دیبلۆماسیەت و نەیارەکانی

08/05/2024

ئاسۆ عەبدوللەتیف

ئەو ڕوانگەو فرە میتۆدیەی بۆ هەڵسەنگاندنی جوڵە دیبلۆماسیەکانی هەرێمی کوردستان لێرەو لەوێ دەخرێتەڕوو لەلایەن نوخبەو ئیلیتی کوردەوە، بەشە زۆرەکەی زانستیانە نین و کۆڵەوارن، چونکە بەرمەبنای دیدێکی ناوچەیی ئایدۆلۆژیی بەرتەسک دەنوسرێ و دەوترێ، هیچ قوڵایی فیکری و میتۆدی زانستی و واقیعبینانەی تێدا ڕەچاوناکرێ و هەڵگری یەک ڕەهەندو تاکمیتۆدی کورتبینانەیە.

دەوڵەتی چین بەو هەژموون و ئیمپڕاتۆریەتە ئابوری و پێگە زەبەلاحەی خۆیانەوە، هێشتا ڕاکەڕاکی دیبلۆماسیان گەرمە بەدوای بەرژەوەندیەکانیانداو چەندساڵێک پێش ئێستا لە تاران ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵەیان واژوو کرد بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان دژی هەژموونی ئەمریکی لە ٥٠ ساڵی داهاتووداو لە ڕوسیا خەریکی دۆزینەوەی دەرفەتی تازەن، لە سێ دەریچەشەوە خۆیان بەستۆتەوە بە ئەوروپاوە تا نەخنکێن، یەکەمیان پاکستانەو دوەمیان ڕێگای شەمەندەفەرە لە ڕوسیاو سێهەم ڕێڕەو ڕێگای چین - ئەنادۆڵە بەرەو دەریای ڕەش و ئێران، تا دەستی بگات بە ئەوروپای شەرقی و غەربی.

دەوڵەتی چین، هەریەک لە ئێران و عێراق و سوریاو تورکیاو دەیان وڵاتی ئەوروپی بە هەرێمی کوردستانیشەوە خستۆتە خزمەتی ئەجێنداکەی خۆی، تیۆری ئاوریشمی یەک دەرگاو یەک ڕێگا وازلێناهێنن، سەرۆکەکانیان بەردەوام لەخەمی گەشەی ئابوری وڵاتی خۆیاندان و ڕۆژنامەوانێک نابینی تانەو تەشەر لەو هەنگاوانەیان بدات، ئەی کورد؟

کەسایەتی سەرۆک، یان نێردەی دیبلۆمات، دەوڵەتی بێت یان نادەوڵەتی و هەرێمی، ڕاستەوخۆ نوێنەرایەتی گەل دەکات و فۆڕمی دەوڵەت نمایش دەکات و هەڵگری پەیام و ئازارەکانی جڤات و کۆمەڵگایە، ناکرێ هەمیشە بەچاوی گومانەوە لێی بڕوانین و بەراوردی بکەین بە دەوڵەتە هەرە شارستان و ڕەسەنەکانی دنیای مۆدێرنێتەی دیموکرات کەسەدان بیریارو هزروانی وەک هیگڵ و جۆن لۆک و تۆماس هۆبزو کارڵ شمتیان هەیە.

تیۆرەی تۆماس هۆبز کە حوکمڕانی دەوڵەتی شیکار دەکات بۆ چەند بنچینەو کۆڵەگەیەک، بەشە سەرەکیەکەی ململانێ سیاسیەکانە، کردەی زاڵبوونە بەسەر کۆسپ و لەمپەرەکاندا کەبەشێکی لەمپەرەکان لە کۆشی دوژمندایەو دەبێ بە گفتوگۆ بۆی بچیت، ئەوە ئەو دۆخەیە ئێستا کوردی باشوری تێدایەو هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی دەکات و پێویستی بەو کۆمۆنیکەیشنە دەوڵەتیە هەیە.


ئەگەر مرۆڤ نەزانێت هەڵسەنگاندن بە میتۆدی وەسفی و واقیعی Discription method بۆ جوڵەو ئاکت و هەنگاوە دیبلۆماسیەکانی تەنیشت خۆی و سەرکردەکانی هاوزمانی خۆی بکات، کە نزیکەو زانیاری و کات و شوێن و ڕەگەزی بنچینەیی وەسفیی تێدایە، ئەوا هەرگیز ناتوانێ بە میتۆدی دیکە، جوڵەو ئاکتە دیبلۆماسیەکانی دەوروبەری بخوێنێتەوە، چونکە میتۆدێکی دیکەی بابەتی هەیە بۆ کارکردن لەگەڵ چالاکی و پەیوەندیە سیاسیەکاندا ئەویش، میتۆدی مێژووکردە
‏Historical method تا بزانیت کاتێک سەرۆکێک دەچێتە لای سەرۆکی هاوتای خۆی، بنەماو پاشخان و قوڵایی مێژوویی هەیەو دەبێت وەک ڕەگەزی دیبلۆماسی لوتکە باس بکرێ و شتگەلی بچوک و پرۆتۆکۆلی نزم نەکرێتە ڕێگر بۆ خوێندنەوەی قوڵی بابەتیانەی پرسە سیاسیەکە.

لەو کاتەدا ئەوە نابێتە میدیای بۆچوون و شرۆڤەی سیاسی مێژوویی بەڵکو دەبێتە خوێندنەوەی ئایدۆلۆژیی حیزبی و وەعزی سیاسی وەک ئەوەی بۆ سەرۆک و نوێنەرانی کوردستان دەکرێت و هەندێک نوسەری گەورەش کەوتونەتە ئەو هەڵە میتۆدیەو دەوڵەتەکەی خۆیان پێ بچووک و نزمەو ئەوەش سادیزمی خۆبەبچووکزانیی مرۆڤی ئێمەیە، کە میدیا بە حەزی ئایدۆلۆژی و میزاجی خۆی، خاڵی لە زانیاری و هاوسەنگی شەن و کەوی دەکات و بەکاری دێنێت.

کورد لەتاران
ساڵانێکی زۆرە کورد وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی ئەمنی و سەربازی دژە داعش و تیرۆریزمی نێودەوڵەتی وجودی دیارە وەک پێشمەرگەو شەڕڤان، لێ هێشتا کورد چوارچێوەیەکی دەستوریی نیە، هیچ نەبێت فیدڕاڵیەتێکی سیاسی جێگیری بۆ دەستەبەر نەکراوە بەهۆی ئەو گەمارۆ سیاسیەی خراوەتە سەری، بۆ ئەم مەبەستە کورد دەبێ لەگەڵ دەوڵەتانی کاریگەری وەک کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا بکەوێتە گفتوگۆ کە بەشێکن لەو تەونی گەمارۆدانە.

راستە کورد دەوڵەتی نیەو دوژمنی زۆرە بەڵام  خۆ خاوەنی کەسێتی و پێگەو کاریزماو ئەکتەری سیاسی خۆیەتی و دەوڵەتانی یارو نەیار ساڵانێکە پێشوازی لێدەکەن. سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران گەر بە نمونە وەرگرین، هەم مێژووکردەو هەم قەڵەمبازێکە بۆ دەستخستنی هەندێک فاکت و خاوکردنەوەی بەستەڵەکی پەیوەندیەکانی تاران و هەولێرو کارئاسانیی بۆ کورد لە عێراقدا کە بتوانێ ئەو چوارچێوەو دیوارە ئایدۆلۆژی و سیاسی و مەزهەبی و یاسایی و دەستوریانە ببڕێ کەبۆیان دروستکردوە لە بەغداد لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان و دادگای باڵای فیدڕاڵیەوە. ئەوەش بەئاسانی بەلۆژیکی هێورکردنەوەی گفتوگۆکانی تاراندا دەڕوات، دەبێ دواتر بکرێتە کرداری پەیوەندیکردنی هاوبەش لەسەر بنەمای بیرکردنەوەی هاوبەش.

گرنگە میدیای کوردیی میدیای دیسکۆڕس و هاوسەنگی بێت بۆ ئایندەی خۆی و نەتەوەکەی و لەئاست لۆبی و کێشە نەتەوەییەکەدا بوەستێ نەک دژی ئەو جۆرە دیبلۆماسیەتانە بێت، ڕوماڵ بکات نەک هێرشی پێچەوانە، ئیرادە دروست بکا نەک تانەو شکست بەرهەم بهێنێ، بەئاراستەی شێواندنی دۆزگەری کورد و ڕاگرتنی دڵی نەیارەکانیدا نەڕوات، چونکە فیدراڵیەت بۆ کورد لە عێراقدا لە بەرەنجامی سیاسەتێکی تۆتالیتێری مەزهەبی و دەوڵەتی وەلائی و حاکمیەتی ڕەهای شیعەگەرای زاڵدا تەنها وەک چەمکی سیاسی و میدیایی و زمانەوانی ماوەتەوەو هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستوریی و هێزی کارپێکردنی نەماوەو کورد خراوەتە پشت پەراوێزی ڕووداوەکان و دەبێ وەفریای خۆی بکەوێ بە جوڵەی تازەو دۆزینەوەی جەمسەرگیریی نوێ لە ڕێگەی لۆبیکردن و کەناڵەکانی پەیوەندیکردن و دانوستانەوە.

هێشتا کورد ئەوەتا لەناو گفتوگۆی ئەوکاتانەی ماده‌ی سێی دەستورەکەی عه‌بدولكه‌ریم قاسم کە ئەویش هەر میدیایی و زمانەوانی بوو کە دەڵێت؛ يقوما لكيان العراقي على أساس من التعاون بين المواطنين كافة باحترام حقوقهم وصيانة حرياتهم ويعتبر العرب والأكراد شركاء في هذا الوطن ويقر هذا الدستور حقوقهم القومية ضمن الوحدة العراقية-1958

کورد کە دەوڵەتی نیەو گیرۆدەی دەیان دەوڵەتی فاشیست و تۆتالیتاری ناوچەکەیەو نکوڵی لە بوون و زمان و ڕەنگ و کەلتورو مانەوەی دەکەن، هاوشانی جەنگاوەریکردن بۆ مانەوەی خۆی دەبێ بارتەقای ئەوەش دیبلۆماسیەتی هاوسەنگ لە ناوچەکەدا بۆ خۆی دروست بکات و نەیارەکانی تێبگەیەنێت کە چی دەوێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی