هەڵوێستی کورد لە شەڕی حەماس و ئسرائیلدا

08/10/2025

موحسن ڕۆستەم

سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو دەیە بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق، سەقامگیری وڵات و ناوچەکە لە دۆخێکی خراپی هەڵچوون و داچووندایە. شەڕی نێوان بەرەکان درێژەیان هەیە، گرژییە سەربازی و پێکدادانی ناوچەیی بەردەوامن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕەگ و ڕیشەی زۆربەی ناکۆکیەکان دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکەوتننامەی سایکس بیکۆ کە پرۆژەیەکی فەرەنسی و بەریتانی بوو لە ساڵی ١٩١٦، دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردە چەند ووڵاتێک، کوردستانیشیان بەسەر چوار لەو ووڵاتانەدا دابەشکرد، بەڵام ئەو ڕێکەوتننامەیە نەک نەیتوانیوە نەزمێکی بەردەوامی ناوچەیی دابمەزرێنێت، بەڵکو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گیرۆدەی دۆزخی جەنگ و ماڵوێرانی بەردەوام کردووە. دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سەد ساڵ بەسەر ئەو ڕێکەوتننامەیەدا، لە بارودۆخێکی نوێ کە توندوتیژی لە ترۆپکدایە، زلهێزە جیهانیەکان بە دوای داڕشتنی ئەڵتەرناتیڤی جیۆپۆلەتیکی نوێدا دەگەڕێن، بەتایبەت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ بەرژەوەندییە دژبەیەک و پڕۆژە هەژموونییەکان، لەسەر حیسابی خواستەکانی کۆمەڵگاکانی.

لەم چوارچێوەیەدا، تۆم باراک، نوێنەری پێشووی ئەمریکا، پێشتر بە ڕۆژنامەی ئەشرق ئەلئەوسەتی ڕاگەیاندووە، "ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها وەهمێکە"، وەسفێک کە بە ڕوونی سروشتی ئاڵۆزی دیمەنی ناوچەکە ئاشکرا دەکات.

یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەو وەهمەی باراک باسی دەکات، ئەوەیە کە هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا، لەسەر بنەمای هێزی سەربازی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن نانەوەی پشێوی بۆ دابینکردنی هاوسەنگی هێزی خۆیان لە ناوچەکەدا، بەتایبەت ئەم دوو وڵاتە نیگەرانی هاوبەشیان هەیە سەبارەت بە هەر جۆرە هەوڵێک کە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داڕێژێتەوە، چوونکە دەترسێن کە کاریگەریان لاواز بێت و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان بشێوێت، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسی کورد.

ئێران بەتایبەتی، ئیسرائیل وەک یاریزانێکی چالاک لە ئەندازیاریکردنی پڕۆژەیەکی جیۆپۆلەتیکی نوێ  دەڕوانێت و هەوڵدەدات لە ڕێگەی چەندین ڕێگەی جۆراوجۆرەوە، لەوانە بەکارهێنانی حەماس و شیعەکانی لوبنان و یەمەن و هتد.. بەرپەرچی بداتەوە، هەر بۆیە تاران سەرهەڵدانی شەڕی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ کە لەلایەن حەماسەوە دەستیپێکرد، بۆ کردنەوەی بەرەیەکی بە وەکالەت قۆستەوە لەدژی ئیسرائیل. هەروەها تۆڕی هاوپەیمانییەکانی لەگەڵ زلهێزە نێودەوڵەتییەکانی وەک چین، کە تاڕادەیەکی زۆر پرسەکانی چارەنووسی خۆنووسین پشتگوێ دەخات، هەروەها لەگەڵ ڕووسیاش کە سیاسەتێکی ڕکابەری لەگەڵ پرۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا گرتۆتە بەرو کار بۆ تێکدانی دەستپێشخەری و ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام دەکات، کە پێدەچێت ئامانجی ئیسرائیل لەو ڕێگەیەوە داڕشتنەوەی نەخشەی پەیوەندییەکانی ناوچەکە بێت.

پرسیاری ئەمڕۆ، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیانە، ئەوەیە: هەڵوێستی کورد لە بارەی شەڕی بەردەوامی نێوان غەززە و ئیسرائیل چییە؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە سێ خاڵی سەرەکی لەبەرچاو بگیرێن: ١.

ئەگەر ئێران بتوانێت کۆنتڕۆڵی تەواو بەسەر عێراق و تورکیاش بەسەر سوریادا بەدەستبێنێت، ئەوا بەرژەوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە لەگەڵ بەرژەوەندیی داگیرکەرانی دیکەی کوردستانی گەورە، دەتوانن بە هاوپەیمانییەکی هاوبەش ڕووبەڕووی هەر پرۆژەیەکی دیکە ببنەوە لە ناوچەکەدا کە ئیسرائیل یان ووڵاتانی ڕۆژئاوا خاوەندارێتی بکات.

ئەو ڕۆڵەی ئیسرائیل گێڕای لە پووچەڵکردنەوەی ئەو پڕۆژە ئەتۆمیانەی کە لە عێراق و سوریا و ئێران پەرەی پێدەدرا، کارێکی ناوازەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی پرسی فەڵەستین، پرسێکی مرۆیی ڕەوایە کە خودی ووڵاتە عەرەبییەکان، بە ئێران و تورکیاشەوە بەشێکن لە شکستی فەڵەستینیەکان- و بەردەوام تۆمەتبار دەکرێن- بە سپۆنسەرکردنی تیرۆر یان ئیستغلالکردنیان وەک ئامرازێک بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان لە ناوچەکەدا.

لەگەڵ ئەو هەموو تراژیدیایەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و فەڵەستین بەتایبەتی ڕوودەدات، پێویستە کورد خۆی لە تەرەفگیری دوور بگرێ و نەگلێتە ناو کێشەی نێوان ئسرائیل و فەڵەستینەوە، بەتایبەت کە پرسی فەڵەستین تێکەڵەیەکە لە ناکۆکی ناسیۆنالیستی و ئایینی نێوان جوولەکە و عەرەب.. وە پێشینەیەکی مێژوویی قووڵی هەیە. گەلی عەرەب کە بیست و دوو دەوڵەتی ناسیۆنالیستیان هەیەو دەیان دەوڵەتی ئیسلامیش لەپشتیانە، نابێت سیاسیەکانی کورد خۆیان لەو پرسە هەڵقورتێنن، بەڵکو دەبێت هەڵوێستیان بەشێوازێک هاوسەنگ و بێلایەن بێت کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی کورد بگوونجێت.. ئەوەش ئەوەیە کە سیاسەتی بێلایەنی ئەرێنی بگرێتەبەر.

دەبێت ئەوەش بگووترێ، پێشینەیەکی ژەهراوی مێژوویی نێوان زۆرینەی سەرکردە فەڵەستینیەکان و دۆزی کورد ئەوەیە، کاتێک ڕژێمی سەدام حوسێین لە ساڵی ١٩٨٨، پرۆسە تاوانکاریەکانی ئەنفالی دژ بە گەلی کورد ئەنجام دا، زۆربەی لایەنە فەلەستینییەکان پێشوازیان لێکردو تێوەگلان لە پشتیوانیکردن ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال..!! ئەوەش برینێکی قووڵ و لاپەڕەیەکی تاریکە لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و فەلەستین.
زێدەباری هەموو ئەوانەش کە دەگووترێت دووژمنی دووژمنەکەم دۆستمە، ئەو بۆچوونەش خزمەت بە دۆزی کورد ناکات.. ئاخر ئەگەر داگیرکەران ئەمڕۆ دووژمنن، سبەی دەبینە دراوسێ.



ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی