فایلی سپی و سوور

06/05/2024

ئەنوەر حسێن (بازگر)



دانووستانەكانی تاران و نێچیرڤان بارزانی
نێچیرڤان بارزانی، كارەكتەری یەكەمی دیپلۆماسی كوردستان، بە سەردانێك لە تارانە؛ بۆ كۆمەڵێك فایلی هەستیار و گرنگ.
بارزانی كە بە كارەكتەری كردنەوەی گرێ كوێرەكانی (ناوخۆی كوردستان بە تایبەتی زۆنی زەرد - سەوز)، (هەولێر - بەغدا) و (هەولێر – ئەنكەرە و تاران) دەناسرێت.
لەم سەردانەدا فایلەكانی بارزانی بۆ دووجۆر (سپی و سور) ڕیزبەند كراون؛
فایلە سپییەكان كە بارزانی دەیەوێت ئامانجەكانی بەدەست بێنێت كە ئەمانەن:
یەكەم: پرسی دواخستنی هەڵبژاردنەكانی (10)ی حوزەیرانی كوردستان كە تاران دەتوانێت عێراق و یەكێتیش ڕازی بكات.
دووەم: پرسی دادگای فیدراڵی، مووچە و بودجە، تاران دەتوانێ بەغدا ناچار بكات دەست بە كۆتایهاتنی فشارەكانی بكات لەسەر هەولێر و ڕێگاچارەی نوێ دەستپێبكات.
سێیەم: ڕاگرتنی هێرشی مووشەكی و درۆن بۆسەر (ماڵی سەرمایەدارەكانی نزیك پارتی، فڕۆكەخانەی هەولێر، هەریر، غازی كۆرمۆر...) بەنیەت باشی نیشاندانی بارزانی، بۆ بنەبڕكردنی گەلەیی و ناڕەزایەتییەكانی ئێران، كە فاكتی خستوەتە بەردەست بارزانی.
چوارەم: بارزانی بەرچاوڕوونی دەوێت، ئاخۆ هەڵوێستی تاران سەبارەت بە پرسی (PKK) چییە؟ لە ئۆپەڕاسیۆنی هاوینەی ئەنكەرە؟
سەبارەت بە دیوی دووەمی سەردانەكە (فایلی سور) كە تاران ئامادەیكردوە لە بارزانی داوا دەكات ئەوانیش:
یەكەم: جێبەجێكردنی كرداری ڕێككەوتنی ئەمنی نێوان (تاران - هەولێر - بەغدا) بۆ داخستنی كامپەكانی (زڕگوێز - كۆیە)ی كۆمەڵە و دیموكرات، ناردنیان بۆ (كامپی بێ چەك) یان دەوڵەتی سێیەم و ڕادەستكردنی (40) لە كەسە یەكەمەكانیان. ڕاگرتنی هەموو هەوڵێكی میدیایی لە میدیاكانی كوردستاندا.
دووەم: كۆتایهاتن بەو گومانانەی تاران هەیەتی لە بوونی جموجۆڵی موسادی ئیسرائیل و كۆتایهانن بەو گومانانە.
سێیەم: دووباركردنەوەی هاوپەیمانی هاوشێوەی ڕابردوو (سەدر – حەلبووسی - بارزانی) كە بوە هۆی كەتكردنی ماڵی شیعی.
چوارەم: ڕاگرتنی پارسەنگی سیاسی، دیپلۆماسی، سەربازی نێوان (تاران و ئەنكەرە) لەلایەن هەولێرەوە.
ئەم دوو فایلە (سپی و سور)ە لە تاران دەگۆڕدرێنەوە، هەردوولاش، جێبەجێیان دەكەن، پێشوازی (خامنەیی، ڕەئیسی قاڵیباف)یش ئاماژەن كە سەردانەكەی بارزانی سەركەوتوو دەبێت و لانیكەم بۆ ئەم سەردەمە دەتوانێت تاران یارمەتیدەر بێت – گەر كەسانی تر لە بارزانی تێك نەدەن – چونكە دوای هەڵبژاردنەكان ڕەنگە دیزانینی هەرێم بگۆڕدرێت و ئاڵوگۆڕ بە داشەكان بكرێت و یەكێتی نیشتیمانیش، پێدەچێت چرای سەوزی بۆ سەردانەكەی بارزانی بۆ تاران و ڕازیبوون بە هەنگاوەكانی نیشانبدات لە بەرامبەردا پارێزگاری كەركوكی ئێستا و سەرۆكی هەرێمی داهاتووی كوردستان.
 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی