چ وەزیرێکى دیکە ئامادەى دیبەیتە؟

3 کاتژمێر پێش ئێستا

بریار جەلال

د.ئارامى وەزیرى خوێندنى باڵا مێژوویەکى دیکەى بۆخۆى تۆمارکرد

لە دیبەیتێکى پڕ چێژ و راشکاوانەدا، وەک پێشتر بەڵێنى دابوو، دکتۆر ئارام وەزیرى خوێندنى باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستان، رووبەرووى د.سەروەر عەبدلرەحمان، پەرلەمانتارى پێشووى کوردستان و سەرۆکى ئینستتیوتى پەی بوەوە، سەرچاوەى بڕیاردانیش بۆ دیبەیتەکە، ئەو بەڵێنەبوو کە پێشتر وەزیرى خوێندنى باڵا بە دکتۆر سەروەر عەبدولرەحمانى دابوو کە وتى ئەگەر قبوڵ خاس لەسەر دەستى من کرابێت ئامادەم دەست لەکاربکێشمەوە.

ئەگەرچى دیبەیتەکە هەندێک بابەتى شەخسى تێداباس کرا کە باشتربوو گفتوگۆکان نەچنە ئەو ئاستە، بەڵام بەشێوەیەکى گشتى، هەنگاوێکى گرنگ بوو لە پرۆسەى حوکمڕانى هەرێمى کوردستان لەماوەى ٣٤ ساڵى رابردودا، وەزیرى خوێندنى باڵاش توانى بیسەلمێنێ کە لەسەر دەستى ئەو هیچ پێشێلکارییەکى نایاسایی نەکراوە.

د.ئارام لە دیبەیتەکەدا زۆر راشکاوانە وەڵامى ئەو بەڵگەنامانەى دایەوە کە د.سەروەر لەسەر وەزارەتى خوێندنى باڵا خستیەروو، کۆى گشتى دیبەیتەکە لەسەر چوار تەوەر رێکخرابوو، د.ئارام توانى بیسەلمێنێ کە بەڵێ لەسەر دەستى ئەو هیچ جۆرە گەندەڵى و پێشێلێکى یاسایی نەکراوە، وە بەراشکاوانەش وتى هەندێ بابەت کە لەرابردودا کراوە ئەو لێى بەرپرس نییە و داواکارى گشتى و لایەنە یاساییەکانى دیکە دەتوانن کاریان لەسەر بکەن، هەر شىتێک نایاسایی بوو هەڵیبوەشێننەوە، ئەوانەشى تەزویراتیان کردوە بەدرێنە دادگا.

بێگومان ئەم دیبەیتە کە کەناڵى رووداو رێکیخست، هەنگاوێکى گرنگ و مێژووییە هەم بۆ حوکمڕانى هەرێمى کوردستان، هەم بۆ خودى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بەڵام کۆمەڵێک بابەتى دیکەى گرنگ هەن کە پەیوەستن بە زۆرینەى وەزارەتەکانى دیکەى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە، ئایا کەناڵى رووداو ئامادەیە بەو نەفەسە کاریان لەسەر بکات، وەیاخود وەزیرەکانى دیکە ئامادەن بەو روحیەتەى دکتۆر ئارام لە پەخشى راستەوخۆدا بێن و راشکاوانە لەبەر چاوى سەدان هەزارکەس تەحەداى راى گشتى و ئەوانە بکەن کە پێیان وایە گەندەڵى و پێشێلکارى یاسایی هەیە.

هەروەک چۆن، تێبینى و سەرنج، نادادپەروەرى و نایەکسانى، مافخوراوى و دانەمەزراندن و دەیان بابەتى دیکە، جێگەى مشتومڕو گفتوگۆى گەرمى دیبەیتەکە بوون، دەکرێت بە هەمان شێواز وەزیرەکانى دیکەش بانگهێشتى ئەم جۆرە دیبەیتانە بکرێن، تا بۆ راى گشتى روونبێتەوە کە ئەوانە کێن کە خۆیان بە خزمەتکارى ئەم وڵاتە دەزانن و رێگە نادەن گەندەڵى و کارى نایاسایی بکرێت، یاخود ئەوانەى بەبێدەنگى و دوور لە چاوى میدیاکان و چاودێران دەیان بابەتى نایاسایی و گەندەڵیان لەسەرە.

هیوادارم لە داهاتویەکى نزیکدا ئەم جۆرە دیبەیتانە لەگەڵ هەریەک لە وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار  و دەستەى وەبەرهێنان لەسەر ئەو هەموو زەوییەى لەماوەى ئەم چەند ساڵەى رابردودا دراوە بە وەبەرهێنەکان و ئەوانەشى بەجۆرێک لە جۆرەکان وەک داگیرکارى لەلایەن هەندێک هێزەوە کراون ئەنجامبدرێت، لەگەڵ وەزیرى کشتوکاڵ لەسەر رێنمایی و پرسەگرنگەکانى تایبەت بە وەزارەتى کشتوکاڵ هێنانى دوگ و هێلکە و ئەو بابەتانەى دەوترێت نایاسایین لە دەروازە سنورییەکان و نێوان شارەکان، دیبەیت بکرێت، لەگەڵ وەزیرى ئاوەدانکردنەوە دیبەیت ئەنجامبدرێت لەسەر ئەو بابەتە گرنگانەى کە لەچوارچێوەى ئاوەدانکردنەوەى شارەکاندا هەن، بۆ نمونە پرسى تەواو نەکردنى رێگەى هاتوچۆى نێوان سلێمانى و چەند قەزا و ئیدارەیەکى سەربەخۆ لە ماوەى زیاتر لە ١٢ ساڵدا، لەگەڵ وەزیرى پێشمەرگە بابەتى یەکنەگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە دواى ئەو هەموو ساڵە کارکردن و دەیان پرسى ترى ناو وەزارەتى پێشمەرگە، لەگەڵ وەزیرى ناوخۆ، لەسەر ئەو بابەتانەى ساڵانێکە باسیان لێوەدەکرێت لەوانەش ئۆتۆمبێلى بێسەرەتا، لێشاوى هێنانى ئۆتۆمبێلى دیکە، پرسى دەسەڵاتى هێزە ئەمنییەکان، لەگەڵ وەزیرى دارایی لەسەر پرسەکانى تایبەت بە موچە و پێشێلکارییە یاساییەکانى دیکە کە لەماوەى ساڵانى رابردودا باسیان لێوەکراوە، لەگەڵ وەزیرى پەروەردە لەسەر ئەو خاڵە گرنگانەى لێرەولەوێ دەبیستین بەتایبەت پرسى دەستلەکارکێشانەوەى بەڕێوەبەرى پەروەردەى سلێمانى لەسەر زەوییەکانى پەروەردە و گۆڕینى زەوى هەندێک قوتابخانە بە زەوى وەبەرهێنان وەک پێشتر باسکراون، فەرموون دیبەیت لەگەڵ وەزیرى سامانە سروشتییەکان، ئەوقاف، پلاندانان، پیشەسازى بکەن، با وەزیرەکانى ئەو وەزارەتانە هێندە بە جورئەت و سنگێکى فراوانەوە بێنە پێش. پێویستە گفتوگۆ و دیبەیتى گەرم بکرێت لەگەڵ خودى دەستەى نەزاهە و دیوانى چاودێرى دارایی لەسەر دەیان لەو راپۆرتانەى کە داویانەتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، یاخود ئەو کەیسانەى دەیانتوانى کارى لەسەر بکەن، بەڵام بەهەر هۆکارێک بوبێت خۆیان لێ بێدەنگ کردوە و فەرامۆشیان کردوە. ئەمانە و دەیان بابەتى دیکەى وەزارەتەکانى دیکە جێگەى دیبەت و مشتومڕن، تا ئەو کاتەى داواکارى گشتى و لایەنە پەیوەندیدارە یاساییەکان لەسەریان دێنە جوان، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا چى وەزیرێکى دیکە هاوشێوەى د.ئارام دەتوانێت بێت، دیبەیت ئەنجامبدات و پاکێتى و بەریئى خۆى بۆ راى گشتى بسەلمێنێ؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی