قوربانیی یان خەباتکار؟

26/03/2024

د. ساماڵ مانیی

ئەوانەی لە ١٤ ساڵی ڕابووردودا لە توانیاندا هەبوو بەڵام هاوکارم نەبوون و یاریدەدەرم نەبوون لە وەرگرتنی سادەترین و یاساییترین مافەکانمدا لە کوردستان ژمارەیان یەکجار زۆرە و ڕێژەیەکی یەکجار زۆرن لە دەزگا و سەنتەر و ڕێکخراوە و حیزب و دامەزراوەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی، دەکرێت ناویان لە سەدان کتێبدا بنووسرێ و هێشتا تەواو نەبن.

بەدەر لەوەی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە، هاوڕێانم لە کۆمەڵگە نێودەوڵەتیەکان کە بە ئاگان لە ژیانم ، لە هەندێک تێڕوانیاندا وەکو کورد بیردەکەنەوە، بۆ نموونە لە دیتنی تاکی بیرکەرەوە تەنها وەک قوربانیی. ئەمەیان دەهێنمە سەر باسکردن لێرەدا و دەمەوێت تێڕوانینەکانیان تێکەڵ بە تێڕوانینی کورد بکەم.

پێشتریش لەگەڵ هەندێک لە نووسەرانی نێودەوڵەتیدا ئەم باسە هاتۆتە پێش وکاردانەوەم بەهەمان شێوە بووە، من لە مێژە ئەوە دەزانم و هەرئەوەشە بۆتە هۆی بەردەوامبوونم لەبری 'دەست لێشتن' - وازهێنانم.

خۆم هەڵمبژاردوە کە هەموو ساڵێک مانگی (٣)  مانگی بەهار بکەم بە مانگی یادی لەدایکبوونم و ئەمساڵیش هەروا بوو. ڕۆژێکمان دیاریکرد و لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێی نزیکم -غەیرە کورد- بەریتانی بەیەکەوە کۆبووینەوە، چونکە دەمناسن کۆمەڵێ لە یادوەریی ژیانم باسکران لە لایەن ئەوانەوە و بە بێدەنگی گوێم لێگرتبوون.

یەکێکیان ساڵانی خەباتکردنم بوو بۆ کورد و سیاسەت و پێشمەرگایەتی- خۆبەکوشتدان لە پێناویی هەندێک پرنسیپی باڵا. دڵشادی کردم باسکردنەکەی.

یەکێکیتریان ئەوەبوو کە وتیان: دوای ئەو هەموو قوربانیدان و خەباتە و بەخشینی ساڵانی زۆری ژیانت بۆ کورد، هەر وازت نەهێناوە لە خەباتکردن!.لەمەیاندا وتم: من لە کۆتایی ١٩٩٣ وە وازم لە سیاسەت هێناوە، ساڵەکانیتری ژیانم  بەردەوامیی ئیشکردنمە لە فەلسەفەدا و لە پرسی یەکسانی ژن، ئەوانەی بوون و دەبن بە پرۆفیسۆر لە کوردستان هێندەیان نەکردوە یان هەرهێندەی منیان کردوە. مایەی سەربەرزیمە و پێشکەشی کورد بێت و پێی خۆشحاڵم.

وتیان: ئەوانەیان واز لێبێنە، جگە لەوانە. مەگەر نازانیت کە هێشتا پێشمەرگەیت و ئەم ١٤ ساڵەی رابووردوو وەک تەنها ژنێک خەبات دەکەیت لە ناو کورد دا لە پێناویی بەدەستهێنانی سادەترین و یاسایترین مافی خۆت لە کورد و کوردستان؛ ئەو مافانەی کە یاسای عێراق و هەرێم هەیەتی و هەیبووە و خۆیان هەموویان هەیانە بە ژن و مناڵ و کەسوکار و خزم و هاوڕێ و ناسیاویانەوە لە دوای ڕاپەڕینەوە و بۆ گەڕانەوە و نیشتەجێبوونەوەی پێشمەرگە دێرینەکان؟

بەبێئەوەی بۆ هەناسەیەک ئەوەم لە بیرچووبێت، دیتنی ڕاستییەکە لە یادی لە دایکبوونمدا و هێنانەوەی بە بەرچاومدا جارێکیتر، کەمێک شڵەژاندمی ، بەڵام خۆ ڕاستیان وت.  بەپێکەنینێکی تاڵەوە وتم: وایە، بەڵێ وایە، بەردەوامم لە خەباتکردنم دژ بە نادادپەروەی لەناو کورد دا. پاش ئەو هەموو ساڵانەی ژیانی خۆم و مناڵەکانم و خێزانەکەم و کەسوکارم خستە ئەو پەڕی خەتەریی لەناوچوونیان و پێش ڕاپەڕین، خەباتم دەکرد دژ بە نادادپەروەریی بەرامبەر بە کورد بە هەموو جۆرەکانیەوە.

دوای ڕاپەڕینیش وابوو، ئەو هەموو ساڵانەیتری ژیانم بەخشی دوای ڕاپەرینیش، ئێستا دوای ئازادبوونی کورد (١٤) ساڵە خەبات ئەکەم بۆ بەدەستهێنانی سادەترین و یاسایترین مافی خۆم لە کورد  کە مافی نیشتەجێبوونەوەیە لە کوردستان و ١٤ ساڵە ئەمەوێت نیشتەجێببمەوە و ژیانم بەکاربهێنم بۆ کردنی پرۆژە مەعریفیەکانم و حەسانەوەیەک بەر لە کۆتایی ژیانم لەو کوردستانەی هەموو ژیانم بۆی جەنگام.

بەڵێ وایە، ئێوە ڕاستدەکەن لە دەرخستنی ئەو نادادپەروەرییە،  ڕاستدەکەن کە دەڵێن ئەمە نموونەیەکی زیندووە لە نادادپەروەریی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و مەعریفی لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا بەرامبەر بە ژن؛ ئەوە وایە و هاوڕام بێگومان، بەڵام لەهەمانکاتدا، هەر ئەمەشە کە نموونەیەکی زیندووی توانای ژنێکە بە تاک وتەنها بەرامبەر بە نادادپەروەریی و نایەکسانی مافی مرۆڤ و مافی ژن لە کوردستاندا، بەجۆرێکیتر بیڵێم ئەمە بەڵگەی زیندوە لە دەستبەسەرنەبوونی تاکی بیرکەرەوە و نوقمنەبوونی لەژێر دەسەڵاتی زۆرداریی کۆمەڵگەکەیدا. لەبەر ئەوەیە کە جگە لە نادادپەروەریەکە، دەبێت ئەوەش بیبینن ، ئەمە تەنها نموونەی نادادپەروەرییکردنی کورد نیە بەرامبەر بە ژنێک، بەڵکوو ئەمە لەهەمانکاتدا نموونەی سەرکەوتنی تاکێکی کوردە- ژنێکی کوردە، سەرکەوتنی ژنێکی کوردە بەرامبەر نادادپەروەریی. سەرکەوتنە توانای بەردەوامبوونم و خۆ ڕاگریم و سەرسەختیی هەوڵەکانم بەرامبەر بە نادادپەروەریی وەک کورد و وەکو ژنێکی کورد؛ ئەمەشیان هەر کوردە کە دەیکات و موڵکی نەتەوەیی کوردە.

ژیان بریتیە لە ژیانکردن لە پێناوی کۆمەڵێک تێگەیشتن و هەوڵدان بۆ باشترکردنی.

ئەوان بێدەنگبوون‌و منیش لەدڵی خۆمدا وتم:
What an ironic history of a real peshmerga women in Kurdistan ; I said.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی