لێدانی کۆرمۆر چیمان پێدەڵێت؟

28/04/2024

هێمن ئەحمەد

یەکەم: لێدانی کێڵگەی گازیی کۆرمۆر بە درۆن، ڕاستەوخۆ لەدوای سەردانەکەی ئەردۆگان بو بۆ بەغداد و هەولێر.

دووەم: پێدەچێت گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ تورکیا ئەنجام درابێت، سەبارەت بە هەناردەکردن و تێپەڕاندنی گازی هەرێم لە داهاتودا.

سێیەم: گەر پێشان لێدان و دروستکردنی پشێوی بۆ کۆرمۆر لەلایەن چەن گروپ و لایەنێکی ناوخۆیی بوبێت بەمەبەستی سەندنی پشک وسەرانە، ئەمجارەیان پەیامەکە بەهێزتر و گەورەترە و ناوخۆیی نیە.

چوارەم: وڵاتانی خاوەن گازی هەناردە مەترسیان هەیە لەزیان گەیاندن بە بەرژەوەندیان لەبڕی نێردرا و نرخەکەشی لەهەمان کاتدا.

پێنجەم: ڕوسیا هەمیشە دەیەوێت بەرژەوەندیەکانی بپارێزێت وەک وڵاتێکی زلهێز و خاوەن بڕێکی زۆری گازی نێردراو بۆ زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا، کە هەندێک لەوڵاتانی وەک؛ سلۆڤاکیا و ئەڵمانیا بەڕێژی لەسەدا سەد و لەسەدا شەست و ئیتالیا بەڕێژەی سەدا چل زیاتر و فەرانسا سەدا پانزە و....هتد پشت بەگازی ڕوسیا  دەبەستن. دەکرێت وڵاتی چاینەش بخرێتە هاوکێشەکەوە کە ئەویش دەیەوێت پارێزگاری لە بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی بکات لەناوچەکە وەک وڵاتێکی خاوەن گازی زۆر و هەناردەکەر.

شەشەم: برەودان و فراوانکردنی کێڵگەکانی گازی کۆرمۆر زیانلێدانی بەرژوەندی وڵاتی دراوسێی خاوەن گازە چونکە تائێستا عێراق بەکاربەری بڕێکی زۆری گازی هاوردەیە، لەکاتێکدا عێراق بڕێکی زۆری گازەکەی خۆی دەسوتێت و بەفیڕۆ دەچێت. بۆیە ناردن و گواستنەوەی گازی هەرێم بۆ ناوەڕاست و خواروی عێراق، بە شوێنگرەوە و مەترسی بۆ وڵاتی دراوسێ دادەنرێت.

حەوتەم: چاوی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و پیلان و  بیرکردنەوە لە مامەڵەکردن بە فراوانکردن و هەناردەکردنی گازی هەرێم لەلایەن وڵاتانی بەرژەوەند خوازەوە لەئێستا و داهاتودا، وایکردوە هەمیشە بابەتی هەناردەکردنی گازی هەرێم توشی ئاستەنگ و کێشەمەکێشی وڵاتان و بازرگانە نێودەوڵەتیەکانە ببێتەوە.

هەشتەم: پرۆسەی گەڕان و بەرهەم هێنانی گازی هەرێم و هەنادەکردنی، ڕایەڵەیەکی بەرژەوەندی بازرگانی لەنێوان وڵاتاندا دروستکردوە بەوەی کە کێڵگەکان لەسەر خاکی کوردستانە، عێراق خۆی بەخاوەنی دەزانێت، پسپۆڕ و شارەزا و کۆمپانیای بەرهەمهێن سەر بەوڵاتانی کەنداوی عەرەبن، وڵاتانی دراوسێ بەنیازی بەدەستهێنانی قازانج و ئەوروپیەکانیش بەنیازی پێگەیشتن و بەدەستهێنانی گازی شوێنگرەوەن.هەندێک جار ئەم بەرژەوەندیانە هەڵچون و داچون بە خۆوە دەبینن و ئاستەنگ و نائارامی ئابوری و پێکدادنی سەربازیشی لێدەکەوێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی