فەڕەنسای ئازادی و خۆپیشاندان

10/10/2025

لەتیف فاتیح فەرەج

لە ماوەی پێشوودا دوای چەند كاتژمێرێك لە ڕاسپاردنی بۆدروستكردنی حكومەت سەرۆك وەزیرانی فەڕەنسا دەستكێشانەوەی لە كارەكە ڕاگەیاند، یەكێك لە مەرجەكانی زندوێتی تاكەكانی هەر گەلێك ئەوەیە كە بەردێك هەڵنەگرێت كە ناتوانێ‌ بیوەشێنێت، فەڕەنسا لە شۆڕشی فەڕەنسیەوە تا ئێستا خاوەنی زندو ترین گەلی دنیایە ، گەلێك كە ئەگەر هەموو ڕۆژێك لە پێناوی ئازادیدا، ئازادی خەڵكی تریشدا بێتە سەر جادە ماندوو نابێت، گەرچی گەلی فەڕەنساش زۆر جار بە هۆی دەسەڵاتداری ستەمگەراوە بووە بە بەشێك لە چەوسانەوەی خەڵكانی دیكە، بەڵام شۆڕشی فەڕەنسی لە شوێنێكا ئەوەی ڕاگرت، لانی كەمی ستەمكاری زۆر پاشە كشەی كرد ، لێ‌ گەلی فەڕەنسی هێشتا بۆ هەر بابەتێك كە پەیوەستە بە مافی مرۆڤەوە ئامادەیە بڕژێتە سەر جادە، لە گەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەوروپا بە گشتی و فەڕەنساش نەیانتوانیوە خۆیان لە خۆسەپێنی سیاسەتی ئەمەریكی رزگار بكەن، كە قسە لە رزگار بوون لە خۆسەپێنی ئەمەریكی دەكرێت ، مانای ئەوەیە قسە لە خۆبڕیاری دەكرێت ، ئەو خۆ بڕیاریەی پێویستە فەڕەنساو ئەوروپا جگە لە بەریتانیا هەیانبێت و لە دەرەوەی نەخشەی سیاسەتی ئەمەریكیدا پیادەی بكەن ، هەڵبەت هەڵاوێرد كردنی بەریتانیا گرێدراوە بەوەوە كە ئەمەریكا و بەریتانیا لە سیاسەت و هەنگاودا وەك " گیانێكن لە دوو جەستەدا".
بەشێكی گرنگی خۆپیشاندان و توڕەیی بەردەوامی گەلی فەڕەنسا پەیوەستە بەو خاڵەی سەرەوە، یانی سیاسەت  بە جۆرێكی خۆخاوەن و سەربەخۆ، ئەوە ئەگەر لە ململانێی حزبەكانیشدا بۆ گەیشتن بە دەسەڵات ڕەنگ نەداتەوە، ئەگەر ڕای گشتیش بە جۆرێكی ئاشكرا دەرینەبڕێت، بەڵام  سیاسی و بیرمەندو دەستەبژێری فەڕەنسی دركی پێدەكەن ،لە جەنگی جیهانی دوەمەوە ئەمەریكا هەموو ڕێگەیەكی گرتوەتە بەر بۆ كەوی كردنی وڵاتانی ئەوروپی، ئەوەی لە گەڵ هەر وڵاتێكی تر پێكرا بێت لە گەڵ فەڕەنسا پێی نەكراوە، گەرچی زۆر جارو لە زۆر بواردا لەمپەری خستوەتە بەردەم هەنگاوەكانی ، وەك ئەوەی ڕێگری كرد لە مامەڵەی فڕۆكەی فەڕەنسی لە گەڵ ئوسترالیا، ئەمەیان بابەتێكی ترەو ئێمە نامانەوێت لەو بارەیەوە قسە بكەین ، بەڵام بابەتی ناڕەزایەتی بەردەوامی گەلی فەڕەنسی بەرتاقای ئەوەی شەڕی باشكردنی ژیان و ئابوریە ، شەڕی ئازادیشە ، ئازادی بەو مانایە نا كە لە ناو فەڕەنسادا ئازادی نیە، بەو مانایەی فەڕەنسا سیاسەتی ئازادانەو خۆ خاوەنیانەی خۆی هەبێت و نەبێتە بەشێك لە سیاسەتی وڵاتگەلی دیكە .
سیاسەتی ئازادانە بێلایەنی نیە، كە ئەمڕۆ بێلایەنی نەماوە، سیاسەتی ئازادانە نەكەوتنە ژێر كاریگەری ئەمەریكاو ڕوسیایە، هەڵبەت پێش شەڕی ئۆكراین و لە دوای ئەو شەڕەشەوە كە پێچەوانەی بۆچونی شڕۆڤە كارانی سیاسی زۆری درێژە كێشا، ئەوروپا بە جۆرێك دەبینرێت كە وابەستەی سیاسەتی ئەمەریكیەو بە گشتی دەرگایان بە ڕوی هەموو گفت و گۆیەكدا لە گەڵ ڕوسیا داخستوە، ئەمەریكاش هەر ئەوەی دەوێت، ئەوەشمان بیر نەچێت كە ئەمەریكا لە ناو زۆربەی وڵاتانی دنیادا نەك هەر ئەوروپا دەتوانێت كێشە دروستبكات، خۆ پیشاندانەكانی ئێستای فەڕەنسا ، گەڕان بە دوای ئازادی فراوانتری نێو دەوڵەتیدا سەرەتای ژانی لە دایكبونێكی نوێیە، ئەگەر گیانی ڕاسیستی كە خەریكە ئەوروپا دەتەنێت تێكی نەدات، ئەگەر شۆڕشی شۆڕشی بە گژا چونەوەی چینایەتی و ڕژێمی پاشایەتی و نادادی  بووبێت ، ئێستا لە هەر كات زیاتر فەڕەنسا پێویستی بە شۆڕشی خۆخاوەنی و جیاكردنەوەی دیدی سیاسیە لەوانی دیكە بۆ بەرژەوەندی گشتی نەك هەر لەناو خۆی فەڕەنسا بگرە بۆ تەواوی ئەوروپا و جیهان، بێگومان لەمەدا گەلانی ستەملێكراوی وەك گەلی كورد زیاتر لە هەر گەلێكی دیكە چاویان لەوەیە فەڕەنسا و گەلی فەڕەنسی لەو خۆخاوەنیە سیاسیەدا ببنە پاڵپشت و پەناگەیان بۆ گەیشتن بە ئازادی.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی