سەردانەکەی ئۆردوغان بۆ هەرێم.. ئاسایش بەرامبەر بەچی؟

29/04/2024

عومەر عەلی محەمەد

  پاش ۱۱ ساڵ ئۆردوغان کە ئەو کاتە سەرۆک وەزیرانی تورکیا بوو ،بە دووەم سەردان گەیشتە عێراق و پاشان سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆ بۆوە. ئەگەر سەرنج لە ڕێککەوتننامەکان بکەین کە زیاتر لە بیست و شەش ڕێککەوتننامە بوو لەگەڵ عێراقدا ،بەڵام لە کوردستان بە فەرمی هیچ ڕێککەوتننامەیەکی مۆر نە کردووە. ئەمەش جێگەی پرسیارە و دەبێت توێژینەوەی زیاتری لە بارەوە بکرێت. لە پاش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بەرامبەر بەهێزە حکوومڕانەکانی هەرێمی کوردستان، دۆخێکی ناجێگیر دروست بووە و ئاماژەکان هەموو بە ئاراستەی ئەوەن کە لە عێراقدا سەنتەر بەهێز دەبێتەوە ،بۆ ئەم مەبەستەش نە ئەمریکیەکان و نە ئێرانیەکان و نە تورکیاش هەڵوێستێکی نەرێنی نەبووە .

ئەم دەوخە نوێیە کە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، قۆناغی دووەمی پاش ڕیفراندۆمە و دەرئەنجامی ئەو پرۆسەیەیە، چونکە لە بەرئەنجامی ڕیفراندۆمدا عێراق و تورکیا و ئێران هەڵوێستی نەرێنیان نواند ، بە گڵۆپی سەوزی ئەمریکی و ڕۆژئاواییەکانیش سوپای عێراق و حەشدی شەعبی هێرشیان بۆ کوردستان کردووە و زیاتر لە ٥٠٪ ی خاکی کوردستانیان داگیر کردو دەستیان گرتەوە بە سەر کەکوک ،کەلە ڕووی وزەوە پێگەیەکی ستراتیجیە. لە دوای ئەو دۆخەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکێرڤێک ڕووی لە دابەزین کرد و قەیران لە دوای قەیران ڕووی تێکرد، گەندەڵی و بێ باکی و بێ پلانی یەکێتی و پارتیش بووە هۆی ئەوەی کاریگەری گەورە لەسەر دۆخی ئابووری دروست ببێت و هاوڵاتییان بە گشتی و مووچە خۆران بەتایبەتی تووشی  بارێکی ناهەمواری دارایی ببن. عێراق بەوەوە نەوەستا ،بەڵکو لە هەوڵەکانی بەردەوام بوو بۆ زیاتر سەپاندنی هەژموونی خۆی بە سەر هەرێمی کوردستاندا، لە پاش بڕیارەکەی دادگای پاریسیش بۆ ڕێگەگرتن لە فرۆشتنی  نەوتی سەربەخۆ، زیاتر گەمارۆکە توندتر بوو، لە دوای ئەوەش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی زیاتر قوڕەکەی خەست کردەوە .

لەم بارودۆخەدا دەتوانین بڵێین سەردانی ئۆردوغان بۆ  هەرێمی کوردستان بە هەمان ستراتیجیەتی پێشوو نیە .چونکە تورکیاش لەسەر بنەمای ئەم دۆخە نوێیە سیاسەتەکانی دادەەڕێژێت و بڕیار دەدات کە بەرژەوەندیە ئابوورییەکانی بە چ ئاراستەیەک بێت و ڕێککەوتنە ئەمنییەکانیش هەمان ئاراستە وەردەگرن.

ئەگەر بپرسین ئایا لە ئێستادا هەرێمی کوردستان چ پێگەیەکی جیۆ سیاسی هەیە و دەتوانێت چی بۆ تورکیا بکات ؟پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس هەرێمی کوردستان گرنگیەکی ئابووری و ئەمنی زۆری هەبوو بۆ تورکیا ،ئەویش لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەی پەنجا ساڵی نەوت و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کاری کۆمپانیا تورکیەکان لە هەرێمی کوردستان لە کەرتە جیاوازەکاندا .بەڵام لە ئێستادا هەرێم خاوەنی نەوت نەماوە، زەمینەی کار و وەبەرهێنان لە هەرێم زۆر ڕووی لە لاوازی کردووە و هاواردەکردنی شمەکی تورکیاش بۆ هەرێم لە ئاستێکی ئەو تۆدا نیە .کەواتە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین هەرێم ناوەندێک نەماوە بۆ بەرژەوەندی ئابووری ،چونکە لە بەرامبەر ئەمەدا تورکیا ڕووی لە عێراق کردووە و لەم سەردانەی ئۆردوغاندا زیاتر لە بیست و شەش ڕێککەوتننامەیان مۆر کردووە کە بەشێکی زۆری ئابوورییە و بە تایبەتی ڕێگەی گەشەپێدان کاریگەری لە سەر ئابوری تورکیا زۆر بەهێزە و ساڵانە دەتوانێت چوار ملیار دۆلار زیاتر قازاج بە تورکیا بگەیەنێت و لەم ڕێگایەوە ڕۆژهەڵات بە ئەمریکا و ئەورووپا دەبەستێتەوە لە ڕێگەی تورکیاوە،لە لایەکی تریشەوە لە ڕووی ئەمنیەوە بەڵێنی لە حکوومەتی عێراق وەرگرتووە کە پشتیوانی بکەن لە هێرش بۆ سەر pkk و فشار دروست کردن بۆ سەریان، بۆ ئەوەی ڕێگەیان نەدەن لە عێراقەوە هێرش بکەنە سەر تورکیا و سوودانیش لە چاو پێکەوتنە ڕۆژنامەنووسیەکەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەو pkk ی بەڕێکخراوێکی یاساغ ناوبردوە، بەڵام ئەگەر سەرنجی لێدوانەکانی ئۆردوغان بدەین دەبینین کە لە ڕووی ئەمنیەوە  ئێستاش حکوومەتی هەرێم پێگەیەکی ستراتیجی هەیە بۆ تورکیا ،چونکە هەتا ئێستاش pkk مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا و  بەرەو ڕووبوونەوەی ئەم هێزە بە کاری لە پێشینەی سوپا و دەزگا ئەمنییەکان لە قەڵەم دەدات .

لەبەر ئەم هۆکارە تورکیا پشت لە هەرێمی کوردستان ناکات،بەڵام ئەوەی سەرنجە لە ڕێککەوتنە ئەمنییەکانیشدا مامەڵە لەگەڵ حکوومەت دا ناکات، بەڵکو لەگەڵ بەشێکیدا ئەو کارە دەکات، کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە بەرامبەریشدا دژایەتی لایەنەکەی تر دەکات کە یەکێتی نیشتمانیە و بە پشتیوانی کردن لە پارتی کرێکاران تاوانباری دەکات.

لە بەرامبەریشدا کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی لە یەکێتی نیشتمانی دەکات و دژایەتی پارتی دەکات، لێرەوە تێ دەگەین کە ئەم دوو وڵاتە ئیقلیمیە هیچیان مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمدا ناکەن، بەڵکوو هەردووکیان کار لەسەر دابەشکردن و لاوازکردنی حکوومەتی هەرێم دەکەن و ناوەندیش لە بەغدا کار لەسەر لاوازکردنی کۆی قەوارەکە دەکات، لاوازی ستراتیجیەتی سیاسی یەکێتی و پارتی لەگەڵ یەکتر و نەبوونی هەڵوێستی یەکگرتوو لە ئاست ڕووداوەکان و ملکەچیان بۆ سیاسەتەکانی وڵاتانی ئیقلیمی، هۆکارن بۆ ئەوەی زیاترقەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز ببێت و لە بەرامبەر بەغداش نەتوانن هەڵوێستێکی ئەوتۆیان هەبێت کە ناسنامەی قەوارەی هەرێم بپارێزن و مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ ناوەند و وڵاتانی ئیقلیمیدا بکەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە