هەردوو حزبی دەسەڵات لە هەرێم لەپێناوی بەدەستهێنانی دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا سەکۆکانی ڕاگەیاندن و مینبەری مزگەوتەکانیان لەبەردەم ڕەوتە سەلەفی توندڕەوکاندا واڵاکردووە، ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان وتارە توندڕەوانەکانی خۆیان بڵاودەکەنەوە و شەقامی کوردستان بە گوتاری توندڕەوی بارگاوی دەکەن و لە هەموو کاروبارێکی ژیانی خەڵکدا دەستوەردەدەن.
بەداخەوە ئەم هەڵەی دەسەڵات حزبە ئیسلامییە “میانەڕەوەکان”ی کە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن و باوەڕیان بە ئازاد دیموکراسی هەیە و پێویستیان بەدەنگی دەنگدەران هەیە، خستوەتە بەردەم قەیرانێکی مەترسیدارەوە: لە جیاتی پاراستنی هێڵی میانەڕەوی خۆیان، ئەوانیش کەوتونەتە پێشبڕکێی بڵاوکردنەوەی وتاری توندڕەوی تاکو جەماوەرەکەیان لە دەست نەدەن.
لە ئەنجامدا کۆمەڵگەی کوردستان خۆی لەبەردەم هەژموونی وتارێکی توندڕەوی رقاویدا دەبینێتەوە کە بەتەواوەتی هەڕەشە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری و ئازادی دەکات.
لەراستیدا لە دۆخێکی وادا نابێ حزبە میانەڕەوە ئیسلامیەکان بکەونە ژێر گاریگەری ئەو هەلومەرجەی کە دەسەڵات بە مەبەست بۆی دروستکردوون و نابێ دەستبەرداری دروشمەکانی ئازادی و دادپەروەری و پێکەوە ژیان و نیشتمانپەروەری ببن کە لەگەڵ ئیسلامدا هیچ ناکۆک نییە. هەروەها پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕاگەیاندن رێگە بۆ ڕووناکبیرە عەقڵانییەکان خۆش بکەن، تاکو مەیدانەکە تەنها بۆ وتاری سڕینەوە و ڕەق و توڕەیی نەمێنێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی