چەکدانانی و سوتاندنی چەک، ئاماژەیەکی بەهێزە بە گۆڕینی قووڵی فکری و دنیابینی کوردانی باکوور. ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی کورد و ناوچەکە، هێزێکی پڕچەک و بە توانا، خاوەن ژێرخانی سەربازی و ئابووریی هێزی مرۆیی و ناوچەیەکی پێنجسەد کیلومەتری، بە خواست و فکر و بڕوای خۆی، بە جیهانبینی نوێوە، دەست بۆ ئەم وەرچەرخان مێژووییە ببات و بە کردەوە کاری بۆ بکات.
لە نمایشی چەکسوتاندندا، زەێدەبەشی بە ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری ژنان و گەنجان لە ئێستاو ئایندەدا، لەسەر هەردوو ئاستی گوتار و سیمبوڵ، درێژەدانە بە وەرچەرخانی فەرهەنگی و جڤاکی و جێگەی بایەخ و نرخاندنە. یەکێک لە ڕەهەندە گرنگەکانی نمایشەکە، پێدانی هێز و پێگەی زیاترە بە ئۆجەلان. ئۆجەلان ئەو سەرکردە زیندانییە دەوڵەتی تورک، بە درێژای بیست و شەش ساڵ، نەیتوانی پێگە و کاریزمای سەرسوڕهێنەرەی ئەو ڕابەرە کوردە لاواز بکات.
لەوە تێدەگەم، کەم یان زۆر، نیگەرانی لە ناو کورداندا هەیە، تەنانەت بەشێک لە دەستەبژێری ڕۆشنبیری و ئەکادیمی ڕۆژنامەوانی، ئەو نیگەرانیانەیان نەشاردووەتەوە. بەڵێ گۆڕانکاری ڕیسکی دەوێت، تا ڕیسک نەکەیت، ناتوانیت گۆڕانکاری درووست بکەیت. هەمووشمان دەزانین خولانەوەی بەردەوام لە هەمان بازنەدا، ئەنجامێکی جیاوازی نابێت.
دەبێت ئەوەش لە بیر نەکەین کە هەمیشە، هەنگاوی نوێ و فکری نوێ، هەمانکات تێپەڕاندنی فکر و فەرهەنگی باو، زۆر جار لە سەرەتاوە بەرهەڵستکاری خۆیان هەن، چون بینین و قبوڵکردنی ئێستا، ئاسانترە لە واقیعێک کە تا ئێستا بەدی نەهاتووە.
بۆ کورد دوو شت زۆر ئاسانە، یەک: چەک هەڵگرتن، دوو: یاخیبوون و سەنگەرلێدان لە شاخەکان. ئەگەر زۆر نیگەرانی چەکدانانن، بڕوا بکەن، کورد هەرکات ناچار بکرێت، لە چا خواردنەوەیەکی ئێواراندا، حیزب درووست دەکات و چەکیش پەیدا دەکات و ئەندام و لایەنگریی لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە و بە هەموو توانایەک، بەرەنگاری دەکات. زۆر نیگەرانی چەک نەبن!
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی