كۆنفڕانسی مشكەكان

7 کاتژمێر پێش ئێستا

زیرەك كەمال

پشیلەیەك مەملەكەتی مشكەكانی كردبووە یەك پارچە لە ترس‌ و تۆقاندن، ئاخر ئەو پشیلەیە شەوبا یان ڕۆژبا، هەرکاتێک بۆی بلوابا، دەست‌وبرد وەکو شەبەیخوون دەهات‌ و پەلاماری مشكێكی دەدا و حەپەلووشی دەکرد.

وایلێهاتبوو هیچ کامێک لە مشكەكان، بەتەمای ژیانی خۆیان نەمابوون، بۆیە هەموویان بڕیاریاندا کۆببنەوە، ئیدی وەکو بەشێک لە سیاسییەکانی لای خۆمان كەوتنە تاوتوێكردنی دۆخەكە‌ و ئەنجامدانی چەندان كۆبوونەوە بۆ ڕووبەڕبوونەوەی پشیلەكە. سەرەنجام مشكەكان بڕیاریاندا بە سپۆنسەری تەلەڤزیۆنە درۆزنەكە، بۆ داڕشتنی نەخشەیەک لە دژی پشیلە، كۆنفڕانسێک ڕێك بخەن. بەیانی زوو بە بەشداری سەرجەم مشکەکان كۆنفڕانسەكە ، دەستی بەكارەكانی خۆی كرد. ئیدی ڕۆژ ڕۆژی خۆهەڵكێشان بوو، هەر مشكە و دەهاتە سەر مینەر‌ و پڕ بەدەم هاواری دەكرد ئازادی‌و سەقامگیری بۆ مەملەكەتەكەمان‌ و مردن‌ و ڕووڕەشی بۆ پشیلە. هەبوو دەیگوت شوورەییە بۆ ئێمەی مشك، تاكەی یەک پشیلە ئاوا هەر ڕۆژە ئەندام‌ و برادەرێكی قشتیلەمان دەخوات.

یەكێكی تر دەیگوت گوناهی خۆمانە ئەگینا پشیلەیەك چییە بە تەنها ئاوامان لێ‌ بكات‌، كار ئاوا بڕوات قڕانمان دێت. دواتر مشكێك بە ناز و فیزەوە هاتە سەر مینبەر‌ و گوتی: وا باشە بۆ ئەوەی لە کاتی هاتنی پشیلەکە ئاگادربین، زەنگۆڵێك بخەینە ملی پشیلەكە‌، بۆ ئەوەی هەر كاتێك لێمان نزیك بووەوە بە زەنگۆڵەكەی ملی بزانین‌ و ئیدی هەموومان بەرەو کونەکان رابكەین.

بەم پێشنیارە سەراپای ئەندامانی كۆنفڕانس دایان لە چەپڵە و بە بژی بژی پاڵپشتی پێشنیارەكەیان كرد، بەڵام دواتر مشكێك كە لە هەموویان بە تەمەنتر‌ و دنیادیتەتر بوو، چووە سەر مینبەرەكە‌ و گوتی: خوشك‌و برا بەڕێزەكان پێشنیارەكە بەجێیە، بەڵام كێیە ئەو مشكەئازایەی کە زەنگۆڵەکە دەخاتە ملی پشیلەكە؟ دوای ئەم پرسیارە، ئەندامانی كۆنفڕانس سەریان بردەوە ناو قاوغی خۆیان‌.

دواتر نامەیەکی پشیلەکە گەیشتە ژووری کۆنفڕانسەکە کەپشیلەکە تیایدا نووسیووی: من بۆیە ڕۆژانە دانەیەک لە ئێوە دەخۆم، بۆ ئەوەی لە ڕێوی بتانپارێزم٠ بەم قسەیە سەرجەم ئەندامانی کۆنفڕانس بە دەم هاڕەی چەپڵە و بژی پشیلەی دڵسۆز، پێشوازیان لە نامەکە کرد، نەک هەرئەوە بەڵکوو دواتر کۆنفڕانس بڕیاریدا بەناوی هەموو مشکەکان میدالیای ئاشتی ببەخشنە پشیلەکە. هەڵبەت لای ئێمەی مرۆڤەکانیش هەروایە، عاشق بە جەلادی خۆمانین. لە چەپڵەلێدان ئازاین و خۆشباوەڕین، ئاخر سمەڕاوچی باشترین ڕاوچی مەملەکەتەکەمان بوو، جارێک لە جیاتی کوشتن بە تفەنگ، بە دەست مامزێکی گرتبوو، خەڵک وایان زانیبوو دۆستی ئاژەڵانە و ئێستا کردوویانە بە بەڕێوەبەری بەرگریکردن لە مافی باڵندەو ئاژەڵەکان.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی