکە کرد ".

لەوەڵامی بەرپرسەکەی پارتی، ئەو سێ نوسەر و کەسایەتییە سیاسییە رایدەگەیەنن،" ئەم قسەیە دورە لە راستیەوە و نە گوتراوە و هیچ بنەمایەکی نیە،  لە داهاتوشدا نایڵێین چونکە لە خزمەتی کەرکوکدا نیە و دوریشە لە رەوشتی سیاسی ئێمە، لە لایەکی دیەوە لەم قسەیە دەردەکەوێ ئەم کادرە چەند ساوایە لە تێگەیشتن و پەیڕەوکردنی  دیسپلینە سەرەتاییەکان و ئەلف و بێی حیزبی ".

 ئەوەشیان خستەڕوو،" بۆ نێوانی پارتی و یەکێتیش ،  کام تاکی کورد هەیە نەزانێ!،  دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا، پارتی دوو یەکێتی پێنج کورسی بەدەستهێنا، لە جیاتی ئەوەی پێکەوە کار بکەن چون لەگەڵ نەیارەکانی کورد بەرەیان دروستکرد ".

لەڕونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتوە،" ئێمە دوای ئەوەی سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان لە پرەنسیپەکانی خۆی لایدا و وەک ئەوەی ئێمە ویستمان بۆ کەرکوک بکرێت رامان نەخویندرایەوە، هەڵوێستمان وەرگرت و کورسی سەرکردایەتیمان جێهێشت".

مەلا فەرمان محەمەد، لەتیف فاتیح فەرەج و ئەحمەد عەزیز جەختدەکەنەوە کە لە 2025 دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاش هەوڵی زۆریاندا لەگەڵ هەردو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەن، سەردانیان کردن، لە کۆتاییدا دەرکەوت کە ئامادەیی پێکەوە کارکردنیان نیە، لەبەر ئەوەی لە هەولێر و سلێمانیەوە ئاراستە دەکرێن.

پێمانخۆشە و کاتێتی  بڵێین " کاک محمد خورشیدی کەرکوکی، لەسەر شارەکەت خاوەن رای خۆت بە و هەڵوێست وەربگرە. با هەردو ئەندامەکەتان لە گەڵ فراکسیۆنی یەکێتی پێکەوە کار بکەن". ئێمەش پشتیوانی هەمو نیازپاکیەکین بۆ یەکگرتنی ئەو لایەنانەی خەمیان پرسی کەرکوکە.

لەبارەی تۆمارکردنی سکاڵا لەدژی ئەو کادرەی پارتی، ئاماژە بەوەش دەکەم، " ئەگەر پێمان وابوایە لە هەولێر و سلێمانی دادگا لە ژێر کاریگەری حیزبدا نیە، بێگومان سکاڵامان تۆمار دەکرد، بۆیە دەڵێین بابە کراوەیی بمێنی تا بونی دادگایەکی سەربەخۆ و ئازاد یان پاشگەزبونەوە و داوای لێبوردنکردن ".

لەکۆتایی پەیامەکەیاندا دەڵێن،" بە کۆڕی گوڵەخانە و خاوەنە بەڕیزەکەی دەڵێین، دیوەخان ئاوەدان، بەڵام هەق نیە دەرگا بۆ ئەوانە بکاتەوە کە بە ناڕەوا و لە وێوە بوختان و تۆمەت هەڵدەبەستن بۆ کەسانی خاوەن هەڵوێست و دژی گەندەڵی و دەسەڵاتە  ( خاک و سەرە) خۆرەکەی هەرێمی کوردستان هەڵوێستیان وەرگرتوە. بە رای گشتی  کوردستان وکەرکوکیش دەڵێین ئەمەیە راستیەکان ".