چ ناڕەواییەکە خەڵک بەرامبەر بارانو ئاوو لافاو دەیڵێت " لافاو هاتە ماڵەکەمەوە" لەڕاستیدا بێچەوانەکەی ڕاستە، ئەوە خەڵکە چۆتەسەر ڕێگەی باراناو، بەدیارنەمانی لافاو بۆ چەند ساڵێک خەڵکو دەسەڵات بەهەڵەداچون، نەیانزانی کە باراناو ئەمڕۆ بێ یان سبەی دێتەوەسەر ڕێگه ڕاستەکەی خۆییو موڵکی خۆی وەردەگرێتەوە.
لەبنەڕەتدا ئەوە دەسەڵاتی گەندەڵە کورتبینە، کەڕولاڵە، رێگەی بەئاوو لافاو گرتوە. دوێنێ لەهەولێر، زاخۆ، ئەمڕۆ لە دوز ، کەرکوک، بەغدا و پارێزگای سلێمانی. بێ بەرنامەیی و بێ پلانی وەزارەتی بەناو پلاندانانە، وەزارەتای سەرچاوەکانی ئاوە، دانانی بەرپرسی کەم فام و نەشارەزایە، ملهوڕی کاربەدەستان و زۆری راوێژکار و گوێنەدانە پێیان، هەر لە خۆڕا نیە عەوام ناوی کاوێژکاری لێناون.
هاوڵاتیەکی شارۆچکەی چەمچەماڵ دەڵێ " لافاو بردینی، کەچی تانکیەکانمان ئاوی خواردنەوەیان تێدا نییە". بەم وتەیە پێناسەی تەواوی دەسەڵاتەکانی عێراق و هەریم دەکات: دەسەڵاتیکی شکستخواردو، گەندەڵ و بێپلان.
ئەم لافاوە ئەگەرچی زیانی زۆری دا بەڵام لە چەندلایەکەوە کاری زۆرباشی کرد:
1- خەڵک لە مێژدایە چاوەڕوانی رەحمەتێکی وایە، دڕی بە نائومێدی و بەرچاوتەنگی دا، زەوی و جوتیاری بوژاندەوە. ئومێدی ساڵێکی تەڕی بەخشی.
2- بە خەڵک و دەسەڵات دەڵێ سەر رێگا کۆنەکانم چۆڵکەن، من وەک ئێوە نیم، هەردێمەوە سەر نیشتمان و رێگاوبانی دێرینم.
3- بە روخانی رێگاوبان و پرد و زۆرێک لە خانو بەرەرە، گیاند سەندنی هاوڵاتیان چەند جارێکە پەردە لەسەر گەندەڵی و کەڵفەمای دەسەڵێتی هەولێر و بەغدا هەڵدەداتەوە.
لەماوەی 22و 33 ساڵی دەسەڵاتداری بەغدا و هەولێر سەرەڕای داهاتێکی بێشومار جومگەکانی ژیانی هاوڵاتیان توشی نیمچە ئفلیجی بونە، بەتایبەتی لە بواری گرتنەوەی ئاو و دروستکردنی بەربەست وتۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ. نەبونی کەمی بەربەستی ئاوی وای کردوە زۆرینەی ئاوی روبار و بارانەوەکان تیژتێپەڕبەناو خاکی وڵاتدا بڕۆن و هاوڵاتیانی عێراق سودی لێنەبینن. کەرتی کشتوکاڵ زیانی زۆری بەرکەوتوە، هۆر و زەلکاوەکان زۆربەیان وشکیان کردوە.....هتد.
دوا قسە ئەوەیە، ئەم دەسەڵاتانە چاوەڕوانی بەخۆداچونەوە و چاکسازیان لێناکرێ، چونکە ئەمانە خراپەکارن، کورتبین و بێبەرنامەن، تاقیکراونەتەوەش، بۆیە تاکە چارە گوێگرتنە لە هەور و دڵۆپە ئاوەکان و لافاوەکەی چەمچەماڵ، هەور دەڵێت " لە دڵۆپە ئاوەکان لافاو پیکدەهێنم".
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی