هاشوهوشی زۆرینە

21 خولەک پێش ئێستا

د. ئەمیر حسێن




    مەرج نیە هەمیشە زۆرینە ئاوێنەیەکی ڕون بێت بۆ گواستنەوەی حەقیقەت ، یان پێوەرێکی دروست بێت بۆ پێوانی ڕاستی و دروستی بۆچونەکان ، تەنانەت زۆر جار زۆرینە هێندە دزێوو ناشیرینە ، دەبێتە بارێکی گران بەسەر بیرکردنەوەی لۆژیکی وعەقڵانیەوە ، گۆتە دەڵێت : “ هیچ شتێک لە زۆرینە  قێزەوەنتر نیە ، چونکە لەلایەن کەمینەیەکی دەستەبژێرەوە ، پشت ئەستور بەهێزی نەریتگەرایی وترادسیۆن سەرپێ دەخرێ ، هەلپەرستانی تێدەخزێن و دەیڕازێننەوە ، هەژارو نەدارە نا هوشیارە بێ هێزو لاوازەکان بەبێ ئاگاییەوە بێ ئەوەی تەنانەت بزانن چیان دەوێت ، تەنها دوای دەکەون “ . 

   ئەم مێتافۆڕە ئاماژەی بڕیارێکی ئەبستراکتی پێشوەختە نیە بەسەر فۆڕمێکی دیاریکراوی کۆمەڵگادا ، بەڵکو جۆرێک توێکاری وردە لەسەر بونیادی سایکۆلۆژی و سیاسی زۆرینە ، گۆتە پێیوایە زۆرینە یەکیەتیەکی هاڕمۆنی و ئۆرگانی کۆیان ناکاتەوە ، تەنها تێکەڵەیەکە لە ئیرادەی جیاوازو جۆراوجۆر ، کەمینەیەک پێشڕەوایەتیان دەکات ، چینێکی فراوان لە هەلپەرستان خۆیانی پێوە هەڵدەواسن ، کەم دەرامەت و هەژارەکان زوو مل کەچ دەبن و ئیرادەیان تەسلیم دەکەن ، لێرەوە شوێن پێی سێبەرەکان هەڵدەگرن ، بەبێ ئەوەی بزانن چارەنوسیان بەرەو کوێ هەڵیاندەگرێت . زۆرینە ئاماژە نیە بۆ بۆچونی هاوبەش ، یان تێگەیشتنی هزری هاوبەش ، بەقەد ئەوەی پاشەکشەی بەکۆمەڵە ، لە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بیرکردنەوە ، لە نێو هاتو هاواری زۆرینەدا تەنها کەمینەیەک بیر دەکاتەوە ، هەنديکی تر خۆیان مەڵاس دەدەن و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان درەو دەکەن ، ئەوانی تر تەنها دوا دەکەون ، چونکە دواکەوتن سادەترین هەڵوێستی بێ بەرپرسیارەتیە ، ڕەگەڵ کەوتن جۆرێک لە ئارامی و ئاسودەیی لێدەکەوێتەوە ، ئەو ئارامیەی لە بێدەنگیدا خواستی گومان و پرسیارکردن دەکوژێ و لەبار دەبات ، ئەو تروسکاییە لە ناخی مرۆڤدا خەفەدەکاو دەکوژێنێتەوە ، کە وەک پێشمەرج وادەکات ، مرۆڤ هەمیشە وەک مرۆڤ بمێنێتەوە ، نەک ببێت بە کاڵا یان ڕۆبۆت .
 
   لە قوڵایی ئەم بۆچونەدا ، تراژیدیای مرۆڤی مۆدێرن خۆی شاردۆتەوە ، کاتێک چەپڵەو فیکەی ناو هۆڵ و بۆنەکان شوێنی بیرکردنەوەی عەقڵانی دەگرێتەوە ، ئیتر پابەندی ( التزام ) لە ماناو بەها ئەخلاقیەکەی دادەماڵرێ ، لەبری ئەوەی ڕەنگدانەوە بێت بۆ دەرهاویشتەی هۆشیاری بەرپرسیارانە ، دەبێت بە شوێنکەوتنی کوێرانەی بەرژەوەند خوازانە ، حەقیقەت و ڕاستی دەکەونە بەر پەلاماری دڕندانەی زمانی چەندێتی ژمارەکان ، وەک کامۆ دەڵێت : کاتێک هەموان بەیەکەوە دەقیژێنن ، یەکەمین قوربانی حەقیقەتە . 

    ڕاو بۆچونی زۆرینە هەمیشە مەرج نیە دەرهاویشتەی دەنگ و بیرکردنەوەی عەقڵانی بە کۆمەڵ بێت ، بەڵکو زۆرجار تەنها دەنگدانەوەی ژاوەژاوی بەکۆمەڵە ، لە کاتێکدا جیاوازیەکان بەلادا دەخاو ، لغاو لەسەر وەهم هەڵدەگرێ ، لێرەوە گۆتە لەگەڵ  شۆبنهاوەر بەیەک دەگەن کاتێک دەڵێت : ڕای گشتی یان زۆرینە مەترسیدارترین فۆڕمی بەربڵاوی نەفامیە . یان نیچە کە پێیوابو مێگەل مەترسیدارترین دوژمنی ڕوحی ئازادە ، تا ژمارەکان زیاتربن ڕەسەنایەتی کاڵتر دەبێتەوە ، ئەگەرچی دەنگی زۆرینە لە ڕواڵەتدا جۆرێک لە ئارامی ڕوکەش دەردەخا ، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ئازادی دەکوژێ ، چونکە ئەوەی لە ناو قەرەباڵغیدا ڕێدەکات ، زەحمەت دەتوانێ گوێی لە ترپەی دڵ و لاواندنەوەی ناخی خۆی بێت . بۆیە ڕوحی ئازاد لە تەنیایی ناترسێ بەڵکو تەنیایی دەکاتە پەناگا بۆ خود ئارامی ، لە پەنایدا گوێبیستی ئەو دەنگە پاکژانە دەبێت ، هێشتا تێکەڵی ژاوەژاوی ئەوانیتر نەبووە بۆ ئەوەی بۆگەن بکات ، لە تەنیایدا بیرکردنەوەی جیاواز دەخەمڵێت ، وەک چۆن قەسیدەکان لە تەنیایی و بێدەنگیدا وەک تاڤگە ، لە ئەندێشەی شاعیرەکانەوە هەڵدەڕژێن  .
 
    لە فەلسەفەی سیاسی مۆدێرندا ، هەر زوو جۆن ستیوارت مل ئاگادارمان دەکاتەوە ، لە مەترسیەکانی ستەمی زۆرینە ، لەو چرکە ساتەی ، ڕای گشتی تیایدا دەبێت بە دەسەڵاتێک ، فشاردەخاتە سەر بیرکردنەوەی ئازاد و لە هەموو لایەکەوە گەمارۆی دەخاتە سەر، تەنانەت هانا ئارێنت پێیوایە : ملکەچی بەکۆمەڵ سەرەتای ڕەگ داکوتانی سیستەمیێکی گشتیە ( شمولی ) ، ستەمکاری لەو شوێنەوە دەستپێدەکات کۆمەڵگە دەستبەرداری بیرکردنەوەی تاکگەرایی دەبێت ، لە بەرژەوەندی ئەو فۆڕمە لە ئاسودەیی و ئارامی بیرکردنەوە لە نێو فەزایی زۆرینەدا . بانگەوازی گۆتە بە تەنها جۆرێک نیە لە هەڵگەڕانەوە بەڕووی زۆرینەدا ، بەڵکو گێڕانەوەی سەروەریە بۆ خەسڵەتی بیرکردنەوە ، وەکو پرسێکی بنەڕەتی گرێدراو لەگەڵ ئازادی ، چونکە پێیوایە ، ڕزگاربون لە شکاندنی کۆت و بەندەکانی دەست و قاچەوە سەرچاوەناگرێ ، ئەوەندەی لە تێکشکاندنی بتەکانی ناو حەرەم سەرای هوشیاریمانەوە بەرجەستە دەبێت . 
 
   لە کۆتایدا زۆر ئاسانە بەشێک بین لە زۆرینە ، ئەرکەکە تەنها دەستبەرداربونە بە ئازادی خۆت و بڕیاری شوێن کەوتنە ، بێ بەرپرسیاریەتی ، بێ بیرکردنەوە ، بێ تێکۆشان و شەونخونی ، بێ ئازارو سەرئێشە .  ئەگەرچی زۆر قورسترە ، بەڵام زۆر جوان و ناوازەترە دەنگێکی سەربەخۆی خۆت بی ، لە ناو گێژاوی زۆرینەو هاشوهوشی ئەوانیتردا ، خۆ ڕاگربی و نەتوێیەوە ، گۆتە پێیوابو زۆرینە وەک ئاوێنەیەکی شکاوە ، وێنەکان دەکات بە چەندان پارچە ، بە شێواوی وێنایان دەکاتەوە ، بۆیە تەنها ئەوکەسە دەتوانێت بەڕوونی هەموو وێنەکە ببینێ کە دوور دەکەوێتەوە ، واتا لە دورەوە سەیری وێنەکە دەکات ، دوورکەوتنەوە لە سێبەری قورسی زۆرینە ، ڕوانین لە دورەوە دوژمنایەتی نیە بۆ زۆرینە ، بەڵکو بژاردەیەکی دروستە بۆ تێڕوانین و تێگەیشتن لە جیهان ، بە جۆرێک ئاراستە و جڵەوەکەی لەدەستی خۆتدایە ، نەک لەدەرەوە یان لە سەرەوە ئاراستە بکرێ ، حەقیقەت وەکو نیچە گوزارشتی لێدەکات لە کۆدەنگیدا لە دایک نابێت ، بەڵکو لەو ڕوحە تاکگەراییەدا فەراهەم دەبێت ، بەردەوام دەبریسکێتەوە و بوێری دەکا هەمیشە گومان بکات ، تەنانەت لە ناو تاریکیشدا دەدرەوشێتەوە  .




.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی