لافاوو نوێژە بەبارانەو شێخەکەی کەشوهەوا!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

دلێر محەمەد نوری

ئەم لافاوە پێی وتین نە دیواری بلۆك بەرگەی لافاو دەگرێ و نە ئەم میللەتە داماوەش شایەنی ئەم دەسەڵاتە کورت بینەن. میللەتێک دەمێ بە دیار بەتاڵی تانکییەکانی سەربانەوە ئێشک ئەگرێ و دەمێکیش بە دوای هەمان ئەو تانکییە بەتاڵانەوەیە کە لافاو بەرەوخواری شار، دایان ئەگرێ.

میللەتێکی داماوی خاوەن بێ پێشبینیترین دەسەڵات کە وەها سەری لێشێواوە، لە گەرمەی هاویندا ئەکەوێتە ڕاوکردنی سەگی برسی و بەرەڵای کۆڵانەکان و لە چلەی زستانیشدا بەزەیی بە پاشماوەکانیان دێتەوە و بەر لە مرۆڤەکان سەگەکان ڕزگار دەکەن.

شوکور بۆ خوا ڕەنگە بە هۆی ئەم لافاوەوە قڕ کەوتبێتە سەگی بێ لانە و هەمووی خنکابن و ڕزگاریان بووبێ لە برسێتی و ئێمەش لەوان. وشکەساڵی ئەم پاییزە هەزاران رکات نوێژە بە بارانەی پێ کردین تا لە بری باران تۆفانی نارد. ئێستاش هەرچی نزا و پاڕانەوەیە بۆ ئەوەیە ئەم بارانە خۆش بکاتەوە.

تۆفان هەر لە سلێمانییەوە هەتا گەرمیان و وا کەرکووکیشی ڕاپێچ کردووە، تەنانەت حکومەتی بەغدای هێناوەتە سەر خەت، کەچی حکومەتە دوو لەتەکەی خۆمان لە بری بە هاناوەچوون خەریکی شەڕە قسەن.

وەکو ئەوەی بیانەوێ خوداش بخەنە ناو ئەم یارییە سیاسییە مناڵانەی خۆیانەوە، بەوەی ئەمە لە هەقی گاڵتەکردنتان بە لافاوەکانی هەولێرە، وا لە سلێمانی و گەرمیانیش قەوماوە.

خۆزگە دەسەڵاتی پۆشتەوپەرداخ، هێندەی ئەو خاوەن تراکتۆرە ئاژەڵ دۆستە دڵسۆز بووایە، کە گیانی خۆی خستە مەترسییەوە و سەگێکی لە سەر دیوارە بە ئاو دەورەدراوەکە، ڕزگارکرد.

دەسەڵاتێک کە کام گرد و لوتکەی بەرزە کۆشک و تەلاری ماڵ و مناڵ  و ئۆتۆمبیل و کەل و پەلی خۆی لێ داناوە، تا نە کەس دەستی بیگاتێ و نە لافاویش بگاتە بەر دەرگاکانیان.

لەملاشەوە لە هەژارترینی میللەتەکەی خۆی لە نێو دۆڵ و ڕێڕەوە ئاو و چەمی وشک هەڵاتوو نیشتەجێکردووە و بە بۆری ئاوەڕۆی دە و دوانزە ئینج بە نیاز بووە، تۆفانەکەی نوح بە ژێر خانووەکاندا ڕەوانەی دیجلە بکاتەوە. 

حکومەتێک هێندەی ئەو دیوارەی قوتابخانەکەی تەکێ هەستی بە بەرپرسیارێتی بکردایە، کە خۆی ڕاگرت و نەڕوخا تا دوا مناڵ لە پەنایدا پەڕینەوە و ئەنجا خۆی ڕووخاند. ئەو حکومەتەی دەبوو میللەتی وەکو ماڵ و مناڵی بەرپرسەکانی خۆی تەماشا بکردایە و بەر لە دروستکردنی شار و شارۆچکە و لادێ بیری لە ئاو و ئاوەڕۆ و لەباری ناوچەکان بکردایەتەوە بۆ نیشتەجێ بوون.

من تێناگەم شەوی پێش لافاوەکە بۆچی مناڵ نێردرا بۆ قوتابخانەو نەکرایە پشوو؟ خۆ گیانی ئەوان شیرینتربوو لەو ڕۆژە پشووەی کە ڕەنگ بوو، ئابووری جیهانی لە سەر بوەستایە! دە با ئەم چەند ڕۆژەش بکرایە پشوو، وەکو ئەو هەموو پشووە بێ مانایانەی کە بە بێ هیچ بیانوویەک هەفتە و دوو هەفتە دەرگای قوتابخانەکانی بۆ داخرا!

ڕەنگە بڵێن کاری خودایە و عیلمی غەیبمان لە کوێ بوو کە بارانی بە خوڕ دەبارێ و تۆفانی نوح هەڵدەسێ.

ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد و دونیای زانیاری وەها پێشکەوتووە، مرۆڤەکان لە هەموو دونیا، شەوان تەماشایەکی پێشبینییەکانی کەش و هەوای ڕۆژی دوایی ئەکەن و بە پێی ئەوە پێڵاو و جل و بەرگی سبەینێیان ئامادە ئەکەن.

 بەڵام لە کوردستانە حەیاتەکەی لە مەڕ خۆشمان تازە تازە پشت  بە پسپۆرە تاقانەکەی کەش و هەوای ئاڤا میدیا ئەبەستن، تا فاڵی  کەش و  هەوایان بۆ بگرێتەوە. ئەو شێخی کەش و هەوایەی هین و گوێزەر لە یەک جیاناکاتەوە.

ئەو لە بەرنامەیەکدا وێنەی بەختیار عەلی و شێرزاد حەسەن و مستەفای زەڵمی ناناسێتەوە، بە تەمان باری کەش و هەواتان بۆ لێکبداتەوە؟ 

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی