بە سووركردنی قەڵای هەولێر بە ئاڵای توركیا

23/04/2024

سەیران بەرزنجی


لە ڕیو ڕەسمی خۆ ئامادەكردن بۆ پێشوازی كردن لە سەرۆكی كۆماری توركیا لە هەرێمی كوردستانی سەر بە دەوڵەتی عێراق، لە كاتێکدا كە بە فەرمی بۆ سەردانی حكوومەتی عیراق هاتوە بۆ چەندەها ڕێكەوتنی سەربازی و ئاسایش و ئابوری و بە تایبەتی بۆ پاراستنی سنورەكانی و پرسی پەكەكە وە چەختكردنەوە لە مامەڵە و ناساندنی وەك گروپێكی تیرۆرستی لە نێوان هەردوو دەوڵەتدا وە دەستثێكردنی هێرشە سەربازیەكانی بە هاوكاری عێراق و هەرێم.

ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە كە حكوومەتی عێراق بە شێوازی هەرێمی كوردستان ئەوەندە خۆیان سەغلەت  نەكردوە و ە ئەوەندە بە حەماس و شاگەشگە نەبوون؟ كە هەموو قەڵای هەولێر بە ئاڵای ووڵاتەكەی سور بكرێت؟ بەبێ گوێدان بە هەستی كوردبوون و  ئەو هەموو تاوانانەی ئەم  سەرۆكە دیكتاتۆر و شكتخواردوە وە دوژمن بە كوردە لە هەرشووێنێكی دنیادا بێت، بە تایبەتی بەرامبەر بە كوردانی  باكورو باشور وڕۆژئاوا كردوویەتی؟  ئایا  ئەم جۆرە پێشوازی كردنە خۆ پچوكردنەوە و خۆبە كەم زانینی دەسەڵاتی كوردی نیە؟ نایسەلمێنێت كە هەرێم لەژێر ڕكێفی توركیادایە ، وە پێمان دەڵێت كە بە درێژایی مێژوو نەهامەتی سیاسیەكانی كوردە چەندە بەخشندە و بەئاسانی لە بیركەری ڕابردوون بەرامبەر بە دوژمنەكانیان، وە چەندە ڕق ئەستوری لە بیر نەكراون بەرامبەر بە یەكتری ؟

پرۆتۆكۆل وە پێشوازی كردن لە سەرۆكی ووڵاتەكانی جیهاندا ڕێ و ڕەسمی تایبەتی خۆی هەیە وە لەسەر بنەمای (مبدأ المعاملة بالمثل) واتە مامەڵەی هاوشێوە بەڕێوە دەچێت، واتە چۆن ڕێز و شكۆی ووڵاتەكەت دەپارێزرێت مامەڵەی دروستت لەگەڵدا دەكات. دەبێت جیاوازی گەورە بكرێت لەگەڵ ووڵاتانی دوژمن و داگیركەر و ووڵاتانی دۆست و ئاشتیخواز لە ئەتەكیەتی مامەڵە و پەیوەندییە سیاسی و دبلۆماسیەكاندا؟

بەڵام لە بارودۆخی ووڵاتی توركیا و دەسەڵاتی ئەردۆگاندا وە هەڵوێستیان  بە تایبەتی بە رامبەر بە هەرێمی كوردستان هەر لە پێشێلكاری سەروەری عێراق لە هێڕشی هەفتانە یان ڕۆژانەی بە درۆن و تیرۆری جەستەیی و كاولكاری  ژینگەیی و تا دەگاتە سزادانی هەرێم و جیاكاری لە نێوان شارەكاندا و داخستنی هێڵەكانی بۆ فرۆكەخانەی سلێمانی و تەقینەوە و تیرۆر كردنی هاووڵاتیان بە بیانووی پەیوەندیان بەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان وە تەنانەت سوكایەتی كردن و بەكارهێنانی ووشەی نەشیاو بە سەرۆكی هەرێم لە كاتی ڕیفڕاندۆم، ئەمانە و دەیان و سەدان هەڵووێست و مامەڵەی خراپ بەرامبەر بە هەرێم دەبوایە ڕەچاوبكرایە بە قەبارەی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بكرایە.هەرچەندە ئەم سەردانی كردنە بەدیوێكی تردا خوێندنەوەی بۆ بكرێت كە دەكرێت بەشێك بێت لە نەخۆشی و شكستە دەرونیەی خودی ئەردۆگان بۆ شاردنەوەی دۆڕاندنی خۆی و حیزبەكەی لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی ووڵاتەكەی و گەڕانەوەی بەشێك لە هەیبەت و متمانەی دۆڕاو و لێسەنراوەی لەلایەن دەنگدەرانی كوردو توركەوە كە بەهێزترین وەڵام و گەورەترین تۆڵەیان لێکردەوە بەرامبەر بە نەهامەتی ژیانی ڕۆژانە و داڕمانی ئابوری ووڵاتەكەیان .

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی