بەعسییەکان کۆتاییانهات، دەبوو کۆتاییان بێ، ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی عرووبی جێی بە ئایدۆلۆژیای بەعسی عرووبی لەق کرد. واتە ئایدیۆلۆژیای ئەردۆغانی : کۆکتێلی ئەتاتورکیسم و ئیسلامی عوسمانی.
واتە، لەخراپ خراپتر!
بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک، شەرع جلکە سەربازییەکەی کردەوە بەر و گوتی گوێڕایەڵم بن من گوێڕایەلی خودا و پێغەمبەرم. ئەمە کورتکراوەی پڕۆژەکەیە. واتە، سوریای یەک رەنگ و یەک دەنگ، نەخێر بێدەنگ یا هاتوهاوار جێی دەنگ دەگرێتەوە، کەواتە قەیران بەردەوامە و لە هیچ دیوێکی تونێلەوە رۆشنایی بەدی ناکرێت. نمایشی سەربازی لە دیمەشق زیندووکردەوە هەمانە تاس و حەمامە.
بەڵام:
دۆخی نێونەتەوەیی لەبار نییە ئەم رژێمە وەک هێزێکی ملهوڕ لەسەر پێی خۆی راگرێت، هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنیش لەبەرچاو نییە، لێدوانە بێ سەر و بن و بێ تامەکانی تۆم باراک دەرخەری ئەم راستییەن. گرنگی قسە هەر ئەوەندەیە لە کوێەوە دەکرێت.
حکومەتی مەدەنی و دیموکراسی لە دیمەشق بنیات نانرێت، خەونی بە دیموکراسیکردن هەم لە سوریا هەم لە تورکیا شکست دەهێنێت.
هەموو ناماژەکان بە یەک ئاڕاستەدا وەردەچەرخێن : قەیرانی زیاتر، گوتاری سەربازی زیاتر، بەرکەوتەی نەخوازراو... زایەڵەی قاقاکانی دۆحە هەر لە ناو کۆشکەکەی دەمێنێتەوە و ئیمرالی تەنها دەتوانێت بە ژێر لێوەوە قسە بکات، ئاشتی کاری مەردانە بە گورگ و رێوی ناکرێت.
کاڵای بەعسیسم، لەژێر دەمامکی جیاواز دووبارەو دەبارە دەبێتەوە، جا بەریشەوە بێ یا بەکاسکێتەوە...لەعەفلەقەوە بۆ خالیدی کوڕی وەلیدی یا بەپێچەوانەوە..هیچ فەرق ناکات. ناوچەکە بەبێ ریش ئیدارە ناکات!
هەرگیز هێزی مەدەنی ئەوەندە لاوازو بێهێز نەبووە لەناوچەکە... لەگەڵ ئایندا نە نیشتیمان لەدایکدەبێ نە هاوڵاتی، بەڵکو گۆڕەپانێکی بێساحێب تەنها بۆ ئەوانەیە کە هێزیان هەیە...خودا لەهەموو شوێنێکەوە بەبێ هۆکار فیچقە دەکات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی