لەوڵاتی ئێمە، هاوشێوەی بەشێکی زۆری وڵاتانی ڕۆژهەڵات ، نە ساڵە کۆنەکان تێدەپەڕن و نە ساڵی نوێ دەست پێدەکات ، بەڵکو تەنها ژمارەکان ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت ، بەروارەکان نوێ دەبنەوەو دەگۆڕێن ، بەڵام ترس و دودڵی ، هەژاری و قەیران ، دزی و گەندەڵی ، ستەم و نادادی ، پێشێلکردنی ماف و ئازادیەکان ، ململانێ و قەیرانەکان ، هەر لە شوێنی خۆیاندا بە جێگیری وەستاون ، دەسەڵات بێ باکانە وەک کوێخایەکی سمێڵ بابڕی بەویقار ، لەسەر سینگی کۆمەڵگا ، شانی داداوە ، سەرینێکی کوردەواری ئەستوری خستۆتە ژێر سەری ، سەرینێک لە بری پەڕی قازو قومری ، بە خوێن و فرمێسکی سەدان ساڵەی گەلێک خۆشکراوە و ئاخنراوە ، ئەویش زۆر بێ شەرمانە و لەسەر تێری ، لەگەڵ بەردانەوەی هەر دەنکێکی تەزبیحەکەی ، لە بەینی پەنجەکانیدا ، بە هێمنی یاری بە کات دەکات ، جامانەکەی هێناوەتە سەر ناوچەوانی و خەیاڵ بردویەتیەوە ، بیر دەکاتەوە لە ساڵی داهاتودا چیتر ماوە بەو میللەتە داماوەی بکا ، چەند کۆمپانیای تر دامەزرێنێ بۆ تاڵانکردنی گیرفانیان ، چۆن دەست بنێتە قوت و ژیانیان و چەند موچەی تر حەپەلوش بکا ، کوێی کۆمەڵگا ماوە مۆنۆپۆلی بکا ، چەند دەنگی تری ئازاد کپ بکاو چەند مامۆستا بداتە بەر شەق و چەند ڕۆژنامەنوس و چالاکوان لە کونجی زیندان قایم بکا ، کام شەقام لە ساڵی ڕابردو ، خەڵتانی خوێنی بە ناحەق ڕژاو نەکراوە ، لە ساڵی نوێدا پێیدا بچێتەوەو بیخاتە بەرنامەی کارەوە ، پڕۆ پۆزەڵ پێشکەش بە چەند دامو دەزگای تری هەواڵگیری دونیا بکا لەم ساڵدا ، داوەتیان بکات بۆ ئاهەنگی یەکتر ناسین ، تەندەری چەند بیرە نەوت و ڤێلاو قەسرو قسور ، فڕۆکەی تایبەت و یەختی گران بەها ، بۆ منداڵ و نەوەی نەوەکانی لەم نیشتیمانە زامدارە ، لە سەر حسابی منداڵ و نەوەی شەهید بەرێتەوە .
هەموو ساڵێک، سەری ساڵ وەک ڕێوڕەسمێکی هاوردەی حەزین دێت و تێدەپەڕێ ، دابڕاو لە واقیع و ژیانی ئێمە ، داوا لە هاوڵاتیان دەکرێت لەنێو وێرانەکانیاندا ، لە ناو خەم و ئازارو دەردو نەخۆشی و قەرز و قۆڵەکانیاندا ، ئاهەنگ بگێڕن ، لە بەردەم کامیرای تەلەفزیۆنە ڕەنگاو ڕەنگەکاندا ، بە پێکەنینەوە بوەستن ، پیرۆزبایی ئاڵوگۆڕ بکەن ، لەکاتێکدا هیچ شتێک نەگۆڕاوە ، جگە لە پیرۆزباییە بێ تام و بێ ماناکانی دەسەڵاتداران ، پیرۆزبای پڕ لە درۆی شاخ دارو ئومێدی موزەیەف بۆ ساڵی نوێ ، پڕ لە سوپاسی گاڵتە ئامێز ، لە بەرامبەر ئارامگرتن و خۆڕاگری هاونیشتیمانیان ، بە دڵێکی خەمبارو گیرفانی بەتاڵەوە ، پڕ لە مژدەی هەڵچنینی تەلاری باڵا بەرز ، لە سەرمایە بۆ خۆیان ، لەبەرامبەر تاڵانکردنی زیاتری سەرمایەی نیشتیمان ، پڕ لە بەخشینەوەی بوختانی وەهمی بەناوی وڵات پارێزی و نیشتیمان سازی ، پڕ لە منەتی خەون و خەیاڵی گۆڕانکاری ، پڕ لە شانازی شکۆمەندانەو ، لە خۆڕازیبونی لوت بەرزانە ، پڕ لە هاشوهوشی دەستکەوتی درۆزنانەی مێژوی .
سیاسەت لە وڵاتی ئێمەدا ، تەنها فەرمانڕەوایی دەستەبژێرێکی خۆ سەپێن نیە ، بە سەر کۆمەڵگاو مەخلوقە بەستەزمانەکانی سەر ئەرزو ، فەرامۆش کراوە مەحبوبەکانی ژێر ئەرزدا ، بەڵکو دەست بەسەراگرتنی ڕیتمی جوڵە و ئاراستەکردنی کاتە ، لێرە کات بە دەستکەوت و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان ناپێورێ ، وەک نەریتێکی جیهانی ، بەڵکو دەسەڵات کاتژمێرەکەی لە سەر تەوقیتی سەبری ئەیوب و تەحەمولی دایکانی ڕەشپۆش میقات کردوە ، بۆیە نە چرکەو نە کاتژمێرو نە ڕۆژ و نە هەفتەو نە مانگ و نە ساڵ ، ستەم هەر ستەمەو ناگۆڕێ ، بە تێپەڕبونی ساڵ . تە نانەت ساڵنامەکان چیتر لاپەڕەی پاک و بێگەردنین ، چونکە خیانەتیان لە جوڵە کردو ، خۆیان لەسەر نەزمی سیستەمە سەپاو جێگیرەکان ڕێکخستەوە ، بۆیە هەر ساڵەکان دەژمێرین و دەموچاوەکان وەک خۆیانن ، ساڵی نوێ بۆ هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە نیە لای ئێمە ، بە قەد ئەوەی بۆ جۆشدانەوەی زاکیرەو پێچانەوەی دۆسیە ڕەشەکانە ، لە ژێر بەرواری ڕابردوی لەبیرکراو بەسەرچودا .
خودایە چ درۆیەکی شاخدارە ، کاتێک دەسەڵات داوات لێدەکات ، توڕەییەکەت هەڵگری بۆ کاتێکی تر ، چونکە ئیستا کاتی نیە ، داخوازیەکانت دوابخەی ، بە بیانوی ئەوەی ئێستا سەردەمی دادپەروەری نیە ، مافەکانت فەرامۆش بکەی ، بەو پێیەی ئێمە هێشتا نەخشەمان نیە ، خەونەکانت لە بار بەری ، بە پاساوی ئەوەی خەوبینین لە قاموسی ئێمەدا ، تا ئێستا موفەسیری ڕێگە پێدراوی شەرعی نیە ، خودایە ساڵێکی تریش ئارامیم پێ مەبەخشە خودایە ، چونکە ئەم دەسەڵاتە ، نە لەساڵی کۆن و نە لە ساڵی نوێدا، مێش میوانی نییە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی