بەدرێژایی سەت و پێنج ساڵەی دروستبوونی دەوڵەتی عیراق لەلایەن
بەریتانیا و لەماوەی بیست و دوو ساڵەی ئەوجارەی پرۆسەی ڕزگاری لەلایەن ئەمریکاوە ،
عەقڵی کەمینەی نیشتمانپەوەرو عەقڵیەتی زۆرینەی داردەستی وڵاتان وەکو خۆیەتی هیچ نەگۆڕاوە
، نیشتمانپەروەکان و گوێ لەمستەکانی ئەوێ ڕۆژێی سەردەمی پاشایەتی ، لەگەڵ سیاسیە
گوێ لەمستەکانی ئەم سەردەمە ، کە سەت و پێنج ساڵی بەسەردا تێپەڕیووە، تۆزقاڵێك نەگۆڕاوەو
وەکو خۆیەتی ، کارەسات ئەوەیە ئەوانەی ئێستا شانازیش بەعەمالەتەکەیان دەکەن .
لەسەرووبەندی جێبەجێکردنی نەخشەڕێگەی پرۆسەی ئازادی عیراقدا
، ئەمریکیەکان بەردەوام بارودۆخەکەیان لەڕووی
سەربازی و سیاسی و مرویی و ئیداریەوە هەڵدەسەنگاند ، وەك لایەنێکی بەهێزی کوردی نێو
ئۆپۆزیسیۆنی عیراق جارێکیان ، ئەمریکیەکان پرسیار لەسەرۆك مام جەلال دەکەن کە ئەگەر
ئەمریکا پەلاماری عیراق بدات ، ڕژێمەکەی صدام تا چەند بەرگەی ئەم هێرشە دەگرێت ؟
لەوەڵامدا سەرۆك مام جەلال گوتبووی ڕژێمی صدام کەمتر لەمانگێك
دەتوانێ بەرگری بکات ، بەڵام زیاتر لەبیست ساڵیشمان پێویستە تا عیراق دەکەینەوە بەدەوڵەتێك کە مافی
هاوڵاتیبوون و چەمکەکانی دیموکراسی تیایدا دەچەسپێت .
ڕێك بۆچوونەکەی مام جەلال ڕاست دەرچوو ، ڕژێمەکەی صدام
دوای سێ هەفتە کۆتایی هات و عیراقیش دوای بیست و دوو ساڵ خەریکە دەبێتەوە بەدوڵەتی
خەڵکەکەی ، ئێستا زۆرن ئەوانەی نایانەوێ عیراق
ببێتەوە بەهی خەڵکەکەی ، بۆیە هەوڵ دەدەن بەردەوام عیراق لەقەیراندا بێت بۆ ئەوەی حەزی ئیران و تورکیا بەدی بێنن و خۆشیان
لەبەرامبەردا پارەیەکی زۆر کۆبکەنەوە ، بۆ درێژەدانیش بەم ڕەوشە نالەبارە ، پلانی
شەڕو ئاڵۆزی دروست دەکەن ، ئەگەر هیچیشیان پێ نەکرێ بەگریمانە و مەزەندەی کوێرانە
ژیانی خەڵك تێکدەدەن .
بێگومان لەداهاتوویەکی نزیك عیراق دووبارە ڕزگار دەکرێتەوە
، ڕەنگە هەندێ میلیشیای دەرەوەی قانونی دەوڵەت بکرێنە ئامانج ، بەڵام سیستمی عیراق
سەلامەت دەبێ ، ئەوجارەیان ئەوەی سەلامەت نابێ ئەوانەن کە بەگریمانە و هەوەنتە سیاسەت
دەکەن و سەروەتی عیراق بۆ خۆیان منداڵەکانیان دەبەن .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی