دوای هەڵبژاردن لەسەر سەرۆك كۆمار رێكنەكەون، پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دەچێتە تونێلێكی تاریكەوە

5 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرتیپ جەوهەر


بەپێی هەڵسەنگاندنی بارودۆخ و ئەو زانیاریانەی ئێستا بەردەستن، دوای هەڵبژاردنی عیراق، بارودۆخێكی پڕ ئاستەنگ روو لەپەیوەندی پارتی و یەكێتیی دەكات. هەردوولا چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنی عیراقن تاوەكو پۆستەكانی بەغداو كابینەی نوێی هەرێم لەنێوان خۆیان یەكلایی بكەنەوە، بەڵام پێناچێت ئەوەندە ئاسان بێت چونكە پرسەكە بەتەنها دابەشكردنی پۆست نییە، بەڵكو گرێدراوی بارودۆخی ئیقلیمیشە.
لەدوای دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان، پێویستە پارتی و یەكێتیی لەماوەی یەك مانگ لەسەر شێوەی كاركردن بەیەكەوەو دابەشكردنی پۆستەكانی بەگشتیی و بەتایبەت كاندیدی سەرۆك كۆمار رێككەون. ئەگەر رێكنەكەون، بەدڵنیاییەوە پرسی دروستكردنی حكومەتی هەرێم گرێ كوێرەی بۆ دروستدەبێت و پێدەنێتە قۆناغێكی دیكە، ئەویش یان كابینەی نوێ‌ زۆر زیاتر دوادەكەوێت و دەچێتە تونێلێكی تاریكەوە یاخود پارتی هەوڵدەدات رێگەیەكی دیكە بگرێتەبەر ئەویش رێككەوتنە لەگەڵ لیست و قەوارەكانی دیكە كە بەپێی مەنتق زۆر زەحمەتترە لە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتیی و لێكەوتەكانیشی زۆر خراپ دەبێت. بەپێی هەموو ئەگەرێك پێداگری لەسەر بەرژەوەندی حزبیی و دەستوەردانی ئیقلیمیی دوو هۆكاری سەرەكی دەبن كە پرسی پێكهێنانی حكومەت زەحمەت دەكەن.

لەدوای رەوانشاد (مامجەلال) دەتوانین بڵێین كورد سەركەوتوو نەبووە لەهەڵبژاردنی كەسێكی كاریگەر لەبەغدا وەك سەرۆك كۆمار، بۆیە لەدوای مامجەلال ئەو پێگەیە لەبەغدا لاوازبووەو كورد سودێكی ئەوتۆی لەو پۆستە نەبینیوە.
مامجەلال هەم بۆخۆی سەركردەیەكی خاوەن ئەزموون و خاوەن پەیوەندییەكی سیاسی زۆر بەهێزبوو، هەمیش لەلایەن پارتی و حزبەكانی دیكەی كوردستانیشەوە پشتیوانی دەكرا، ئەمەش بەهێزتری كردبوو، بەڵام لەماوەی 10 ساڵی رابردوو هەركەسێك بووبێتە سەرۆك كۆمار بەململانێیەكی سەخت بۆتە سەرۆك كۆمار بۆیە، زیاتر نوێنەرایەتی حزبەكەی كردووە نەك هەموو گەلی كورد.
مامجەلال جگە لەوەی كۆكەرەوەو لایەنە عیراقییەكان بوو، هاوكات لەبەغدا گولەبەندێكی زۆر كاریگەربوو بۆ خەڵكی كوردستان مخابن ئەو بۆشاییە پڕنەكرایەوە، رێگری لەپێشێلكارییە دەستورییەكان و دەستدرێژی سەر مافی خەڵكی كوردستان دەكرد. ئەو نوێنەرایەتی حزبێكی نەدەكرد نەدەكرد، بەڵكو نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستانی لەبەغدا دەكرد. ئەم نوێنەرایەتیەی لەپەیوەندی و رێككەوتن لەگەڵ كاك مەسعود بارزانیی سەرۆكی پارتی و هەموو سەرۆك حزبە كاریگەریگەرەكانی كوردستانەوە سەرچاوەی گرتبوو، بۆیە ئەو گرفتانەی رووبەرووی هەرێم دەبوویەوە هەر لەبەغدا خۆی چارەسەری دەكردن بێئەوەی گرژیی دروست ببێت. بۆیە ئەوەندە باسی كاریگەری مامجەلال دەكەین چونكە دوای ئەو، بۆشاییەكە ئەوەندە گەورەیە 12 ساڵە شوێنەوارو لێكەوتەی غیابی ئەو بەردەوامە. لەو ماوەیە پۆستی سەرۆك كۆمار زۆر سودی بۆ خەڵكی كوردستان نەبووە، بگرە هەندێكات دەكرێت بڵێین بۆتە بارگرانیی.
دەبینین هەموو ساڵێك شەڕی مسۆگەركردنی لە 17%ی بودجەی هەرێمی دەكرد، لەدوای مامجەلال حكومەتی هەرێم سەدان وەفدی ناردە بەغدا، بەڵام پێی چارە نەكرا، ئەو رێژەیە نەك دابیننەكرا، بگرە بووە لە 12.67% كەچی ئەوەش نانێرێت. ئەمە جگە لەوەی خۆی سەرپەرشتیی هەموو دۆسیەو پرسە چارەسەرنەكراوەكانی عیراقی دەكرد، تەنانەت كۆتایی 2007 خەریك بوو لەسەر یاسای گازو نەوت رێككەوتن لەگەڵ عیراق بكرێت، بەڵام چەند بەرپرسێكی كوردستان و عیراق گفتوگۆكانیان تێكدا، خۆ ئەگەر ئەوكاتە لەسەر یاسای گازو نەوت رێككەوتن كرابا، بەدڵنیاییەوە ئەو ئاڵۆزیانەی 12 ساڵی رابردووی نەوت نەدەهاتەپێش.
مامجەلال ئەوەندە بەهێزبوو لەبەغد، دووجار رێگری لەنوری مالكی سەرۆك وەزیرانكرد بەناوی عیراق بەشداری لەكۆبونەوە نێودەوڵەتیی و ئیقلیمیەكان بكات. جارێ یەكەم لە مانگی ئەیلولی 2008 بوو كاتێك نوری مالكی ویستی بەناوی عیراق بەشداری لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتیی نەتەوەیەكگرتوەكان بكات، بەڵام مامجەلال پێداگری كرد نابێت ئەو بەشداربێت، بۆیە خۆی بەشداری تێداكردو بەزمانی كوردی قسەیكرد. جاری دووەم لەسەرەتای 2009 كاتێك كۆبونەوەیەكی لوتكە-ی وڵاتانی عەرەبی لەسەر غەززە لەسعودیە كرا، مامجەلال رێگری لەنوری مالكی كرد بەناوی عیراق بەشداری تێدابكات و فرۆكەكەیان لەئاسمانی سعودیە گەڕاندەوە. ئەمە لەكاتێكدا مالكی لەسەرۆك وەزیرانی هەرە بەهێزی عیراق بووە لەدواای ساڵی 2003.
هەر لەهاوینی 2012 نوری مالكی بڕیاری گواستنەوەی فیرقەی 12ی عیراقیدا بۆ باشوری كەركوك، بەڵام مامجەلال بەتوندی رووبەرووی ئەم كارەی نوری مالكی بویەوەو بەوپێیەی ئەو بڕیارە دژی لێكتێگەیشتنی هەرێم و بەغدایە سەبارەت بەئیدارەدانی ناوچە جێناكۆكەكان، بۆیە مالكیی ناچاریكرد بڕیارەكەی هەڵوەشێنێتەوە بێئەوەی شەڕ دروستببێت. مخابن لەدوای مامجەلال ناوچە جێناكۆكەكان لەرووی سەربازییەوە لەدەستدرا!
بەدڵنیاییەوە هەڵوێست و دەستكەوتەكانی بوونی مامجەلال لەبەغدا لەوقۆناغ زۆر زیاترن، بێگومان ئەم دەستكەوتانە بەهەماهەنگیی و پشتیوانیی كاك مەسعودو حزبەكانی دیكەی كوردستان یوو كە هەماهەنگی و رێككەوتنێكی درێژخایەنیان لەنێوان بوو.
خولاسە، ئەوقسانەم بۆ ئەوەبوو كە رێككەوتن لەسەر كاندیدێك لەلایەن كورد بۆ سەرۆك كۆمارو پێكهێنانی حكومەتی هەرێم زۆر گرنگەو گرێدراوی یەكترن. هەقە بەرژەوەندی حزبیی بخرێتە ئەولاوەو دووربكەونەوە لە فشاری ئیقلیمیی چونكە دۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت.
پۆستی سەرۆك كۆمار زۆر كاریگەرە لەعیراق ئەگەر نوێنەرایەتی هەموو گەلی كوردستان بكات و كەسایەتیەكی كاریگەر پێشنیار بكرێت، ئەمە جگە لەوەی لەم بارودۆخە رێككەوتن لەسەر ئەو پۆستە گرێكوێرەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمیش شلدەكاتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە چەپڵە بەدەستێك لێنادرێت پێویستە بەرژەوەندی گشتیی خەڵكی كوردستان بكرێتە پێوەرو لەسەر ئەو بنەمایە هەموولا رێككەون، خۆ ئەگەر لەسەر كاندیدێكی سەرۆك كۆماریش رێكنەكەون، ئەوا ئەوەی دەبێتە سەرۆك كۆمار ناتوانێت نوێنەرایەتی هەموو گەلی كورد بكات و سەرۆك كۆمارێكی لاواز دەبێت، ئەنجام خەڵكی كوردستان زەرەری لێدەكەن.
.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی