ژیانی زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگا، وەکو یەک پڕ بەها و پڕ بایەخن. هەر بۆیە ئەگەر مامۆستایەکی دڵسۆز یان کارمەندێکی پاکژکردنەوە یاخود دوکاندارێکی سەرڕاست، بە هۆی ڕووداوێکەوە لە ناوەختدا تیا بچێت. ئەمە ئەبێتە مایەی کارەسات و زیان بۆ زۆرێک خەڵکی دەوروبەری خۆی. چونکە ژیانی ئەو کەسە و بەردەوامی، دواجار گرنگە بۆ بنەماڵە و چەند کەسێکی دیکەش. بەڵام دواجار ئەمە خۆی کۆتایی دونیا نیە. بەڵکو مامۆستایەکی دیکە و دوکاندار و کارمەندێکی دیکە، ئەم جێگانە پڕ دەکەنەوە و ژیان بەردەوام دەبێت.
بەڵام کاتێک قسە دێتە سەر کەسە گرنگ و پلەدار و پایەبەرز و سەرتوێژەکانی کۆمەڵگا، بابەتەکە جیاوازە. لێرەدا پەیوەندی بە تەواوی کۆمەڵگاوەهەیە. سەرئەنجامەکانیش جیاواز دەبن. جا لێرەدا، یان میللەتێک حەوت بەرد لە دویان دەنێرن یاخود دەبنە زیان و کارەسات بۆ تەواوی کۆمەڵگا. جا ئەگەر کەمێک زیاتر ئەم چەند ڕستەیەی سەرەوە شی بکەینەوە، دەبێت لەو جیاوازییەی کاریگەری مەرگ و ژیانی نوخبەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئایینی یان ڕۆشنبیری لە سەر کۆمەڵگاوە دەست پێ بکەین. جا بەر لەوەی جیاوازییەکان بخەمە ڕوو بە نموونەیەکی ساکار بۆچوونەکە ڕوون دەکەمەوە.
تۆ لە ماڵەکەی خۆتدا ئەو بەڕە و ڕایەخە بە نرخەی کە ساڵانێک دڵت پێی خۆش بوو. وە لە لات وابوو بۆ هەمیشە خزمەتت ئەکات. ئەشێ کە کۆن بێ و بە کەڵکی هیچ نەخوات و وەکو شتێکی گڵاو لە گۆشەیەکەوە هەڵیبگریت و بیخەیتە تەنەکەی خۆڵەکەوە. لێرەدا وەکو لێکچوونێک، ئەشێ کەسانێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی و تەنانەت ڕۆشنبیریش هەبن، کە هەرچەندە خاوەن دەسەڵاتی مەعنەوی و کاریگەری بوون. وە لە قۆناغێکدا هیوایان پیادا هەڵواسرابوو. بەڵام هەر زوو لە بیرکراون و کەوتۆتە زۆنی نادیارەوە.
لە بەرانبەر بەمانەشدا کەسانێک هەن کە بە هەمان شێوە خاوەن پلە و پایەی ڕۆشنبیری و فیکرین و تێکۆشەر و قوربانیدەری ئازادی و مافەکانن. یاخود خاوەن پاشخانێکی گەورەی ئەدەبی و هونەری و مەعریفەن. لێرەدا ئەشێ بە مردن یان بە نەخۆش کەوتن یاخود بە تێوەگلان لە ڕووداوی دڵتەزێن، زۆرینەی کۆمەڵگا تووشی شۆک و نائارامی بکەن.
ئەم جۆرە مرۆڤانەی کۆمەڵگا وەکو فڕێدانی بەڕە شڕەکەی نێو ماڵەکە نین، بەڵکو بە لە نێوچوونیان وەکو لەنێوچوونی تەواوی سەرمایە و ماڵ و حاڵی هەر تاکێکی کۆمەڵگا وایە.
من لێرەوە قسەم لە سەر ئەوە نیە ئەمڕۆی مەزاجی کۆمەڵایەتی و میللی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا، وەها شێواوە کە ڕەنگە تیرۆریست فیکرێک، قەڵەم فڕۆشێک یان گەندەڵکارێک بفەوتێ حەشاماتێک لە خەڵکی بۆی بگرین و بکەونە باوکەڕۆ. ئەو ئەشێ هەر ئەوحەشاماتە مەرگی سەرمایەیەکی وەکو شێرزادیان نەک پێ کارەسات نەبێ بگرە، ئاواتیشی بۆ بخوازن. بەڵام گریانی ئەزەلی دواجار، بۆ ئەوانە ئەمێنێتەوە کە وشەکانیان بۆ هەتایە لە کوێچگەی نەوەکانی دواتر بزرەنگێتەوە.
لە مێژوودا نموونە وەها زۆرن. بۆ نموونە عەلی وەردی، کە زانای گەورەی سۆسیۆلۆژی عێراقی بوو. هەتا مرد جگە لە دژایەتی و ڕێگری، هەر وەکو کەسێکی ئاسایی ژیا و مرد . بگرە بەو هەموو بەخششەی بە کتێبخانە و پاشخانی مەعریفی عێراقی و عەرەبی و مرۆڤایەتی، بەدیار نەخۆشی شێرپەنجەوە لە ساڵی ١٩٩٥ کۆچی دوایی، بە بێ چارەسەر کرد. تۆ بڵێی حکومەتی ئەو کاتەی عێڕاق هێندەی توانا نەبوو چەند ساڵێک تەمەنی ئەم زانایە درێژ بکاتەوە و نەیکرد؟ دواجار عەلی وەردی مرد و بەڵام ڕۆژ نیە ئەمڕۆ ڕەخنە و بۆچوون و نووسینەکانی لە نێو میدیا و لێکۆڵینەوە و سۆشیال میدیا وەکو نموونە و بیانوو نەهێنرێتەوە و ڕاستییە تاڵەکانی ژیانی مرۆڤەکانی پێ نەسەلمێنرێ.
گەر نموونەیەکی دیکەی تراژیدی مێژووی ئەوروپا بهێنمەوە و بیرم ئەمباتەوە بۆ لای دانتی شاعیری ئیتاڵی. ئەو شاعیرە گەورەیە بە هۆی ڕەخنەی ئایینیەوە و بە هۆی نووسینەکانی بە تایبەتی کتێبی "کۆمیدیای ئیلاهی" دەکەوێتە بەر نەفرەتی کەنیسە و پیاوانی ئایینی و دەسەڵاتدارانی زێدی باوباپیرانی خۆی کە شاری فێرێنزای ئیتالیایە. هەر بۆیە سەری خۆی هەڵئەگری و ڕوو ئەکاتە شارێکی بچکۆلەی ئیتاڵی تا لە تاو ستەمی دەسەڵاتداریانی شارەکەی خۆی پارێزراو بێت. ئەمڕۆ گۆڕی دانتی لە شاری ڕاڤێنای ئیتاڵیایە. ئەوە چەندین سەددەیە شارەوانی فیرێنزا داوا لە شارەوانی ڕاڤێنا دەکەن تا گۆڕەکەی دانتی بگوێزنەوە بۆ زێدی خۆی، بەڵام ناگەن بە ڕێککەوتن. چونکە ئەمڕۆ نەک ئیتاڵییەکان بەڵکو هەموو مرۆڤایەتی ئەزانن دانتی کێیە، بەڵام کەس نازانێ ئەوانەی دانتی-یان لە زێدی خۆی هەڵکەند کێن و چ کارە بوون!
شێرزاد حەسەن جگە لە ئەدەبە پایە بەرزەکەی و چیرۆک و ڕۆمانە پڕ ئازارەکانی، خەباتکارێکی ماندوونەناسی مافەکانی مناڵ و ژنە. ئەو هەمیشە دەنگی بوێرانەی کۆمەڵگای کوردی بووە و داکۆکیکاری هەرە چینە لاواز و بریندارەکانی نێو کۆمەڵەکەی خۆیەتی. ئەو پێشەنگی پەروەردەکاری پابەند و پەیامادارە و هەمیشە سوور بووە لە سەر درکاندنی ڕاستییە تاڵەکان. ئەو ڕاستییانەی زۆربەمان وەکو بڤە تابووەکان، خۆمانی لێ لا دەدەین. شێرزاد حەسەن هەمیشە دەنگی ڕوونی ئازادی و گڕی گەشاوەی یەکسانی و دادپەروەری بووە. هەر بۆیە هەر هەناسەدانێکی کەسێکی وەکو شێرزاد حەسەن بەهایەک ئەبەخشێتە مەعریفە و ڕۆشنبیری کۆمەڵگاکەی. جا ئەگەر ئەمڕۆش هەبن پشت بکەنە شێرزاد یان دژایەتی بکەن، من دڵنیام شێرزاد سبەی زۆر وردتر و زۆر ڕوونتر لە ئەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆمان ئەخوێنرێتەوە. چونکە شێرزاد لەو کەسە پایەبەرزانەیە گەر بڕۆن لە وێنەی ئەوان کەسێکی دی نایەنەوە، دەبێ بۆ شێرزاد تەنها و بۆ هەمیشە لە نێو دێڕی نووسینەکانیدا بۆی بگەڕێین.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی