سەرۆک وەزیرانی خەسیو

4 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردار عەزیز

یەک دوو ڕۆژە دەنگۆیەک لە ناودایە، گوایە چوارچێوەی هەماهەنگی جۆرێک لە مانیفێست یان کۆ-خەسڵەت بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتوو دیاری دەکات. چیەتی و چۆنێتی ئەمە گرنگە، بەڵام گرنگتر ئەوەیە کە هەنگاوێکی زۆر ترسناکە لە پرۆسەی حوکمداریی و دیموکراسی و ڕۆڵی خەڵک و دەسەڵاتدا. بە هەموو پێوەرەکانی ئەم مانیفێستە، دەبێت سەرۆک وەزیرانی داهاتوو کەسێکی خەسیوبێت.
خەسیو، چەمکێکی ئاڵۆزی سایکۆلۆجی و فەلسەفییە. لێرەدا سود لە لاکان دەبینم لە ڕێگای ژیژاکەوە. بەپێی تێگەیشتنی ژیژاک خەسیویی سیمبۆلیک بریتیە لەو بۆشایی یان گاپەی کە لە نێوان خودی کەسەکە و تواناکانیدا هەیە لە گەڵ ئەو ڕێگەرپێدانە یان دەسەڵاتەی کە لە ڕێگای پێگەو و سیمبولییەوە پێی دەبەخشرێت، کە هەندێک توانای پێدەبەخشێت بەڵام لە هەمانکاتدا سنورداری دەکات.
لە دۆخی عێراقدا سەرۆک وەزیران، ئەو کەسەیە کە لە لایەن ئەوانەی کە پێگەکەی پێدەبەخشن دەبێت بە ناو و شوێن سەرۆک وەزیران بێت بەڵام بە ڕفتار و کردار مودیر عام یان کەمتر بێت. لێرەدا دەگەڕێینەوە بۆ کرۆکی فەلسەفەی لادەولە یان نادەوڵەت. دەبێت حکومەت هەبێت، دەرئەنجامی هەڵبژاردن بێت، بەڵام لە ناو کۆمەڵێک ڕێکار و ڕێسا و گوێڕایەلیدا، بە پێی خواستی هێزەکانی پشتی بجوڵێتەوە، وەک دەڵێن: هەر بە ناو سەرۆک بێت.
ئەمە ئەو نەریتە دەچەسپێنێت کە دەسەڵات یان بڕیار یان بڕیاردەری ڕاستەقینە لە کوێیە. وەک چەند ڕۆژێک لەمەوپێش گوتمان کە دەنگدان تەنها بەشێکە لە پرۆسەی دیاریکردنی حوکم، لێرەدا ئەمە زیاتر دەچەسپێت کە براوە، براوە نیە، بەڵکو تەنها نیمچە قبوڵکراوێکە کە دەبێت گوێڕایەڵانە بچێتە ناو سیستەمەکەوە و خزمەتی بکات. بەڵام ڕۆڵی گرنگی لەوەدایە کە هەناسەیەکی نوێ و هەندێک ڕومەت و ڕوخساری نوێ بە دەسەڵات دەدات کە گەرەنتی مانەوەی دەکات. ئەزمونەکان سەلماندویانە کە هەڵبژاردنی ساختە، فشار لە سەر سیستەمی ساختە کەمدەکاتەوە. چونکە دەرفەتێک دەڕەخسێنێت هەتا خەڵکێک بێنە ناوەوە، کە ئەگەر هەڵبژاردنی ساختە نەبێت لە دەرەوە دەمێننەوە و توڕە و نیگەران دەبن.
بەڵام دیموکراسی عێراقی ڕێچکەیەکی ترسناک دەگرێتە بەر. خەڵکی لە ڕێگای توڕەکردنیانەوە ئامادەن دەستبەرداری پرۆسەکە ببن.
لە دوای مالیکی هەموو سەرۆک وەزیران خەسیوبون. خەسیوترینیان کازمی بوو، بۆیە ماوەیەک لای شارعی کورد دەپەرسترا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی