سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری پرەنسیپێكی
دەستوورییە، پەیوەندی دەسەڵاتی دادوەری بە دەسەڵاتەكانی ترەوە ڕێكدەخات، لەسەر
بنەمای دەست نەخستنە ناو كاری دەسەڵاتی دادوەری لەلایەن دەسەڵاتەكانی ترەوە،
هەروەها سەربەخۆیی هەر دادوەرێكیش بەجیا دەگرێتەوە، لەوەی هیچ لایەنێك دەست نەخەنە
كارەكانیەوە بەمەبەستی ئاراستەكردنی بەئاقارێكی دیاریكراودا.
زامنكردنی
ئەو سەربەخۆییەش سەرەتا لە ڕووی یاساییەوە دەبێ دەستەبەر بكرێت، بەوەی لە
دەستوری وڵات پێكهاتە و پسپۆری ئەو دەسەڵاتە دیاری بكرێت، بەشێوەیەك كە سەربەخۆیی
و بێلایەنی بپارێزرێت لە هەر جۆرە دەستێوەردانێكی دەسەڵاتەكانی تر، سەرەڕای ئەوەش
پێویستە لە ڕووی پراكتیكەوە زەمینەی ئەو سەربەخۆییە مسۆگەربكرێت، وەك سەربەخۆیی
دادوەر لە دەركردنی بریارەكانیدا، كە دەبێ تەنیا ملكەچی یاسا بێت و بەپێی یاسا
كەیسەكان یەكلابكاتەوە، دوور لە فشار و دەست تێوەردانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن یان
هەر لایەنێكی دیكەی فەرمی و نافەرمی. هەروەها زامنكردنی سەربەخۆیی دادوەر لەهەر جۆرە
فشار و دەست تێوەردانێكی ئەندامانی خودی دەسەڵاتی دادوەریش، واتە هەر فشارێك، كە
لە نێوان دادوەرەكان خۆیان ڕووبدات لەسەر یەكتر، بەهۆكاری جیاوازی ئاستی كارگێری
یان جیاوازی دادگاكان، چونكە دادوەرەكان هەموویان سەربەخۆن و هیچ یەكێكیان پاشكۆی
ئەوی تریان نییە، هەرچەندە پلە و پایە و پێگەی خۆی یان دادگاكەی بەرزتر یان نزمتر
بێت، لەگەڵ ئەمانەشدا پێویستە پارێزبەندی بۆ دادوەر دەستەبەربكرێ ، واتە دادوەر
نابێت دادگایی بكرێت بەهۆی قسەیەكەوە، کە كردوویەتی، یان بەهۆی كارێكەوە لە كاتی
ئەركی وەزیفەكەی ئەنجامی داوە، هەروەها پارێزراو بێت لە گرتنی هەرەمەكی و بەبێ ڕەزامەندی
ئەنجومەنی دادوەری، مەگەر لە حالەتی تاوانی بینراودا نەبێت، كەواتە لەمەوە بۆمان
دەردەكەوێت دەستەبەركردنی سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری پابەندییەكە بە پلەی یەكەم
دەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵاتەكانی تر، چونكە دەسەڵاتی دادوەری هەمیشە دەیەوێت سەربەخۆ
و بێلایەن بێت و جگە لەچوارچێوەی یاسایی هیچ سنوورێك بۆ دەسەڵات و ئازادی خۆی دانانێت لە بڕیارداندا،
ئەگەر ناچار نەكرێت و نەكەوێتە ژێر فشاری دەسەڵاتەكانی ترەوە.
دەسەڵاتی
دادوەری تاكە لایەنی تایبەتمەندە بە یەكلاكردنەوەی هەموو كێشەكان، دادگاكان پەناگەی
دیتنی هەموو جۆرە داوایەكن، جا داواكراو و داولێكراو هەر كەس و لایەنێك بن، هەتا
ئەگەر كێشەكان پەیوەنداربن بە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردنەوە، قەزا بۆی هەیە
دەست بخاتە ناو كاروباریان و پابەندیان بكات بە بڕیارەكانی، بەپێچەوانەوە
ئەوان(واتە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن) ناتوانن دەست بخەنە كاری دەسەڵاتی
قەزاوە، بەڵام قەزا بۆی هەیە دەست بخاتە كاری ئەوانەوە و چاودێریان بكات لەڕێگەی
قەزای دەستووری و كارگێڕییەوە. خاسیەت و سروشتی یاسا وایە، كە ڕێسای گشتی و ئەبستراكت
لەخۆ دەگرێت، بۆیە پێویستە بەسەر هەموواندا وەك یەك جێبەجێبكرێت، بەڵام هەرگیز
جێبەجێكردنی لە پراكتیكدا بەو شێوە نایەتەدی، ئەگەر لەسەر دەستی هەیئەتێكی سەربەخۆ
و بێلایەن جێبەجێ نەكرێت، كە هەمان خاسیەت و سروشتی یاسای نەبێت، ئەویش تەنیا
دادگای سەربەخۆو بێلایەنە، كە سەیری لایەنەكانی داوا ناكا و كاری بەواندا نییە، بەڵكو تەنیا سەیری كێشەكە دەكات
و بەپێی یاسا یەكلایی دەكاتەوە لەسەر بنەمای پرەنسیپی یەكسانی هاوڵاتیان لەبەردەم
یاسادا، بێ ئەوەی بەرژەوەندی لایەنێك لەبەرچاوبگرێت لەسەر حسابی ئەوی تر.
سەربەخۆیی دەسەلاتی دادوەری پرەنسیپێكی
گرنگ و پێویستە بۆ ئارامی وخۆشگوزەرانی و پێسکەوتنی ژیانی كۆمەڵگا لەچەند
لایەنێكەوە:
لەڕووی هێنانەکایەی دادپەروەری كۆمەڵایەتیەوە،
سەربەخۆیی دەسەلاتی دادوەری هۆکارێکە بۆبەرجەستەكردنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی،
بەهۆی ئەو پەیوەندیە بەهێزەی بە یەکیان دەبەستێتەوە، چونكە هەمیشە لەپەنا
سەربەخۆیی دادوەری، دادپەروەری كۆمەڵایەتی بەرجەستە دەبێت و ماف و ئازادی تاكەكان
پارێزراو دەبن، پێچەوانەكەشی ڕاستە، لەسایەی قەزای دەستەمۆ ستەم و نادادی بەرقەرار دەبێت، و دادپەروەری
كۆمەڵایەتی خەیاڵەو هەرگیز نایەتەدی، لەوەها دۆخێكیشدا تاكەكان متمانەیان بە دەسەڵاتی
دادوەری نامێنێت بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانیان،بۆیە ناچار دەبن ڕێگەی نایاسایی بگرنە
بەر بۆ ئەو مەبەستە، واتە بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانیان.
لەڕووی بەرقەرارکردنی سەروەری یاساوە، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری هۆکارێکی گرنگی
دەستەبەرکردنی سەروەری یاسایە، كاتێک دادوەرەكان بەپێی حوكمی یاسا كارەكانیان
ئەنجام بدەن، ئەمە بەڵگەیەكی یاساییە لەسەر ملكەچبوونی دەوڵەت بۆ پرەنسیپی سەروەری
یاسا، چونكە دەركردنی بڕیاری دادگاكان بەپێی دەستور و یاسا گریمانە و بنەمایەكی بنەرەتییە بۆ بوونی
پرەنسیپی سەروەری یاسا لە وڵاتدا، بۆیە دەتوانین بڵێین سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری
بەو پێیەی ڕۆڵێكی گرنگ و كاریگەری هەیە لە پاراستنی ماف و ئازادییە بنەڕەتیەكان بە
گرنگترین بنەمای پرەنسیپی سەروەری یاسا دادەنرێت، چونكە باسكردنی دەوڵەتی
دامەزراوەیی وسەروەری یاسا بەبێ بوونی دەسەڵاتێكی دادوەری سەربەخۆ دروشمێكی بۆگەن و قیزەونە.
لەڕووی پاراستنی مافی هاوڵاتیان لەقۆناغی ڕاگوزەری سیاسیدا، دەسەڵاتی
دادوەری سەربەخۆ ڕۆڵێكی گرینگ دەبینێت لەپێناو پاراستنی مافی هاوڵاتیان بەتایبەتی
لەقۆناغی ڕاگوزەری سیاسیدا، لەو وڵاتانەی تازە لەژێر حوكمی دیكتاتۆری ڕزگاریان بووە، چونكە هەر دادگای سەربەخۆیە، كە
بتوانێت ڕووبەڕووی زیادەڕەوی هێزە سیاسی و ئابوورییەكان و گەندەلییە دارایی و كارگێڕییەكان
ببێتەوە، سا ئەو هێزانە پاشماوەی ڕژێمی پێشوو بن یان لەگەڵ ڕژێمی تازە سەریان
هەڵدابێت. لەڕووی ئابورییەوە،قەزای سەربەخۆ ڕۆڵێكی گرینگ دەبینێت لەو كۆمەڵگە
دیموكراتیانەی، كە پشت بە ئابووری بازاڕ دەبەستن، چونكە دەتوانێت هاوسەنگی هێز
بپارێزێت لەناو حكومەتدا، هەروەها ماف و ئاسایش و موڵك و سامانی هاوڵاتیان بپارێزێت،
كاتێک بەشێوەیەكی شەفاف و ڕوون و بەپێی یاسا كێشەكان یەكلا دەكاتەوە، دەرگای
کراوەیە بۆ وەرگرتنی هەر جۆرە سکاڵاو داوایەک لە هەر کەس ولایەنیکەوە ،بی
جیاوازیکردن لە نێوانیاندا، ئەمەش دەبێتە
هۆی پاراستنی موڵك و ماڵی هاوڵاتیان و هاندانی كێبڕكێ و گەشەی ئابووری لە وڵاتدا.
لەكۆتاییدا
هەر سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەرییە، كە بتوانێت بناغەی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی لە
وڵات دابین بكات، بەهۆی ئەوەی لایەنێکی تایبەتمەندە کە بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەكان پەنای بۆ دەبردرێت. بەڵام
ئەگەر دۆخەكە پێچەوانە بێت، واتە ماف و ئازادی هاوڵاتی پێشێل بكرێت، بەڵام
دادگاكان دەستە وەستان و بێ هەڵوێست بن، ئەو كاتە هێز جێگەی یاسا دەگرێتەوە و
حوكمی یاسا لەكار دەخرێت، لەو دۆخەشدا تاكەكان ناچار دەبن پەنا بەرنە بەر هێز بۆ
وەرگرتنەوەی مافەكانیان، بەو پێیەش ڕۆڵی یاسا وەك بنەمایەك بۆ ڕێكخستنی ژیانی كۆمەڵگا دادەڕمێت و هێز و چەك و توندوتیژی
جێگەی دەگرێتەوە، بۆیە تەنیا سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریە، مایەی دەستەبەرکردنی
سەروەری یاسا و ئاشتی وخۆشگوزەرانی و ئارامی و پێشکەوتنی كۆمەڵگایە.
٢٨/٨/٢٠٢٥
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی