خشتەی زەمەنی هەڵبژاردن‌و پێکهێنانی حکومەتی نوێ: لەنێوان دەستورو هەوڵە سیاسییەکاندا

12 کاتژمێر پێش ئێستا

سلێمان مستەفا حەسەن

هەنگاو بەهەنگاو؛ خشتەی زەمەنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەدەستووردا هاتووە چوارساڵ جارێک هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجامدەدرێت، وەک بڕیاری لێدراوە ڕۆژی ١١/ ١١ /٢٠٢٥ ڕۆژی هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، بێگومان ٤٨ کاتژمێر بەر لەو وادەیە دەنگدانی تایبەت ئەنجامدەدرێت، پاڵپشت بەبڕگەی یەکەمی ماددەی ٢٢) یاسای ژمارە (٤) ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگان، ژمارە (١٢) ی ساڵی ٢٠١٨.

بەپێی خاڵی (ب) بڕگەی یەکەمی ماددەی (٣) لەسیستەمی دەنگدان و هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان ژمارە (٩) ی ساڵی ٢٠٢٥ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، دەنگدان لەکاتژمێر (٧ بەیانی بۆ ٦ئێوارە) دەبێت، دوای ئەو وادەیە ئامێرەکانی دەنگدان لەکاردەکەون و هیچ دەنگدەرێکی تر بۆی نییە دەنگبدات.

بەپێی یاسا هەڵبژاردن، یاسای کۆمیسیۆن و سیستەمی تانەو سکاڵای ژمارە (١٠) ی ساڵی ٢٠٢٥کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، حیزب و کاندیدان و دەنگدەران بۆیان هەیە لە ڕۆژی دەنگدان سکاڵای پێشکەش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بکەن، وەک لە بڕگەی سێیەمی ماددەی (٤) ی سیستەمی تانە و سکاڵادا هاتووە، سکاڵای ڕۆژی دەنگدان لە کاتژمێر (٧) بەیانی لەگەڵ دەست پێکی دەنگدان دەست پێ دەکات بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر، دوای ئەو وادەیە هیچ سکاڵایەک وەرناگیرێت.

بۆ دڵنیا بوون لە پاکی هەڵبژاردن، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن پابەند کراوە، لە ماوەی (٢٤) کاتژمێر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕابگەێنت، وەک لە خاڵی (ێ) بڕگەی (١) ی ماددەی (١٠) یاسای ژمارە (٤) ی ساڵی٢٠٢٣ یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاکان ژمارە (١٢) ی ساڵی ٢٠١٨ دا هاتووە.

بەپێی ماددەی (٢٠) لە یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ژمارە (٣١) ساڵی ٢٠١٩دوای یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکان لە لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمسیاران، لایەنە زەرە مەندەکان بۆیان هەیە لە ماوەی (٣) ڕۆژ لە ڕۆژی دوای بڵاو کردنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەن تایبەت بە سکاڵاکان، تانە لە بڕیاری ئەنجوومەن بدەن لەبەردەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردن، پێویستە کۆمیسیۆن لە ماوەی (٧) ڕۆژ وەڵامی پرسیار و داواکارییەکانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن بداتەوە، دەبێت دەستەی دادوەری هەڵبژاردنیش لە ماوەی (١٠) ڕۆژ لە ڕۆژی وەرگرتنی وەڵامی کۆمیسیۆن وەڵامی تانەکە بداتەوە بڕیاری کۆتاییان لە بارەوە بدات، بەپێی بڕگەی سێیەم لە ماددەی (١٩) لە یاسای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بڕیارەکەی دەستە دادوەری هەڵبژاردن بنبڕن، دوای یەکلایی کردنەوەی تانەکان لە لایەن دەستەی دادوەری هەڵبژاردن ئەنجامی کۆتایی ڕادەگەێنرێت و بە نووسراوێکی فەرمی تەواوی ئەنجامەکان و داتاکان و بەرکەوتەی لیستەکان و کاندیدە براوەکان بۆ دادگای فیدراڵی دەنێردرێن بە مەبەستی پەسەند کردنی ئەنجامەکان و ئەندامیەتی ئەندامانی ئەنجوومەن وەک لە ماددەی (٩٣) دەستوور و بڕگەی دووەم و سێیەمی ماددەی (١٠) ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای فیدراڵی ژمارە (١) ی ساڵی ٢٠٢٥ داهاتووە، دادگای فیدراڵی لە ماوەی (٣) ڕۆژ لە گەیشتنی دۆسیەکە بڕیار لە وردبینی دەدات یان ماوەیەکی تر کە بە پەسەندی بزانێت، دادگای فیدراڵی دوای پەسەند کردنی ئەنجامەکان و پەسەند کردنی دروستی ئەندامیەتی ئەندامانی ئەنجوومەن بە نووسراوی فەرمی هەر سێ سەرۆکایەتی ئاگادار دەکاتەوە.

هەنگاوی دوای پەسەند کردنی ئەنجامەکان و دروستی ئەندامیەتی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ خولی شەشەم لە لایەن دادگای فیدراڵی؛

وەک لە ماددەی (٥٤) دەستووردا هاتووە، پێویستە سەرۆکی کۆمار لە ماوەی (١٥) ڕۆژ لە ڕۆژی پەسەند کردنی ئەنجامەکان، بانگهێشتی کۆ بوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکات.

ئەنجوومەنی نوێنەران یەکەم کۆ بوونەوەی لە لایەن بەتەمەنترین ئەندامەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و دوای ئەوە ئەندامان سوێندی یاسایی دەخۆن، پێویستە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگرەکانی هەڵببژێررێن وەک لە ماددەی (٥٥) دەستووردا هاتووە، هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران پێویستی بە (زۆرینەی ڕەهای ژمارەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن) هەیە، هەروەها بە پێی ماددەی (٥٦) ی دەستوور ڕۆژی سوێند خواردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بە ڕۆژی دەست پێکی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەران دادەنرێت.

دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگرەکانی لە یەکەم کۆ بوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، پێویستە لە ماوەی (٣٠) ڕۆژ لە ڕۆژی ئەنجامدانی یەکەم کۆ بوونەوە ئەنجوومەن سەرۆکی کۆمار هەڵببژێرێت وەک لە خاڵی (ب) ی بڕگەی دووەمی ماددەی (٧٢) ی دەستووردا هاتووە، پێویستە بەربژێری سەرۆکی کۆمار (دوو لەسەر سێی) دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست بهێنێت، ئەگەر ئەو ڕێژەی لە دەنگەکان بەدەست نەهێنا ئەوا هەڵبژاردن دووبارە دەکرێتەوە لەنێوان ئەو دوو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگیان بەدەست هێناوە، وەک لە ماددەی (٧٠) دەستووردا هاتووە.

دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێویستە لە ماوەی (١٥) ڕۆژ لە ڕۆژی هەڵبژاردنی گەورەترین لیست ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینە وەک لە بڕگەی یەکەمی ماددەی (٧٦) دەستووردا هاتووە.

دەبێت سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ڕاسپێر دراو لە ماوەی (٣٠) ڕۆژدا کابینەی وەزاری پێشکەش بکات وەک لە بڕگەی دووەمی ماددەی (٧٦) ی دەستووردا هاتووە.
لە کاتی شکستهێنانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی ڕاسپێر دراو بە پێشکەش کردنی کابینەی وەزاری، ئەوا بەپێی بڕگەی سێیەمی ماددەی (٧٦) دەستوور سەرۆک کۆمار پاڵێوراوی نوێ ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینە.

کۆبەند؛
بەپێی ئەو خشتە زەمەنی یە، لە ڕۆژی (١١/ ١١/ ٢٠٢٥) بۆ پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دروستی ئەندامیەتی ئەندامانی ئەنجوومەن لە لایەن دادگای باڵای فیدراڵ یەوە، پێویستی بە (٤٠ بۆ ٦٠) ڕۆژ هەیە.

بەپێی خشتەی زەمەنی دەستوور، لە ڕۆژی یەکەم کۆ بوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و سوێند خورادنی ئەندامان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ڕاسپاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، پێویستی بە لانی کەمی (٩٠) ڕۆژ هەیە.

بەپێی دەستوور و یاسا و پەیڕەوەکانی کۆمیسیۆن و دادگای فیدراڵی و خشتە زەمەنی کات بەندیەکان بێت، لە ڕۆژی دەنگدانەوە بۆ پەسەند کردنی ئەنجامەکان و ناردنیان بۆ دادگای فیدراڵی و پەسەند کردنی ئەندامیەتی ئەندامانی ئەنجوومەن، لانی کەمی ماوەی (٤٠ بۆ ٦٠) ڕۆژی دەوێت، هەروەها لەگەڵ دەست پێکی یەکەم کۆ بوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پێکهێنانی کابینە و متمانە پێدانی لانی کەمی (٩٠) ڕۆژی پێویستە، بەم شێوەیە ڕۆژژمێری پێکهێنانی کابینەی حکومەتی نوێ دەکەوێتە کۆتای مانگی نیسان و ناوەڕاستی مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٢٦،  واتە پێویستی بە (١٣٠ ڕۆژ بۆ ١٥٠ ڕۆژ) هەیە، بۆ بەرچاو ڕوونی زیاتر بڕوانە خشتەی ڕۆژمێری هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەت، لە کاتێکادا ئەگەر هەڵبژاردنەکە پاک و بێگەرد بێت و دڵخوازی لایەنەکان بێت و سکاڵا و تانەکان لە سنووری پەسەند کرا و دابن و پێشهات و ناکۆکییەکان زۆر قووڵ نەبن و بارودۆخەکە بە ئاراستەیەکی نا ئاسایی دا نەبەن، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و دەستەی دادوەری هەڵبژاردن و دادگای باڵای فیدراڵی  کاتی کەمتریان دەوێت بۆ کۆتایی هێنان بە هەنگاوی یەکەم ، بەهەمان شێوە دەکرێت هەنگاوی دووەمیش کاتی کەمتری بوێت ئەگەر حیزبە براوەکان هاودەنگ بن زوو بسازێن، دەکرێت شەمەندەفەرەکە لە وادەیەکی زووتر بە ئاسایی بەرێ بکەویت و بگاتە دوا قۆناخی، چونکە شاراوە نییە ئەزموونی خولەکانی ڕابردوو شایەتی ناکۆکی و بن پێ کردنی دەستوورن، بۆیە لەنێوان پەنابردن بۆ دادگای فیدراڵی و دۆزینەوەی کە لە بەر و درز بۆ مانۆڕی سیاسی و سوود وەرگرتن لە کات و هەژموونی وڵاتانی جیهان و ئەقلیمی لە لایەکی تریش بێ گەردی هەڵبژاردن هەموو ئەوانە پێکەوە کاریگەریان هەیە لەسەر وادەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی.

\

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی