هەنگاوی کردەیی بۆ دواخستنی هەلبژاردنی پەرلەمان

07/05/2024

د. تارق جەوهەر سارمەمی



لەبەر رۆشنایی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغداو تاران، ئەم هەڵوێستەی دادگای فیدڕاڵی چاوەڕوانکراوبوو کە ئەمری وەلائی دەردەکات. ئاشکرایە   هەموو دەسەلاتەکان و دامەزراوە بەناو سەربەخۆکانیش لەعێراق و هەرێم بریارەکانیان رەنگدانەوەی سازان و ڕێکەوتنی لایەنە سیاسییەکانە بە هەردوو دیوی ئەرێنی و نەرێنی .
دیارە ئەمری وەلائی هێزی قانوونی نییە، بۆیە ئەم فەرمانە کاتییەی دادگای فیدڕاڵ  نەعدولە، نە پاشگەزبوونەوەیە لە بڕیارەکانی پێشووی خۆی،  بەلام بیانوویەکی ئاشکراو بەرچاوە کە کات و ساتی پێشکەشکردنی داواکە و دەرکردنی ئەمری وەلائی لە دادگای فیدراڵ بەکەمتر لە ٢٤ سەعات، واتە ماستەکە موێکی تیدایە، ولەپشتی ئەم پێشهاتە خێرایە لێکتێگەیشتنێکی سیاسی ناوخۆیی و هەرێمی نێودەلەتیش هەبووە. ئەمەش هەنگاوێکی کردەییە بۆ ئەوەی لەرێێ راگرتنی بەشێکی بنەڕەتی کارەکانی کۆمسیۆن، پڕۆسەی هەڵبژاردن دوابخرێت.
 ئەم فەرمانە کاتی و بەپەلەیە بۆ هەندێک لایەن بۆ هەندێک لایەن جێگەی نیگەرانی و بۆ هەندێک لایەنی وەک پارتیش دەکرێ وەک پەتی رزگاربوون و پاشگەزبوونەوەیە لە بایکۆت و گەڕانەوەیە بۆ ناو گەمەی هەڵبژاردن لێکبدرێتەوە، هەرچەندە  لێکەوتەی فەرمانەکە جگە لەدواخستنی هەلبژاردن، کاریگەری بەسەر هەڵوەشاندنەوەی هیچ یەکێک لە بریارەکانی پێشووی دادگای فیدڕال نابێت، کە بریاریدابوو هەڵبژاردن بە سیستمی چوار بازنەیی و ژمارەی کورسییەکانیش لە ١١١  بۆ ١٠٠ کورسی  کەمبکرێتەوە و پرۆسەکەش  بە سەرپەرستی کۆمسیۆنی عێراق و بەتۆماری دەنگدەرانی بەغدا  بەڕێوەبچێت. 
ئەگەر ئەم فەرمانە کاتییە بەرەنجامی رێکەوتنی ئەم  هەفتەیەی سەرۆکی هەرێم و لایەنە سیاسییەکانی بەغدا بێت، پێم وایە دادگای فیدڕاڵی مەسەلەی بڕیاردانی کۆتایی لەسەر ئەم کەیسە دوادەخات و وەختی پێدەکوژێت تا بە کردەیی ماوەی دیاریکراوی هەلبژاردن تێدەپەڕێت، چونکە بەدوور دەزانرێت بەم نزیکانە دادگا بڕیار لەسەر ئەم داوایە بدات، بەتایبەتی کە ئەمرۆش شالاو کۆسرەت رەسول ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سکالایەکی لەدژی سکاڵاکەی سەرۆک وەزیری هەرێم پێشکەش بە دادگای فیدڕاڵی کردووە، ئەمەش وادەکات دادگا کاتێکی زۆرتری بوێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەم دوو سکالایە، کەواتە ئێستا تۆپەکە لەگۆڕەپانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنە وناچارە بریاربدات کارەکانی مادەی دوو رابگرێت و پابەندی ئەمری دادگای فیدڕاڵ بێت.  کەپەیوەندیی بەدابەشکردنی ١٠٠ کورسیەکەی پەرلەمان هەیە بەسەر ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکان.
 دیارە کات و ساتی پێشکەشکردنی سکاڵاکە بەزیرەکی هەڵبژێردراوە،  وچونکە وادەیەکی کەم ماوە و دادگاش کاتی زۆری پێویستە تا بریار لەسەر ئەم دوو داوایە بدات. ئەمری وەلائی ئەمرۆی دادگا  هاوکارە بۆ ئەوەی بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردن بەسەر هیچ لایەنێکدا نەشکێتەوە، چونکە بەکردەیی کەمپینی هەڵبژاردن لە ١٠ی مانگ بەڕێوە ناچێت و هەڵبژاردنیش لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا ناکرێت و بۆ کاتێکی نادیار دوادەکەوێت. 
ئەگەر سازانێکی سیاسی و رێکەوتنێکی کوردستانیانە لەنێوان پارتی ویەکێتی و لایەنە کوردستانییەکان دروستبێت، رەنگە ئەو کاتە هەڵبژاردن دوای چەند مانگێکی تر بکرێت، بەپێچەوانەوە مانەوەی دۆخی ئێستا و ناکۆکی ودڕدۆنگی نێوان یەکێتی و پارتی دۆخەکە ئالۆزتر دەکات، بۆیە سەرۆکی هەرێم جارێکی تر بەئاسانی ناتوانێت وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات، بەم جۆرەش خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەم ساڵ بەرئوەناچێت، و رەنگە بکەوێتە سالی ٢٠٢٥ و لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە