هیچ شتێک لەوە ئاسانتر نییە، لە سلێمانی و سنە و سوید پاڵتلێدابێتەوە و بە چەکدانانی گەرێلاکانی پ، ک، ک بڵێیت، ئاشبەتاڵ، تەسلیمبوون، خیانەت، نسکۆ...هتد.
ئاخر خەڵکینە، بۆ ئێمە لەو ڕوانگەیەوە سەیری پرۆسەکە نەکەین، کە ئەو کچ و کوڕانەی لە قەندیلن وەک من و تۆ مافی ئەوەیان هەیە لە نزیکەوە سیما و ڕوخساری دایکیان ببینن و چاوببڕنە چاوی باوکیان، ئەوانیش وەک من و تۆ مافی ئەوەیان هەیە پێنج شەممە و هەینیانێک لەگەڵ خوشک و براکانیان بچنە سەیران و گەشتێک، ئەوانیش مافی ئەوەیان هەیە پێش ئەوەی قژ و پرچ سپی بکەن هاوسەرگیری بکەن و خانو و شوقەیەک لە دامێنی شار بەکرێ بگرن و منداڵ بخەنەوە، ئەوانیش مافی ئەوەیان هەیە لە جادە و شەقامەکانی ئامەد و وان بێترس پیاسە بکەن، ئەوانیش مافی ئەوەیان هەیە لە کووچە و کۆڵانەکانی شاردا بژین، لە گوند و دیهاتەکانیاندا خەریکی کشتوکاڵ بن و یارمەتی دایک و باوکە کەنەفتەکانیان بدەن، ئەوانیش مافی ئەوەیان هەیە لە دوکان و بازاڕەکانی ئەستەنبوڵ و دەرسیم و قارس و تەنانەت سلێمانی و هەولێریش دوکانێکی بچوکیان هەبێت و چوار لیرە و دە هەزاری تێدا پەیدا بکەن، لە کارخانە و کارگە و مۆڵ و چایخانە و کافتریاکاندا وەک خاوەنکار، شاگرد، کڕیار و فرۆشیار کاروکەسابەت بکەن، ئەوانیش مافی ئەوەیان هەیە لە مزگەوت وپەرستگەی گەڕەکەی منداڵیاندا دوو ڕکات نوێژ بۆ ئاسودەیی ڕۆحیان بکەن، ئەوانیش مافی ئەوەیان هەیە، جگە لە گەرێلا سڵاو لە دراوسێ، خزم، منداڵ، دەستفرۆش، گوڵفرۆش، فەرمانبەر، مامۆستا بکەن، ئەوانیش مافی ئەوەیان هەیە بە تاکسییەک بڵێن لەمسەری شار بمبە بۆ ئەوسەری شار تا چاوم پڕ دەبێت لە جوانی گەڕەکەکانی، ئەوانیش مافی ئەوەیان هەیە بە ڕاستی نەک لە خەوندا بگەڕێنەوە بۆ یادەوەرییەکانی منداڵی و جارێکی تر سەر بکەنەوە بەو قوتابخانە و کوچە و کۆڵانەی شاردا کە ساڵانێکە لێی دوورن، ئەوانیش مافی ئەوەیان هەیە لە شایی و ئاهەنگی کەسوکاریاندا هەڵپەڕن، بچنە سەردانی کەسە نەخۆشەکانیان، تابووتی ئازیزانیان بخەنە سەرشانیان، لە خۆشی و ئازاری ژیانی شار ڕامێنن...
خەڵکینە... کام یاسای ئاسمان و زەمین فەرزی کردوە، ئەوانە تا لە ژیاندان دەبێت لە چەک مارە بکرێن، کام ڕێسا وتوویەتی دەبێت لە پاڵ کێو و گابەرددا خوێنیان بڕژێت، بە کام قانوون ژیانی شاریان لێ قەدەغە کراوە، کێ گوتوویەتی لە بری خەباتی چەکداری بۆیان نییە سیاسەت لە گوند و شارەکانی باکوردا بکەن.
حەقی خۆیەتی ئێمە سوپاسی خودا بکەین کە ئەو کچ و کوڕانە شەهید نەبوون و خوێنیان نەڕژا، حەقە دوعای ئەوەیان بۆ بکەین کە خودا تەمەنیان سەرلەنوێ بۆ بنوسێتەوە و دە ئەوەندەی لە شاخ بوون لە شاریش بژین، حەقە نوێژ بۆ ئەوە بکەین کە ئیتر کەمتر گوێمان لە تەقەی تفەنگ دەبێت، تۆپ و تانک لاپاڵ و سنگی گرد و چیا گڕ نادات.... حەقە ڕێز لەوانەیان بگیرێت کە هێشتا موویەک لە ڕدێنی نە هاتبوو چووە شاخ ئێستا موویەکی سپی لە سەر و ڕدێنیدا نەماوە دێتەوە شار، میللەتی زیندو تەنها ئەوە نییە کە ڕێز لە خوێنی شەهیدەکانی دەگرێت، بەڵکو ئەو میللەتەیە کە ڕشتنی خوێنی زیندوەکانی حەرام دەکات، ئەوانە شایانی ئەوەن زیاتر بژین، ببنە هەوادار و ئەندامی پارتێکی مەدەنی، لە ڕێکخراو و ئۆرگانێکی ژینگەپارێزدا خزمەت بکەن، بۆ ڕزگارکردنی ڕێبەر و هاوڕێکانیان ڕێپێوان لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ بکەن، لەپاڵ دەمیرتاش و ئاپۆ و بایدەمیردا لەسەر یەک مێز و لە ئامەد نەخشەڕێگەی چارەسەری کێشەی کورد دابڕێژن...
بەڕای خاکەرای بەندە ئەوەی (پ، ک، ک) کردی نە خیانەتە، نە تەسلیمبوون و دەستبەردان... بەڵکو دەرفەتێکی ترە بۆ ژیان.
(خۆزگە ئێمەیش پێش ئەنفال و کیمیاباران چەکمان دابنایە، تا ئەوانەی کە لە ئەنفال و کیمیاباراندا مردن ڕۆژان و ساڵانێکی زیاتر لە پاڵ من و تۆدا بژیانایە)...
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی