سەرەتا بەکورتی ئەو زۆرینە
ڕەهایەی ماددەی ٥٥ی دەستوور کە بە مەرجی گرتووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرانی ئەنجومەنی
نوێنەرانی عیراق، بە دوو بڕیاری دادگای فیدراڵی جێگیرکراوە کە لەخوارەوە بەوردەکاری
باسی دەکەم لەم ڕووەوە هەڵبژاردنەکە تێبینی ئەوتۆ هەڵناگرێت چونکە براوە پێوستی بە
نیوە کۆ یەک هەیە، بەڵام دوو پرسیار پرۆسەی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی
عێراق بەو شێوەیەی کە رۆژی ٣٠-١٢-٢٠٢٥ بەڕێوەچوو دەخاتە ژێر پرسیارەوە لەرووی
دروستی یاسایی و دەستورییەوە.
یەکەم: بەپێی ماددەی ٧
لە بڕگەی دووەمی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باس لە کردنەوەو داخستنی
دەرگای خۆ کاندیدکردن دەکات بۆ هەر سێ پۆستەکە، دەڵێت: پاش داخستنی دەرگای خۆ کاندیدکردن
پرۆسەی دەنگدان بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دواتر جێگیری یەکەم و کۆتا جار بۆ جێگری
دووەم بەڕێوەدەچێت، بەپێی ماددەکە پرۆسەکە هەنگاوی یەکەم بە کردنەوەی دەرگای خۆ
کاندیدکردن و داخستنی دەرگای خۆ کاندیدکردن و دواتر پرۆسەی هەڵبژاردن دەست پێدەکات.
لیرەدا بە هیچ جۆرێک دەسەڵاتی
بە سەرۆکی کاتی یاخود ئەندامانی نوێی پەرلەمان نەداوە بۆ جاری دووەم و لە هەمان
دانیشتن دەرگای خۆ کاندیدکردن بکەنەوە، ئایا پەرلەمان پاڵپشت بە کام ماددەی یاسایی
بۆ جاری دووەم دەرگای خۆ کاندیدکردنی کردەوە؟ لەکاتێدا ماددەکە کردنەوەو داخستنی دەرگای
خۆ کاندیدکردنی رێک خستووە.
دادگای فیدراڵی بۆ ئەمە
چی دەڵێت؟
دادگای فیدراڵی لە بڕیاری
٣٢٢ی ساڵی ٢٠٢٣ لە ١٤-١٢-٢٠٢٣ دوو بابەتی گرنگی یەکلاکردووەتەوە، سەرەتا جەخت لە زۆرینەی
رەها دەکاتەوە بۆ هەر سێ پۆستەکەی دەستەی سەرۆکایەتی و ئەمەی یەکلاکردووەتەوە، بەڵام
ئەوەی مایەی سەرنجە لەم بڕیارەدا دەڵیت: کاتێک پرۆسەی دەنگدان دەستپێدەکات ناکرێت
جارێکی دیکە دەرگای خۆ پاڵاوتن بکرێتەوەو کاندیدی نوێ وەربگیرێت بۆ پۆستەکانی سەرۆک
و جێگرانی ئەنجومەنی نوێنەران. کەواتە وەرگرتنی کاندیدی نوێ لە گەری سێیەمی هەڵبژاردنی
ئەنجومەنی نوێنران پێچەوانەی ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵییە و پاڵپشتی پەیڕەوی ناوخۆو یاسا و دەستووری نەبوو.
ئەگەر گریمانەی ئەوە
دابنێین کە سەرجەم کاندیدەکان بە تیانوسێک کشانەوەی خۆیان راگەیاندبێت ئەوا ئەو
کات هیچ کاندیدێک نەدەما و دادگای فیدراڵی ناچاربوون هاوشێوەی ساڵی ٢٠٢٢ دەرەچەیەک
بدۆزنەوەو دەرگای خۆ کاندیدکردن بکەنەوە، یاخود ئەگەر هەڵبژاردنەکە بەهۆکاری نەبوونی
نیساب یاخود هەر هۆکارێکی دیکە بەڕێوەنەچوایە و پرۆسەکە نەخرایەتە دەنگدانەوە و بەپێی
ماددەی ٧ی پەیڕەو دەستیپێنەکردایە ئەوا دەکرا پاڵپشت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی سەرلەنوێ
بۆ هەموو ئەندامانی پەرلەمان دەرگای خۆ پاڵاوتن بکرێتەوە، بەڵام ئەمانە بەدینەهات.
چونکە لەم حاڵەتە بڕیاری ٢٣ی ساڵی ٢٠٢٢ هەیە کە لە ١-٣-٢٠٢٢ دەرچوو تێیدا دادگای فیدراڵی
بەهۆی ئەوەی ماوەی دەستوریی تێپەڕیبوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، رێگەیدا لە دەرەوەی
ماوەی یاسایی بۆ یەک جار دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بکرێتەوە کە
هاتووە تەنها یەک جارو بێ تازکردنەوە وە پابەندی کردوون دەبێت لەماوەیەکی کورتدا لە
دانیشتنەکەدا سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت. ئەوەش وەک لە بڕیارەکەیدا هاتووە لەبەر بەرژەوەندی
باڵای وڵات ئەو رێگەپێدانەیان کردووە چونکە وڵات کەوتووەتە کێشەیەکی دەستووریەوەو
سەرۆک کۆمار هەڵنەژێردرا بەهۆی نەبوونی نیساب بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان بەوپێیەی ئەوکات
چوارچێوەی هەماهەنگی سێیەکی پەکخەریان پێک هێنابوو نەتوانرا لە ماوەی دەستووریدا سەرۆک
کۆمار هەڵبژێردێت.
لەم بڕیارانەی دادگای
فیدراڵی و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانەوە پرسیار لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی جێگری دووەم
دروست دەبێت و ئایا پاڵپشت بە چ مادە و بڕگەیەکی یاسایی دەرگای خۆ پاڵاوتن دەکرێتەوە
بۆ کاندیدی نوێ لە کاتێکدا پرۆسەی هەڵبژاردن بەردەوامە؟
هەرچی سەبارەت بە پرۆسەی
ئاڵوگۆڕی کاندید(استبدال) ئەمە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و کاندید ناگۆڕدرێت بە
کاندیدی دیکە.
دووەم: لە حاڵەتی کشانەوەی
کاندیدی دووەم و مانەوەی تەنها یەک کاندید پەرلەمان دەبوو تەنها کاندیدی ماوە بخاتە
دەنگدانەوە، یاخود داواکاری تەفسیری یاسایی لە دادگای فیدراڵی بکردایە چونکە لە حاڵەتی
مانەوەی یەک کاندید واتە دەگدان تەنها بۆئەو کاندیدە دەکرێت بزانرێت ئایا زۆرینەی
رەها دەهێنێت یاخود نا؟
بۆیە کشانەوەی کاندیدی
دووەم مامەڵە نەکردن لەگەڵ کاندیدی یەکەم وەک تاکە کاندید لەراستیدا پالپشتی یاسایی
نییە.
بۆیەکلاکردنەوەی هەموو
ئەمانە دادگای فیدراڵی تەنها شوێنە بەڵام گومانم هەیە لەم دۆخەدا داگاکە پشت لە تەوافوقی
تەقلیدی لایەنەکان بکات، لەبەرئەوەی خودی دادگاکە بەرهەمی تەوافوقی سیاسی لایەنەکانە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە پەرلەمان لەکاتی پرۆسەی
هەڵبژاردنەکەدا مانای دەستووەردانیەتی لە پرۆسەکە و قورسە پێچەوانەی خواست ئەو بڕیار
دەربچێت، بەتایبەت لە خولی نوێی دادگای فیدراڵی
زیاتر هەست بە هەژموونی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی دەکرێت لە بنەمادا ناردنە
ماڵەوەی سەرۆکی پێشووی دادگای فیدراڵی و خانەنشینکردنی لە ئەنجامی ناکۆکی بوو لەگەڵ
سەرۆکی باڵای ئەنجومەنی دادوەری.
هەرچی سەبارەت بە ماددەی
٥٥ی دەستووری عێراقە ئەگەرچی گرفت و نادادپەروەری تێدایە و بەڵام دوو بڕیاری دادگای
فیدراڵی ژمارە(٣٢٢ی ساڵی ٢٠٢٣) و ژمارە(٩ی ساڵی ٢٠٠٩) جەخت لەم مادەیە دەکەنەوە وەک
ئەوەی کەهاتووە کە بە مەرجی گرتووە بۆ وەرگرتنی پۆستەکانی هەر یەکێک لە ئەندامانی
دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زۆرینەی رەهای ئەندامان بهێنن ئەمە جێگیر
بووە لەڕووی دووبارەکردنەوەو سێبارەکردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی ئەنجومەنی
نوێنەران پاڵپشتی یاسایی و دەستووری دادوەری بوونی هەیە بەوپێیەی پەیڕەوی ناوخۆ لە
ماددەی حەوت و ١٢ دەستوور لە ماددەی ٥٥ دادگای فیدراڵی لەو دوو بڕیارەی پێشوو ئەمەیان
جێگیرکردووەو قسەی تێدا ناکرێت.
بەڵام ئەمەش نادادپەروەری
تێدایە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی:
یەکەم: پۆستی سەرۆک کۆمار باڵاتر و سیادیترە بەڵام
ماددەی ٧٠ی دەستوور رێگەی داوە لە گەری دووەمی هەڵبژاردن بە زۆرینەی سادە سەرۆک کۆمار
هەڵبژێدرێت بەڵام ئایا پۆستی سەرۆک کۆمار و جێگری دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران کامیان
گرنگن؟ بۆ یەکەمیان بە زۆرینەی سادە و بۆ دووەمیان بە زۆرینەی رەها دانراوە.
دووەم: گرنگی دەستورو یاسا
لە رێکخستن و دانانی چارەسەر بۆ گریمانە و حاڵەتەکانە، باشە ئەگەر روویدا دوای چەندین
جار دووبارە کردنەوە هیچ کام لە کاندیدەکان زۆرینەی رەهایان بەدەست نەهێنا ئایا تەنها
پێداگری لە دەقە دەستووریەکە دەکرێت یاخود دەرەچەیەکی یاسایی دەدۆزرێتەوە لە رێگەی
دادگای فیدراڵییەوە.
ئەگەر بۆ نیەتی موشەریع
بگەڕێیتەوە ئەستەمە دانەری دەستوور بە مەبەست ئەم جیاوازییەی کردبێت رێگەی دابێت سەرۆک
کۆمار بە ١٠٠ دەنگ هەڵبژێردرێت بەڵام رێگە نەدا بە ١٦٤ دەنگ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی
نوێنەران هەڵبژێردرێت، بۆیە ئەوەی روویداوە کەموکوڕی دەستورییە و دەکرێت بە تەفسیر
و قیاس لەرێگەی دادگای فیدراڵییەوە راستبکرێتەوە، چونکە پەیڕەوی دادگاکە رێگەی داوە
لە بڕیاری پیشووی پاشگەزبێتەوە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی