بڕیارە ئەمڕۆو سبەی
شیعەو سوننە كاندیدی خۆیان بۆ سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی وەزیران یەكلایی بكەنەوە، تەنها
كورد تائێستا روون نییە دەتوانێت بەیەك كاندید بۆ سەرۆك كۆمار بچێتە بەغدا یان نا!
بڕیاریشە سبەی پارتی و یەكێتیی دووبارە كۆببنەوە بۆ گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی هەردوو
حكومەتی هەرێم و بەغدا.
لەگفتوگۆی سبەی پرسی
پێكهێنانی حكومەتی نوێی بەغداو هەرێم بەیەكەوە بەستراوەتەوە، زەحمەتە هیچیان بەبێ
ئەویدیكە گفتوگۆی لەسەر بكرێـت. گرنگترین باسی كۆبونەوەكەی كۆبونەوەی سبەی، جگە لە
یەكلاییكردنەوەی پۆستەكان هەر لەسەرۆك كۆمارەوە تا وەزارەت و جومگەكانی دیكە، گفتوگۆی
پێداچوونەوە بەدەسەڵاتەكانی بەشێك لەجومگەكانی
حكومەتی هەرێم دەكەن.
ئەوەی زانراوە هەردوولا
(پارتی و یەكێتیی) خۆیان لەبەشێك لەداواكارییەكانیان هاتوونەتە خوارێ، بەڵام روون
نییە لەم كۆبونەوەیە دەتوانن رێككەون یان نا، چونكە وردەكاریی زۆری هەیە. خەڵك چاوی
لەسەقامگیری سیاسیە چونكە رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر باری ئابوریی هەیە.
رەنگە پارتی دەستبەرداری
داواكردنی پۆستی سەرۆك كۆمار ببێت، یەكێتیش دەستبەرداری پۆستی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم،
لەبەرامبەردا پۆست و ناونیشانەكانی ئەنجومەنی ئاسایش كەئێستا یەكێتیی پێی وایە لای
ئەو نەماوە، یەكێتیی دووبارە وەریبگرێتەوە.
سەبارەت بەپرسی سەرۆك
كۆماری عیراق، بەر لەچەند رۆژێك قوباد تاڵەبانیی لەبەغدا سەردانی نوری مالكی كرد. سەردانەكە
لەلایەن نوسینگەی مالكیەوە بڵاوكرایەوە. هەواڵەكە وەك بەیان و بۆچوونی مالكی و شیعە
لێكدرایەوە، لەوێدا بەكورتی ئاماژەكراوە بەوەی
كە كاندیدی سەرۆك كۆمار لەنێوان لایەنە كوردیەكان خۆیان یەكلایی بكرێتەوەو كەسایەتیەكیش
بێت جگە لەكورد، لەلایەن شیعەو سوننەش قبوڵكراو بێت. واتە ئەوان لەگەڵ ئەوەن پارتی
و یەكێتیی بەیەك كاندید بۆ سەرۆك كۆمار بێنە بەغداو ئەوكەسەی دەبێتە كاندیدیش كەسایەتیەكی
نیشتیمانیی قبوڵكراو بێت.
لەگەڵ ئەم تێگەیشتنەی
شیعە سەبارەت بەپۆستی سەرۆك كۆمار كە ئاماژەی كردووە بەوەی دەبێت پارتیش لەسەر كاندیدی
سەرۆك كۆمار رازی بێت، بەڵام هاوكێشەیەك هەیە بۆ پارتیش ئاسان نییە بازدان بەسەری ئەویش
زەحمەتە هاوكێشەی ناوخۆیی و ئیقلیمیی رێبدات بەتەنها حزبێك كە مەبەست پارتییە سێ سەرۆكایەتی
بەدەستەوە بێت واتە سەرۆكی كۆمارو سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەم روانگەوە
پارتیش كەمێك نەرمی بنوێنێت، بۆیە ئەگەری بەهێز ئەوەیە سەرۆكی كۆمار بۆ یەكێتیی بێت،
بەڵام كاندیدەكە جۆرێك لە رەزامەندی پارتی لەسەر بێت.
زۆر گرنگە پارتی و
یەكێـتیی بەبەشداری هەموو لایەنەكانی دیكەی كوردستان لەسەر كەسایەتیەك بۆ سەرۆكایەتی
كۆمار رێككەون تاوەكو بتوانێت نوێنەرایەتی خەڵكی كوردستان بكات و داكۆكی لەمافە دەستورییەكانی
هەرێم بكات.
هەر لەچوارچێوەی نەرمی
نواندنی هەردوولا، پێدەچێت پارتی رازیبوبێت بەوەی سەرۆكی هەرێم تەنها یەك جێگری هەبێت
نەك دوو جێگر. سەرۆكی پەرلەمان بدرێت بەیەكێتیی، بەڵام دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان دەستكاریی
بكرێت بەجۆرێك دەستەی سەرۆكایەتی رێگر نەبێت لەبەشێك لەدەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمان.
واتە بڕیاری دانانی كۆبونەوەو دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان لەدەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان
بێت نەك دەستەی سەرۆكایەتی، لەكاتێكدا دەستەی سەرۆكایەتی پێشتر دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمانی
لاوازكردبوو. هەرچەندە قسەیەكیش هەیە كە سەرۆكی رابردووی پەرلەمان لەجێبەجێكردنی دەسەڵاتەكانیدا
خۆی دەدزیەوەو لەبەرژەوەندی پارتی لەچەند پرسێك گومانی زۆری لەسەر خۆی دروستكرد.
سەبارەت بەحكومەتی
سێبەر ئەگەر دەستەواژەكە راست بێت یان ئەو حكومەتەی ناو ئەنجومەنی وەزیرانیش كەبەشێك
لەبەرپرسانی یەكێتیی باسی دەكەن، رەنگە لەكۆبونەوەی پارتی و یەكێتیدا گفتوگۆی رێكخستنەوەی
دەسەڵاتەكان بكرێت، بەوپێیەی یەكێتیی داوایكردووە دەسەڵاتی سەرۆكی حكومەت و بەشێك لەكاربەدەستانی
ئەنجومەن و ناونیشانەكانیان روونبكرێتەوەو دیاریبكرێت.
سەبارەت بە وەزارەتەكانیش
پێدەچێت هەمان وەزارەتەكانی پێشوو بەسەر یەكتر دابەشبكەن و هاوكات وەزارەتەكانی بزوتنەوەی
گۆڕان لەنێوان خۆیان دابەشبكەنەوە، بەمشێوەیە: وەزارەتی بازرگانی بۆ پارتی و ئاوەدانكردنەوەو
دارایی بۆ یەكێتیی.
خولاسە، فشارێكی زۆری
ئەمریكاو ئەوروپا بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لەسەر پارتی و یەكێتیی هەیە. پرسی پێكهێنانی
حكومەتی عیراق لەسەر رێككەوتن یان رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتیی راناوەستێت. ماوەی زیاتر
لەساڵێكیشە دروستكردنی حكومەتی نوێی هەرێم دواكەوتووە، زیانێكی گەورەی بەكاریگەریی
و رۆڵی دامەزراوەكانی حوكمڕانی هەرێم گەیاندووە. ئێستا حوكمڕانی هەرێم و دامەزراوەكانی
لەدەرەوەی شەرعیەتی قانونین، هەروەك كۆی پرۆسەی سیاسی لەكوردستان لەژێر پرسیاردایە.
ئۆپۆزسیۆن زۆر لاوازبووەو دەسەڵاتیش شەرعیەتی بەپێی یاسا نەماوە.
ئەم دۆخە خراپەی نێوان
پارتی و یەكێتیی لەكاتێكدایە كە پێ دەنێینە ساڵی نوێ و دووبارە پرسی دانانی بودجەی
عیراق و پرسی ناردنەدەرەوەی نەوت دێتەوە گۆڕێ. بەدڵنیاییەوە رێگەی ناردنی پارەی هەرێم
ئاستەنگی لەبەردەمدایەو ئاسان نییە. ئەگەر پارتی و یەكێتیی كە خاوەنی هێزی چەكدارو
نفوزی جوگرافین رێكنەكەون، ئاستەنگ بۆ باری ئابوریی و حوكمڕانیی لەهەرێم دروستدەبێت.
لەغەیری رێككەوتنیش هەموو ئەگەرەكانی بەردەمیان بریتیە لەدروستكردنی ئاڵۆزیی بۆ بەرژەوەندی
خەڵكی كوردستان، هەروەك رێكنەكەوتنیان پێچەوانەی ئەو هەموو موزایەدەیە كە لەماوەی هەڵمەتی
هەلِبژاردن دەیانكرد كە ئەوان چاویان لەپلەو پۆست نییەو دەیانەوێ ژیانێكی شایستە بۆ
خەڵك دابین بكەن.
.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی