بە ئاشتیبێ یان شەڕ، نەوتی تۆ پشکی ئەمریکای تێدایە

03/01/2026

عوسمان گوڵپی



نەوت و کانزاکانی جیهان دەبێت لە خزمەتی ئەمریکادا بێت، ئەگەرنا هێزی دەلتا لەسەر باڵەخانەکەتان دەنیشێتەوە،

هێرشکردنە سەر عێراق بە پاساوی بوونی چەکی قەدەغەکراو بوو، کەچی دوای رووخاندنی هیچیان نەدۆزیەوە و عێراق هەر هێندە چەکی قەدەغەکراوی هە بوو بەسەر کوردا باراندی و خۆشیان پێیان فرۆشتبوو، داگیرکردنی عێراق نە دیکتاتۆریەت بوو نە چەكی قەدەغەکراو، بەڵکو چاوی ئەمریکا بوو لەسەر نەوتی عێراق، هەربۆیە لە ڕۆژی داگیرکردنەوە تا ئێستا ئەمریکا بەڕێککەوتن پشکی لە نەوتی عێراقدا هەیە، پاشان لەو قەرەبوەی کە بە فشاری ئەمریکا عێراق ناچار کرا بیدا بە کوێت لە بەرامبەر داگیرکردنیدا بەشێکی بۆ ئەمریکا دەچێت لە بەرامبەر ئەوەی ئەمریکا کاتی خۆی عێراقی لە کوێت دەرکردوە.

ئەمڕۆ ئەمریکا هێزی ناردە سەر فەنزوێلاو هێزی دەلتا لەسەر بانی ماڵی سەرۆک نیشتەوە و دەستگیری کرد، پاساوەکە کۆتاییهێنانە بە مادەی هۆشبەر و  قاچاخچێتی، بەڵام لە ڕاستیدا فەنزوێلا دەوڵەمەندە بە نەوت و کانزاکان، ترامپیش هەر بۆ ئەو دوانە چوە، هیچ پاساويکیتر نیە  چاوبڕینە لە نەوت و کانزاکانی فەنزوێلا

شەڕی ئێرانیش هەمان شەڕە، نە شێوازی حکومرانی ئێرانە و نە بەدەستهێنانی کڵاوەی ئەتۆمی، بەڵکو تەنها نەوت و غازە، کە ئێران یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان تیایدا، ئەمریکا تا ئێستاش دەیەوێت بە رێگای فشار وای لێ بکات تەسلیم ببێ نەوت و غازەکەی بکاتە بەشێك لە بەهێزکردنی ئابوری ئەمریکا و کۆمپانیاکانی.

ئەمریکا وەک خاوەنی جیهان مامەڵە دەکات، دوو ڕێگا هەیە بۆ ئەوەی هەموو وڵاتان بکاتە خزمەتکاری خۆی، ڕێگای دۆستایەتی و رێگای شەڕ

ئەو وڵاتانەی ئەمریکا لە ڕێگەی دۆستایەتیەوە سەرانەی نەوت و غازیان لێ وەردەگرێت وەک سعودیە و قەتەر و…. هتد. ئەمریکایان کردۆتە شەریکی نەوت و سامانەکانیان

ئەو وڵاتانەی بەڕێگای یەکەم ڕازی نابن کە نەوت و کانزاکان بخەنە خزمەتی ئەمریکا ئەبێ خۆیان ئامادە بکەن بۆ رێگای دووەم، تەنها جیاوازیەکە ئەوەیە کە ئەمریکا بەناوی سیستمی حکومڕانی و چەکی کۆکوژ و قاچاخچێتیەوە دیت و  ئامانجەکەش نەوت و غاز و کانزاکانە بۆ بەهێزکردنی وڵاتەکەی خۆیی و ئیدامەدان بە ئابوریەکەی

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی