لەم ماوەیەی دوایدا لای هەندێ دۆست باسی ئەوەم
کرد کە دۆخەکە پێویستی بەخۆ هەڵوەشاندنەوەی ئیخوانە، چوونکە ئەو ڕێکخراوە بەوبارە مێژووییە گرانەی سەرشانی،
ئەو وێنا شێواو وێرانەی لێی گیراوە، ئەو قەیرانە فیکریەی تێیدا دەژیت، ئەو دوژمنایەتیە
نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیە گەورەی دەکرێت و جیاوازیی رەگ و ریشەیی قۆناغەکە لەگەڵ ئەوکاتەی
سەری تێدا هەڵداوە،ناتوانێت هیچی تر بەشێوەیەکی بەرهەمدارانە درێژە بە خۆی بدات، هەموو
ئەو هۆکارانە وایان کردووە، هیچ ئاسۆیەکی لەبەردەمدا نەمینێت و رۆڵی پێچەوانە بەئەرکەکانی لە ئێستادا
بگێرێت، بۆیە لێپرسراوێتی ئیسلامی و ئەخلاقی و سیاسی داوای ئەوە لە سەرکردەو بریاربەدەستەکانی
دەکەن، بریارە عەقڵانی و ئازایانەکە بدەن و کۆتایی بە کۆمەڵ و ڕێکخراوەکە بێنن و بەفەرمی
هەڵی بووەشێننەوە، دابران لەگەڵ رابردوو درووست بکەن، بۆ ئەوەی ئەندام و جەماوەرەکەی
بە بیرو هەناسەو دیدێکی نوێوە لە فۆرمی جۆراوجۆری سیاسی یاخوود مەدەنییدا یان هەردووکیان
خۆیان ڕێکبخەنەوەو کۆتایی بەو بازنە داخراوە پەنگخواردووە بێنن تیایدا دەژین، لە
دوێنێشەوە خەریکی بابەتێکم بەزمانی عەرەبی دەربارەی ئەم باسە خوا حەزکات لە رۆژانی
داهاتوودا بڵاوی دەکەمەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی