کۆتایی کاریزما

3 کاتژمێر پێش ئێستا

بەختیار ئەحمەد ساڵحnone

پێشەکی
لە سەدەی بیستەمدا شۆڕشەکان سیماکانیان دیار بوو، لە لینینەوە تا ماو، لە خومەینیەوە تا چێ گیڤارا، سەرکردە کاریزماتیکەکان نەک هەر هێمای جوڵانەوەکان بوون بەڵکو پێکهاتەی دەسەڵاتیان لە دەوروبەری خۆیان پێناسەکردەوە. کاریزما سەرمایەی سیاسی بوو؛ سەرکردە مانا و ئاراستەی دابین دەکرد؛ و حیزبەکە قۆڵی جێبەجێکاری ئەو بوو. بەڵام سەدەی بیست و یەکەم بە دیاردەیەکی جیاوازەوە دەستی پێکرد: جوڵانەوە بێ سەرکردە و بێ سیماو و فرە سەنتڕاڵەکان کە پشت بە پەیوەندی دیجیتاڵی و هاوسۆزی بەکۆمەڵ و کردەی لامەرکەزی دەبەستن نەک گێڕانەوە و ئایدۆلۆژیا.
نەوەی نوێی ناڕازی، لە غیابی پێکهاتەی حزبی و بێ فەرماندەدا، توانیویەتى ڕووبەڕووى سیستمە گەندەڵ و پاوانخوازەکان ببێتەوە. ئەم جوڵانەوەیە بە پێچەوانەی شۆڕشە کلاسیکییەکانەوە نە لە ناو حیزبەوە سەرهەڵدەدەن و نە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسی دەدەن؛ بەڵکو هەوڵ دەدەن کایەی گشتی دروست بکەنەوە و ئەخلاقی بەکۆمەڵ بۆ سیاسەت بگەڕێننەوە. کۆتایی کاریزما لە ڕاستیدا خاڵی وەرچەرخانێکە لە شارستانیەتدا: گواستنەوە لە سیاسەتی ستوونییەوە بۆ ئاسۆیی؛ لە دەسەڵاتی ناوەندگەراوە  بۆ دەسەڵاتی دابەشکراو؛ لە سەرکردایەتی تاکەکەسیەوە بۆ سەرکردایەتی بەکۆمەڵ.

بەشی یەکەم: داڕمانی کاریزما لە سەردەمی دوای ئایدیۆلۆژیدا
کاریزما وەک پایەی شۆڕشەکانی سەدەی بیستەم: لە نەریتی شۆڕشە مۆدێرنەکاندا، لە بەلشەفیزمەوە تا شۆڕشی ئیسلامی ئێران، چەمکی کاریزما ڕۆڵێکی ناوەندی لە شەرعیەتدان بە کردەی سیاسیدا بینیوە. ماکس وێبەر کاریزمای بە جۆرێک لە دەسەڵاتی ناوازە دەزانی کە لەسەر بنەمای باوەڕێکی سۆزداری بە کەسایەتی سەرکردە دامەزراوە. ئەم دەسەڵاتە لە کەسایەتی سەرکردەوە سەرچاوە دەگرێت، لە دەرەوەی دامەزراوەکان؛ ئەو ئیرادەی مێژوو بەرجەستە دەکات و گوێڕایەڵی بۆی وەک دڵسۆزی بۆ ڕاستی سەیر دەکرێت. لە سەدەی بیستەمدا ئەم جۆرە سەرکردایەتییە نەک هەر ئامرازی شۆڕش بەڵکو بزوێنەری ئایدۆلۆژیا بوو. لینین، ماو، عەبدول جەمال ناسر و خومەینی هەریەکەیان نموونەی پەیوەندی نێوان کاریزما و شۆڕش بوون. لەم چوارچێوەیەدا حیزب و جەماوەر بە درێژکراوەی ئیرادەی سەرکردە دادەنران و سیستەمی سیاسی لە دەوری کاریزما بەرهەم دەهێنرایەوە.
داکشانى کاریزما لە جیهانێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا: لەگەڵ هاتنە ناو سەدەی بیست و یەکەم، کاریزما ئەرکی خۆی لەدەستدا، جیهان هاتە ناو سەردەمێکی پۆست ئایدیۆلۆژییەوە؛ جیهانێک کە تێیدا دابەشبوونی کلاسیکی چەپ-ڕاست جێگەی خۆی بە پرسى کولتووری و شوناس و ژینگەییەکان دا. شۆڕشی دیجیتاڵی بووە هۆی ئەوەی پەیوەندی نێوان سەرکردە و شوێنکەوتووەکانى لە نەخشێکی ستوونیەوە بگۆڕێت بۆ نەخشێکی ئاسۆیی. لە کۆمەڵگا دیجیتاڵیدا، شەرعیەت لە سەرەوە دانابەزێت، بەڵکو لە ڕێگەی فیدباک و لایک و هاشتاگ و جوڵانەوەى بەکۆمەڵ و لە کاتی خۆیدا بەرهەم دەهێنرێتەوە. بە زاراوەی مانوێل کاستێڵز، تۆڕەکان جێگەی حزبەکانیان گرتۆتەوە و دەسەڵات لە ناوەندەوە بۆ کەنارەکان گۆڕاوە. لە فەزایەکی ئاوادا کاریزما نەک هەر بێکاریگەر دەبێت، بەڵکو دەتوانێت فاکتەری جیاوازیش بێت، چونکە گەنجانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕقیان لە هەر چڕبوونەوەیەکی دەسەڵاتی کەسی هەیە و بەدوای شەرعیەتدا دەگەڕێن لە دابەشکردنی یەکسانی دەنگەکاندا.
داڕمانی کاریزما لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادا: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرجار ئەزموونی سەرکردە کاریزماتیکەکان پاوانخوازی و خود سەنتەری لەگەڵدا بووە. لە جەمال عەبدول ناسرەوە تا سەدام حسێن و قەزافی، کاریزما ببوو بە ئامرازی کۆنترۆڵکردن نەک ڕزگاری. لە ئێرانیشدا شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ بە خێرایی لە جوڵانەوەیەکى جەماوەرییەوە گۆڕا بۆ سیستمێکی لەسەر بنەماى ڤێلایەت کە تێیدا کاریزمای ئایینی جێگەی دامەزراوە مەدەنییەکانی گرتەوە. بەڵام نەوەیەکی نوێ، لە لوبنانەوە بۆ ئێران و لە مەغریبەوە بۆ عێراق، ئەم مۆدێلانە ڕەتدەکاتەوە و جۆرێک لە سیاسەتی بێ قارەمان پەیڕەو دەکات. لە سریلانکا، ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ کە بووە هۆی هەڵاتنی سەرۆک ڕاجاپاکسا، بەم جۆرە بوو: بزووتنەوەیەکی بێ سەرکردە، بێ ئایدۆلۆژیایەکی ڕوون و پشتبەستوو بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاتنە سەر شەقامەکان. لە ئێراندا دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە هیچ پارت و سەرکردەیەکی سیاسییەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵکو لە کردەوەی خۆبەخۆ و تۆڕە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هاوپشتی سۆزداری نێوان تاکەکاندا سەریهەڵداوە. لە هەردوو حاڵەتەکەدا ڕووبەڕووی نەمانى کاریزما و سەرهەڵدانی پەیوەندییە جەماوەرییە ئاسۆییەکان دەبینەوە.
کاریزما لە قەیرانێکی جیهانی شەرعیەتدا: نەمانى کاریزما دیاردەیەکی تەنیا ناوچەیی نییە. لەسەر ئاستی جیهان، سەرکردەکانی وەک دۆناڵد ترەمپ یان پوتن نموونەی شکستی مۆدێلی کاریزماتیکن لە جیهانی دیجیتاڵیدا. کاریزماکەیان چیتر یەکگرتوویی دروست ناکات، بەڵکو جەمسەرگیری کۆمەڵایەتی زیاتر دەکات. لە دۆخێکى وەهادا ، هاووڵاتیان پێیان باشە ڕۆڵی خۆیان لە بنیاتنانی مانا و گۆڕینی ڕۆڵەکاندا بگێڕن، نەک چاوەڕێی ڕزگارکەر بن.

بەشی دووەم: لەدایکبوونی تۆڕە ئاسۆییەکان و سەرکردایەتی بەکۆمەڵ
لە حیزبەوە بۆ هاشتاگ: لە سەردەمی کلاسیکی سیاسەتدا، حیزبی سیاسی بەرجەستەکردنی ڕێکخراوی ئیرادەی دەستەجەمعی بوو؛ ئەمڕۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جێگەیان گرتۆتەوە. هاشتاگ هەمان ڕۆڵی مانیفێست لە سەدەی بیستەمدا دەگێڕێت- لێدوانێکی کورت و کەم وشەیە، بەڵام قورسایییەکی زۆری سۆزداری و سیاسی هەڵدەگرێت. لە جوڵانەوە نوێیەکاندا، کردەی سیاسی لە چوارچێوەی کاتی ڕاستەقینەدا ڕوودەدات و سنوورەکانی نێوان سەرکردە، شوێنکەوتوو و چاودێر نامێنن. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەم ئامرازێکی ڕێکخستن و هەم گۆڕەپانی شەڕن کە ناسنامەی بەکۆمەڵ لە ڕێگەی دووبارە دابەشکردنەوەی دیجیتاڵی و هاوسۆزی و بەشداریکردنەوە لە قاڵب دەدرێت. ئەگەر بە شێوەیەکی ڕوونتر باسی بکەین، لە سەدەی بیستەمدا حیزب بارەگای فەرماندەیی بوو، بەڵام لە سەدەی بیست و یەکەمدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە جەستەی بەکۆمەڵ زیندووە کە لە ڕێگەی پەیام و وێنە و جووڵەوە خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە.
ئاسۆییکردنی سەرکردایەتی: پێشتر سەرکردە کلاسیکییەکان بڕیاریان دەدا و جەماوەریش بەدوایدا دەڕۆیشتن؛ بەڵام لە ڕێکخستنی ئاسۆیی، بڕیارەکان لە ڕێگەی ئەلگۆریتم و کۆدەنگییەکی ساتەوەختە دەدرێن. تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی جۆرێک لە ژیری بەکۆمەڵی چالاک کردووە کە تێیدا هۆشیاری سیاسی نەک لە ڕێگەی پەروەردەی فەرمی بەڵکو لە ڕێگەی کارلێکی بەردەوامی نێوان تاکەکانەوە پێکدێت. لەم چوارچێوەیەدا ئیتر زانیاری قۆرخکاری دەستەبژێرە سیاسییەکان نییە؛ بەڵکو بە شێوەیەکی ئازاد لە نێوان بەکارهێنەراندا دەسوڕێتەوە و بە خێرایی دەگۆڕێت بۆ کردەوەی سیاسی. نموونەیەکی بەرچاوی ئەم پرۆسەیە، ناڕەزایەتییەکانی سریلانکا بوو لە ساڵی ٢٠٢٢. سەرەتا تاکە گروپێک لە گەنجان لە سۆشیال میدیا دژی قەیرانی ئابووری هەڵمەتێکیان دەستپێکرد (#GotaGoHome). لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا هەڵمەتەکە گەشەی کرد و بوو بە جوڵانەوەیەکى نەتەوەیی کە بە داگیرکردنی کۆشکی سەرۆکایەتی گەیشتە لوتکە. لێرەدا ئەلگۆریتم جێگەی بارەگا سیاسییەکانی گرتەوە و پەیوەندی دیجیتاڵیش ڕۆڵی حیزبی گێڕا. بە هەمان شێوە لە ئێرانیشدا کورتە ڤیدیۆ و هەڵمەتە خێراکان توانیان گوتاری سیاسی بەبێ نێوەندگیری میدیای فەرمی بنیات بنێنەوە.
سیاسەتی سۆزداری و پەیوەندی هاوسۆزی: جوڵانەوەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر سۆزداری و ئەزموونییە نەک ئایدیۆلۆژی. دەسەڵاتیان لە بەرنامە سیاسییەکانەوە نییە، بەڵکو لە وزەی هاوسۆزیەوە سەرچاوە دەگرێت. لە جوڵانەوەى ژن، ژیان، ئازادی دا، ناوەندیبوونی ژن هێمای پێناسەکردنەوەی وزەى ئەم جوڵانەوەیە: سەرکردایەتی لە سەرەوە دانابەزێت، بەڵکو لە ئەزموونی هاوبەشی ئازار و هیواوە سەرهەڵدەدات. لە ڕاستیدا تۆڕ تەنیا ئامرازێک نییە، بەڵکو فەزای ژیانی سۆزداری و ئەخلاقی بزووتنەوەکەشە.
مەترسی و سنووردارکردنی سەرکردایەتی تۆڕ: سەرەڕای توانای بەرزی جوڵە ئاسۆییەکان، پێکهاتەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیانیشی هەیە لەوانە نەبوونی ستراتیژی درێژخایەن؛ لاوازی بەرامبەر دزەکردنی دیجیتاڵی و کارەکانی زانیاری؛ نەتوانینی بنیاتنانی دامەزراوە و گواستنەوە لە شەقامەوە بۆ پەرلەمان. وەک هانا ئارێنت دەڵێت: دەسەڵات لە کردەی بەکۆمەڵەوە لەدایک دەبێت، بەڵام بەبێ دامەزراوە ناسەقامگیرە.

بەشی سێیەم: لە سۆزەوە بۆ پێکهاتە – کێشەی بەردەوامیی
گواستنەوەی سەخت لە شەقامەوە بۆ دامەزراوە: جوڵانەوەکانى سەدەی بیست و یەک، نیشانیان داوە کە هێزی سۆز و سۆزی کۆمەڵایەتی دەتوانێت ڕژێمەکان بهەژێنێت، بەڵام مەرج نییە ئەو سۆزە ببێتە هۆی گۆڕانکاری پێکهاتەیی. کردەی بەکۆمەڵ، ئەگەر وەرنەگێڕدرێتە سەر دامەزراوە، لە سووڕێکی دووبارەبوونەوەی ناڕەزایەتی و سەرکوتکردندا گیر دەخوات. لە شۆڕشە بێ سیماکانى ئەمڕۆدا، نەبوونی سەرکردایەتییەکی ناوەند گەرا، لە هەمان کاتدا ڕێگری لە کۆبوونەوەى دەسەڵات دەکات، دەبێتە بەربەستێک لەبەردەم بنیاتنانی دامەزراوە لە قۆناغی دوای سەرکەوتندا. بە واتایەکی تر جوڵانەوەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن دەسەڵات بلەرزێنن، بەڵام ناتوانن بە تەنیا جێگەی بگرنەوە. لەبری ئەوەی سیستەمە کۆنەکان بڕووخێن، زۆرجار بە ڕووخسارێکی نوێ سیستمە کۆنەکان بەرهەم دەهێننەوە.
پارادۆکسی ئاسۆیی: ئاسۆیی هەم هێز و هەم پاژنەی ئەکیلێسە بۆ جوڵانەوە نوێیەکان. ئەم پێکهاتانە توانای زۆریان هەیە بۆ گونجانی خێرا و دابەشکردنی بەرپرسیارێتی و بەرەنگاربوونەوەی سەرکوتکردن، بەڵام هەر کە دەگەنە قۆناغی بنیاتنانەوەی سیاسی، ڕووبەڕووی قەیرانی ناوەندگەرایی دەبنەوە. بەبێ پێکهاتەیەکی سەقامگیری بڕیاردان، ناکۆکی ناوخۆیی، ماندوێتی نێوان کارەکتەرەکان و نەبوونی دیدێکی هاوبەش دەبێتە هۆی شکستێکی دیکە. لە تونس شۆڕشی ساڵی ٢٠١١ دیکتاتۆری ڕووخاند، بەڵام جوڵانەوەکانى گەنجان کە لە جوڵانەوەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێکخرابوون، نەیانتوانی ببنە هێزێکی سیاسی کاریگەر لە حکومەت یان پەرلەماندا. دەرئەنجامەکەش گەڕانەوەی وردە وردەی هێزە تەقلیدیەکان و دواجار بووژانەوەی پاوانخوازی لە ژێر پەردەی دیموکراسیدا بوو . لە میسریش هەمان حاڵەت دووبارە بووەوە، ناڕەزایەتییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەریهەڵدا و بە دروشمی نان، ئازادی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ڕژێمی موبارەکی ڕووخاند. بەڵام لە نەبوونى دامەزراوە مەدەنییە یەکگرتووەکان، گۆڕەپانی تەحریر نەیتوانی جێگەی دەوڵەت بگرێتەوە. شۆڕشێکی بێ ڕێکخستن تەنها یاخیبوونێکی گەورەیە ، هەر بۆیە لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا دەسەڵاتى سەربازی دەسەڵاتی وەرگرتەوە و فەزای مەدەنی سنووردارتر بوو لە چاو پێشوو. لە هەردوو حاڵەتەکەدا جوڵانەوەى ناڕەزایەتی لە سەرەوە بۆ خوارەوە نەکوژایەوە، بەڵکو بەهۆی نەبوونی هەیکەلی سیاسییەوە لە ناوەوە بەلاڕێدا برا.
گەڕانەوەی ئەخلاق بۆ سیاسەت: تایبەتمەندییەکی سەرەکی جوڵانەوە نوێکانى سەدەى بیست و یەکەم، سروشتی ئەخلاقی ناڕەزایەتییەکانە. بە پێچەوانەی جوڵانەوە ئایدیۆلۆژییەکانی سەدەی بیستەم کە لە دەوری ئایدیۆلۆژیا یان چین داڕێژراون، جوڵانەوە نوێیەکان لە دەوری بەها مرۆییەکانی وەک کەرامەت، ڕاستگۆیی، دادپەروەری و ژینگە ڕێکخراون.
بەشی چوارەم: داهاتووی سیاسەتکردنی بێ سیما
سیاسەت لە سەردەمی پلاتفۆرمدا: لە جیهانی ئەمڕۆدا سیاسەت نەک لە پەرلەمانەکاندا بەڵکو لەسەر پلاتفۆرمەکان دادەڕێژرێت. دەتوانین ئەم دیاردەیە بە سیاسەتی پلاتفۆرم ناوببەین، کە دەسەڵات لە حکومەتەکانەوە نییە، بەڵکو لە کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیا دێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فەزای گشتی نوێیان دروست کردووە و ئەلگۆریتمەکان بەبێ ئەوەی بزانن جێگەی سەرکردە سیاسییەکان گرتۆتەوە: ئەوان دیاری دەکەن کە چی دەبینرێت و کێ دەبیسترێت و چ گوتارێک زاڵە بەسەر ڕای گشتیدا. لەم چوارچێوەیەدا ڕووی کاریزماتیک جێگەی خۆی بە ئەلگۆریتمەکەی نەبینراو داوە؛ فۆرمێکە لە سەرکردایەتی بێ کەسایەتی کە لەسەر بنەمای شیکاری داتا و حەزەکانی بەکارهێنەر کاردەکات. ئەگەر لە سەدەی بیستەمدا لینین قسەی کردبێت و جەماوەر گوێی لێ بووبێت، لە سەدەی بیست و یەکەمدا، ئەلگۆریتمەکە گوێ دەگرێت و جەماوەر قسە دەکات- بەڵام لەو چوارچێوەیەی کە ئەو دیزاینی کردووە.
سەرهەڵدانی دەسەڵاتی داتا: لە سەدەى بیست و یەکەمدا داتا جێگەی ئایدیۆلۆژیای گرتۆتەوە. هەموو کارێکی سیاسی، لە دەنگدانەوە تا ناڕەزایەتی، دەتوانرێت لە ڕووی داتاکانەوە شیکاری، پێشبینی و دواجار ئاڕاستە بکرێت. کۆمپانیاکانی وەک مێتا و گووگڵ و تیک تۆک لە ڕاستیدا ئەو ئیمپراتۆریەتە سیاسییە نوێیانەن کە حکومەتەکان هاتوون پشتیان پێ ببەستن بۆ بەڕێوەبردنی ڕای گشتی. ئەمەش جۆرێک لە دەسەڵاتی پۆست کاریزماتیکی دروست کردووە: نەک لەسەر بنەمای باوەڕ بەڵکو لەسەر بنەمای کارلێکی بەردەوام و ئەلگۆریتم. شەرعیەت لە سیماکانەوە نایەت بەڵکو لە داتاەوە سەرچاوە دەگرێت.
سەرکردایەتی دابەشکراو و بڕیاردانی بەکۆمەڵ: لە بەرامبەر ئەم پێکهاتە ئاڵۆزەدا، نەوەی سەدەى بیست و یەکەم جۆرێکی نوێی سەرکردایەتی لە قاڵب دەدات: سەرکردایەتی دابەشکراو. لەم مۆدێلەدا کەس سەرکردەی ڕەها نییە، بەڵکو هەمووان بەشداری پرۆسەی بڕیاردان دەکەن. مۆدێلی ئاسۆیی جوڵانەوەکان لەگەڵ ئامرازە دیجیتاڵییەکان تێکەڵ دەکرێت بۆ دروستکردنی فۆرمێک لە بڕیاردانی بەشدارانە و شەفاف. لە داهاتوویەکی نزیکدا تەکنەلۆژیای AI نەک هەر ئامرازێک بۆ شیکاری بەڵکو ئەکتەرێکی سیاسی چالاک دەبێت. دەوڵەت و جوڵانەوەکان بە هەمان شێوە بۆ کۆکردنەوە و ڕازیکردن و پێشبینیکردنی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی بەکاری دەهێنن. دەسەڵات لە سەردەمی AI توانای لە بەڕێوەبردنی سەرنجی بەکۆمەڵدایە، نەک لە کۆنترۆڵکردنی خاکدا، ئەمەش بەو مانایەیە کە سەرکردایەتی کاریزماتیک کە پشتی بە وشە و وێنە بەستووە، جێگەی خۆی داوەتە سەرکردایەتی ئەلگۆریتم کە پشت بە داتا و پێشبینی دەبەستێت. بەڵام ئەم گۆڕانکارییە مەترسییەکی بنەڕەتی هەڵدەگرێت: کاتێک AI دەتوانێت هەست و سۆزە بەکۆمەڵەکان لاسایی بکات، هێڵی نێوان سەرکردایەتی ئەخلاقی و دەستکاریکردنی سۆزداری نامێنێت. بەبێ چوارچێوەی ئەخلاقی و شەفافیەتی ئەلگۆریتم، سیاسەتی بێ سیما دەتوانێت ببێتە هۆى دروستکردنى دەسەڵات بەبێ لێپرسینەوە.
دیموکراسی تۆڕ و ئەخلاقی داهاتوو: بەڵام ئاسۆیەکی نوێیش دەکرێتەوە: دیموکراسی تۆڕ. لەم سیستەمەدا هێز لە سەرەوە بۆ خوارەوە دانابەزێت، بەڵکو لە هەزاران گرێی پەیوەندییەوە بەرهەم دەهێنرێتەوە. دەنگدان دەتوانرێت لە کاتی ڕاستەقینەدا ئەنجام بدرێت، داڕشتنی سیاسەت دەتوانێت بەکۆمەڵ بێت و چاودێری جەماوەری دەتوانێت بەبێ پچڕان بەردەوام بێت. دیموکراسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنها کاتێک بەردەوام دەبێت کە هاوسەنگییەک لە نێوان تەکنەلۆژیا و ویژدانی بەکۆمەڵدا دروست بکرێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، جوڵانەوەى توڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر لە جاران پێویستی بە بیرکردنەوەیەکی ئەخلاقی هەیە: چۆن بتوانین هاوسەنگی لە نێوان خێرایی بڕیاردان و قووڵایی بیرکردنەوەدا ڕابگرین لە جیهانێکدا کە هەر کلیکێک دەتوانێت سیاسەت بگۆڕێت؟ وەڵامەکە لە گەڕانەوە بۆ کاریزمادا نییە، بەڵکو لە دروستکردنی دامەزراوەیەکدایە کە بتوانێت ئازادی دیجیتاڵی لەگەڵ بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی تێکەڵ بکات.
ئایندەی دەسەڵات: ئەگەر سەدەی بیستەم جەستەی سەرکردەی بە ناوەندی دەسەڵات دانابێت، لە سەدەی بیست و یەکەم ناوەند تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووە، جەستەیەک کە نەبینراوە و هەمیشە لە جووڵەدایە. لەم جەستە بەکۆمەڵەدا هەموو دەنگێک بەشێکە لە بڕیارێک و هەر بڕیارێک دەرئەنجامی هەزاران دەنگە.

ئەنجام:
سیاسەتی بێ سیما کۆتایی سیاسەت نییە، بەڵکو لەدایکبوونی فۆرمێکی نوێیە. ڕەنگە سەرکردەکانی داهاتوو ناویان نەبێت، بەڵام لە تۆڕی بڕیاری دەستەجەمعیدا ئامادە دەبن. لە جیهانێکی ئاوادا کاریزما دەبێتە داتا، سەرکردایەتیش دەبێتە هاوکاری. ئەمە پارادایمی نوێی دەسەڵاتە: دەسەڵات لەو کەسەدا نییە کە فەرمان دەکات، بەڵکو لە تۆڕەکەدایە کە بڕیار دەدات.
لە سەردەمی دوای ئایدیۆلۆژیدا ئیدی کاریزما سەرچاوەی شەرعیەت نییە، بەڵکو هێمای قەیرانەکەیە. سەرکردە کاریزماتیکەکان ناتوانن هەمان هێزی ڕاکێشان و ئیلهامبەخشی پێشوویان هەبێت لە جیهانێکدا کە هەر مرۆڤێک میدیای خۆی بێت.
سەرکردایەتی بەکۆمەڵ وەڵامێکی مێژووییە بۆ قەیرانی کاریزما. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توانیویانە مۆدێلێکی نوێی بەشداریکردن و بەرپرسیارێتی و خۆڕێکخستن لە بەرامبەر سەرکوتکردن و قۆرخکاری دەسەڵاتدا پێشکەش بکەن. بەڵام داهاتووی ئەم مۆدێلە پەیوەستە بە توانای تێکەڵکردنی هەست و دامەزراوە، هەست و عەقڵانییەت، ئازادی و ڕێکخستن.
کێشەی سەرەکی جوڵانەوە بێ سیماکان بەردەوامیی دوای سەرکەوتنە. سۆز دەتوانێت سیستەمێک بهەژێنێت، بەڵام تەنها دامەزراوە دەتوانێت جێگەی بگرێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی