يەکەم:
لە هەر بەرپرسێکی ئەم وڵاتە بپرسی تۆ بڵێی هەرێمی کوردستان دابەشبێتەوە؟ دڵنيام ڕاستەوخۆ و بێ بيرلێکرنەوە بە ( نا) يەکی گەورە وەڵامدەداتەوە، بەڵام بەداخەوە من وای نابينم, هيوادارم لەمەدا هەڵەبم و ڕەشبينيیەکەم لە هەستياری و دڵسۆزيیەوە هاتبێ و ئەوەی من بە مەترسی دەزانم ڕاست دەرنەچێ، بەڵام پێکنەهێنانی کابينەی حکومەت و ڕێکنەکەوتن بۆ يەکهەڵوێستی بەرامبەر بەغدا و بەجيا کارکردن باشترين نيشانەی ئەو گومانەن.
ئێمە ئەوانەمان دەوێ و ئەوانيش ئەوانە نادەن و پێشنيازی سێيەميش نييە، کەواتە دەبێ هەر بەم شێوەيە و بەبێ گەيشتن بە هيچ ئەنجامێکی هاوبەش لە دەورى يەکدى بسوڕێينەوە.
پارتی دەڵێ: ئێمە دەنگی زۆر و کورسی زۆرترمان هێناوە، بۆيە مافی خۆمانە چی بدەين و چی نەدەين..! يەکێتيش دەڵێ: ڕاستە ژمارەی کورسیيەکانت زياترن، بەڵام بەبێ من کابينەت پێ دروستناکرێ، بۆيە منيش مافی خۆمە ئەوەی دەمەوێ بۆم دابينبکرێ و بەدەستیبهێنم.
ئەوەی جێگای سەرنجە هەردوولامان دەزانين هەرگيز بە ژمارەی زۆری کورسی کابينەکە دروستناکرێ، کەواتە ئەو خۆنەبانکردنەی پارتی لەبەرچيیە..؟
پارتی دەڵێ: باشە ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردن لەبەرچاونەگيرێ، هەڵبژاردن بۆچيیە..؟! ئەوە ڕاستە، بەڵام خودی پارتی لە بەغدا هەڵوێستی پێچەوانەيە و بە لايەنە عێڕاقیيەکان دەڵێ: نابێ زۆرينە و کەمينە لەبەرچاوبگرن، بەڵکو دەبێ بە سازان ڕێکبکەوين، هەر بۆيەشە دروشمێکی سەرەکیی پارتى لەم هەڵبژاردنەى دوایی سازان بوو.
يەکێتيش دەڵێ: ڕاستە هێزی يەکەمە، بەڵام لەبەر هەلومەرجی ئێستای کوردستان پێويستە بە سازان ڕێکبکەوين.
بۆ بە سازان؟ چونکە هەرچەندە لە دوای (٢٠٠٩) ـەوە تاکو ئەمڕۆ يەکێتی لە حکومەت بەشدار بووە، بەڵام ئەوەندی ميوان بووە، نيو ئەوەندە هاوبەش نەبووە..!
ئەوەی دياريشە پارتی زۆر باش دەزانێ جياوازیی نێوان بەشداری و هاوبەشی چيیە و باشيش هەست بە ئازارەکانی بەشداری ناهاوبەش دەکات، بۆيە دروشمی هاوبەشی بۆ عێڕاق بەرزکردۆتەوە و لەسەر بنەمای سازان و هاوبەشيش لە بەغدا گفتوگۆ دەکات.
کەواتە ئەم يەك بان و دوو هەوايە چارەنووسی هەرێم بەرەو کوێ دەبات؟
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی