لەدیداری سەرکردە سیاسیەکانی باکوری کوردستان، سەرۆکو سەرکردەکانی دەم پارتیو بەڕێزان ئەحمەد تورکو لەیلا زانا، لەکاتی نوێکردنەوەی داخوازی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، وەڵامەکەی ئەوەبوە:”کە لەکاتێکی گونجاو ئەو دیدارە دەبێت”.
ئەو وەڵامەی سەرۆک بارزانی، زاکیرەی بۆ چەند ساڵێک بەر لەئێستای گەڕاندمەوە، کاتێک لەگەرمەی بەڕێوەچونی پڕۆسەی ئاشتی، کاتێک سەرۆک بارزانی میوانی فەرمی دەوڵەتی تورکیا بوو، ئەوکات ئەرۆغان داوای لەسەرۆک مەسعود بارزانی کردبوو، کە ئەگەر دەیەوێت لەگەڵ ئۆجەلان دیداریان هەبێت ئاساییە، بارزانی ئەو پێشنیازەی ئەردۆغانی ڕەتکردەوە، نەک لەبەرئەوەی نایەوێ بەڕێز ئۆجەلان ببینێ، بەڵکو وتبوی نامەوێ سەرکردەیەکی کورد لەزیندان ببینم، بۆیە داواکارم بەئازادیی بیبینم.
ئەو وەڵامەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی بۆ سەرکردەکانی باکوری کوردستان، هەڵگری هەمان ناوەڕۆکەو ڕوی لەسەرۆک کۆماری تورکیا بەڕێز ئەردۆغانو بەڕێز باخچەلی (گاد فازەر - Good Father)ی ئەو پڕۆسەیە کە هەنگاو بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان بنێن تا پڕۆسەکە خێراترو تۆکمەترو بەرهەمدارتربێت.
هەڵوێستی سەرۆک مەسعود بارزانی، هەڵوێستێکی کوردانەی ڕەسەنی هەڵقوڵاوی ڕێبازی کوردایەتیە کە سەرچاوەکەی عەقیدەی بارزانەو ئامانجی سەربەستیو ڕزگاریی هەموو کوردێکە لەسەرتاسەری کوردستانی مەزن، جا هەڵگری هەر بیروباوەڕو ئایدۆلۆژیایەک بێت.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی