ئەمریکاو سعودییە چییان لەیەک دەوێت؟

17/05/2025

بەختیار ئەحمەد ساڵح

پێشەکی
هاوپەیمانی ئەمریکا و سعودیە کە زیاتر لە حەوت دەیەیە درێژەی کێشاوە، لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە خێراکانی نەزمی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا سەرلەنوێ پێناسە دەکرێتەوە. سەرەڕای ناکۆکی لەسەر پرسەکانی ململانێی عەرەب و ئیسرائیل، بناغەی بنەڕەتی هاوپەیمانییەکە هەر ماوەتەوە: ئاسایش لەبەرامبەر وزە. بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی چین و گۆڕانی ئەولەویەتەکانی ئەمریکا و خواستی سعودیە بۆ ڕزگاربوون لە پشتبەستنی بە نەوت، تایبەتمەندییە نوێیەکانی ئەم هاوپەیمانییە سەرهەڵدەدەن کە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی وردتر هەیە.

پەیوەندییەکانى ئەمریکا لەگەڵ سعودیە
پەیوەندییەکانى ئەمریکا لەگەڵ سعودیە لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا قەیراناوى بوو، لەگەڵ کوشتنی خاشقچی لە خولى یەکەمى سەرۆکایەتى ترەمپدا پەیوەندییەکان زیاتر بەرەو خراپى چوون، لە سەردەمى سەرۆکایەتى بایدن-دا پەیوەندییەکان هەر بە ساردى مانەوە سەرەڕای بەردەوامبوونی پشتیوانییە ئەمنییەکان، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە خولى دووەمى سەرۆکایەتى ترامپ ئەم پەیوەندییە ئاستێکى قووڵتر بەخۆیەوە ببینێت. لە ئێستادا هاوپەیمانی نێوان سعودیە و ئەمریکا لەسەر دوو پایەی سەرەکی دامەزراوە:

پاراستنی بەرژەوەندییە نەوتییەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر دڵنیابوون لەوەی سعودیە لەژێر چەتری پاراستنی ئەمنی ڕۆژئاوادا بمێنێتەوە.
دەستەبەرکردنی سەقامگیری بازاڕی وزەی جیهانی لەڕێگەی پەیوەندی پتەوی نێوان واشنتۆن و ڕیاز.


سعودیە چی لەئەمریکا دەوێت؟
هاوپەیمانییەکی ئەمنی هاوشێوەی هاوپەیمانی ناتۆ: سعودیە هەوڵدەدات ڕێککەوتنێکی ئەمنی پابەندکەر واژۆ بکات کە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر خاکەکەی بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بزانرێت، هاوشێوەی ڕێککەوتنی واشنتۆن و تۆکیۆ. ئەم مەرجە لەسەر بنەمای:
أ‌. هەڕەشەی ئێران سەرەڕای ئەو پێشکەوتنەی کە بە نێوەندگیریی چین (٢٠٢٣) بەدەست هاتووە، بەردەوامە.
ب‌. ئەزموونەکانی سعودیە لەگەڵ هێرشەکانی حوسییەکان، بەتایبەتی هێرشی ئارامکۆ (2019).


گواستنەوەی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی: سعودیە بەنیازە بەرنامەیەکی ئەتۆمی مەدەنی پەرەپێبدات. هەر بۆیە داوا لە ئەمریکا دەکات کە:
أ‌. ڕێگە بە پیتاندنی یۆرانیۆمی ناوخۆیی بدات.
ب‌. سوودمەندبێت لە تەکنەلۆژیای ئەمریکی بەبێ ئەوەی بە تەواوی پابەند بیت بە سنووردارکردنی پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی (NPT).


وەبەرهێنانی تەکنەلۆژیاو هەڵگرتنی سنوردارکردنەکان: سعودیە دەیەوێت:
‌أ. کەمکردنەوەی سنووردارکردنی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی چیپی پێشکەوتووی پرۆسێسکردن (وەک بەرهەمەکانی Nvidia) .
‌ب. ڕاکێشانی وەبەرهێنان لە کۆمپانیاکانی سلیکۆن ڤالی بۆ پڕۆژە گەورەکانی وەک NEOM و پیشەسازی ئۆتۆمبێلی کارەبایی.
‌ج. فشارخستنەسەر تەلئەبیب بۆ ئەوەی ئیمتیازاتی ڕەمزی (یان ڕاستەقینە) بە فەلەستینییەکان بدات بۆ ئامادەکردنی زەمینە بۆ ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی (واشنتۆن-ریاز-تلئەبیب).

ئەمریکا چی لەسعودیە دەوێت؟
ڕەتکردنەوەی مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیای چینی لە پرۆژە ستراتیژییەکان و کەمتر پشت ببەستێت بە چین بەتایبەت لە بوارەکانی 5G.
ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل.
سعودیە ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی ناوچەیی ئیسرائیل.
وەبەرهێنانکردن لە ئابووری ئەمریکا، کۆشکی سپی پێشبینی دەکات سعودیە وەبەرهێنانی دەیان ملیار دۆلار لە پڕۆژەکانی ژێرخانی ئابووری و وزەی پاک و کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا بکات و یارمەتی دروستکردنی هەلی کار لە ئەمریکا بدات .

ئاڵنگارییەکانى بەردەم پتەو بوونى پەیوەندییەکان
سعودیە بەبێ پێشکەوتنی ڕاستەقینە لەسەر پرسی دەوڵەتی فەلەستین ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئیسرائیل ڕەتدەکاتەوە، لەکاتێکدا حکومەتی نەتانیاهۆ ئەم بژاردەیە بەتەواوی ڕەتدەکاتەوە.
سەرەڕای نزیکبوونەوەی واشنتۆن و ڕیاز، پەکین بەردەوامە لە بەهێزکردنی کاریگەرییەکانی، جا لەڕێگەی وەبەرهێنانی وزە بێت یان گواستنەوەی تەکنەلۆژیا.
کۆنگرێسی ئەمریکا ڕەنگە ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنى سعودیە بە وزەى ئەتۆمی بکات بەهۆی نیگەرانییەکانی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی.
مافی مرۆڤ تا ئێستاش وەک پرسێکی هەستیار لە پەیوەندییەکەدا ماوەتەوە، کە ئەمریکییەکان وەک ئامرازێکی فشار لە دانوستانەکاندا بەکاریدەهێنن.

سیناریۆکانی داهاتوو
پتەوکردنی هاوپەیمانی، واژۆکردنی ڕێککەوتنی بەرگری سنووردار + پاڵپشتی تەکنەلۆژیی مەرجدار + ڕۆڵێکی بەهێزتری ناوچەیی سعودیە
هاوپەیمانییەکی مەرجدار لەگەڵ پشتیوانی ئەمنی و ئابووری، بەڵام بەبێ پابەندبوونی بەرگری ڕەها.
هەنگاونان بەرەو هاوبەشی فرەلایەنە: سعودیە هەوڵدەدات هاوکارییەکانی لەگەڵ چین و ڕووسیا قووڵتر بکاتەوە، لە هەمان کاتدا واشنتۆن وەک هاوپەیمانێکی ئابووری و ئەمنی دەپارێزێت.

ئەنجام
خواستەکانی سعودیە بۆ بوون بە هێزێکی پیشەسازی و ترسی ئەمریکا لە هاتنە ناوەوەی چین، فۆرمێکی نوێ دەبەخشن بەم هاوپەیمانێتییە کەزیاتر لەسەر بنەماى بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانە نەک بەهاکان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە