کورد لەڕۆژئاوا، هەنگاو بەڕێگە ڕاستەکەدا

08/10/2025

جەعفەر عەلی

جوانی سیاسەت لەبەڕێوەبەری خۆسەر لەڕۆژئاوا، لەنێو ماڵی دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرعدا، ئەوەی وەک ماف دەیبینن داوایدەکەن، نەک لەقامیشلۆو حەسەکە، هاوار بۆ دروشمی گەورە بکەن، کە چونە پایتەختی دەسەڵاتیش، بەزمانێکی شەرمنانەو بەزەلیلی پەشیمانی دەرببڕن.

وەفدی هەسەدە لەکۆبونەوەكه‌یدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع لەپایتەختی دەسەڵاتەوە، داوای مانەوەی فۆڕمی هەرێمی خۆبەڕێوەبەریان كردوە، هەروەها تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدەیان بەسوپاکەی شەرع به‌گوێره‌ى داواکارییەکانی دیمەشق‌و تورکیا، ڕەتکردوەتەوە.

سیاسییەکانی کورد لەباشور، ئەوەی لە 2003 بۆ 2005 وێڕای کێشە سیاسیی‌و جیۆپۆلەتیکییەکانیش، دەیانتوانیی لەعێراق بەدەستیبهێنن، ئەمڕۆ ناتوانن، دەرفەتەکەیان دۆڕاند.

کوردانی ڕۆژئاواش، ئەوەی لەئێستادا دەتوانن لەڕوی سیاسییەوە پێیبگەن، هەرگیز لەقۆناغەکانی دواتری بەهێزبونەوەو سەقامگیریی دۆخی شەرع، خۆ ڕێکخستنەوەی لەڕوی ئابوری، ئیداریی، سیاسیی‌و سەربازیی، ناتوانن بەدەستیبهێنن، تائێستا واقعیانە سیاسەتدەکەن، بەگوێرەی هاوکێشەی هێز لەئاستی ناوەوەو دەرەوە، کار بۆ بردنەسەری ئەجێنداو مافە سیاسیی‌و کولتورییەکانی کورد دەکەن، ڕاگرتن‌و بردنەپێشی ماف‌و بەرژەوەندیی کورد لەململانێی ئەمریکا، ڕوسیا لەڕۆژئاوا، وەک دوو زلهێزی جیهانیی لەناوچەکە لەڕابردودا، بەڵگەی حیکمەتی سیاسییەکانی ئەم بەشەی کوردستانمان پێدەڵێت.

سەرکەوتنی ڕۆژئاوا، دەبێتە هیوایەک بۆ ئایندەو شانازییەکی گەورە بۆ کوردبون.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی