وا لەگەڵ ساڵی نوێدا دەچینە نێو جیهانێک کە پڕە لە ژاوەژاوی زانیاری و فشاری کۆمەڵایەتی کە هەندێک جار مرۆڤ خۆی بە بەشێک لە دائیرەی مێگەل دەبینێتەوە و ، بەدوای ڕای ئەوانی تردا دەڕوات بێ ئەوەی کاریگەری لەسەر بڕیارەکانی و ڕەفتارەکانی بزانێت ، شێوازە باوەکەی عەقلی کورد بە پلەی یەکەم زیاتر بایەخ بە پرس و بابەتەکانی سۆشیالمیدیا و هەواڵ و کاریگەرییە سەتحیەکانی دەدات و وای لە تاکەکەسەکانی خۆی کردووە کە کەسێکی بەکاربەر « مستهلك » بێت لە هەموو بوارەکاندا و بێئاگابێت لەو زریان و پشێوە سیاسیانەی کە لە ناوچەکە هەڵیکردووە و وا دابەشبونێکی نوێ لە ناوچەکە ڕوودەدات کەچی کورد ڕۆژ بە ڕۆژ بەرگری «مەناعەی » ناوخۆی لاواز دەبێت و بەردەوامە لە دابەشبوون و داخورانی متمانە و لووتبەرزی و غرور و خیانەتکردن کە بۆتە شتێکی ئاسایی بۆی ، لەجیاتی ئەوەی کوردستان ببێتە چوارچێوەیەکی کۆکەرەوە بەداخەوە بۆتە گۆڕەپانی ململانێ و یەکتر شکاندن ، جا کورد دەیەوێت بەو میراتە کەڵکەبووە قێزەوەنە بچێتە ناو ساڵی ( 2026 ) کە گۆڕانکاریە جیۆسیاسیەکان چیتر ڕێگەی پێنادات ئیدارەی قەیرانەکان بە ئامرازە کۆنە تەقلیدیەکان بکات وەک ئەوەی ئێستا دەیکات ، کوردستان و ئەو ناوچەیەی ئێمەی تێدا دەژین ، ناوچەیەکە چیتر کۆمەڵێک لە قەیرانی لێکجودا نیە ، بەڵکو یەک تۆڕە لە ململانێی لەناو یەک کە مەترسیەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوازرێنەوە ، لە غەززەوە بۆ دەریای سوور و داننان بە سۆماڵی لاند لە لایەن ئیسرائیل و لە سودانی کێشەوەری ئەفریقیا بۆ ئێران و کەنداو و کێشەی نێوان سعودیە و ئیمارات کە ئەوەی ئاشکراکرد کە هاوپەیمانە کۆنەکەیان لەرزۆکانە بوو و ، یەمەن سەرلەنوێ واقعێکی دابەشبووی لێبەرهەم هات ، باکورەکەی « سەنعا » حوسیەکان تێدا زاڵە و باشووریشی بۆ قەوارەیەکی سەربەخۆ کە ئەبوزەبی لەمیانی ئەنجومەنی گواستراوە « المجلس الانتقالي » بەڕێوەی دەبات ، ساڵی نوێ بۆ ناوچەکە ساڵی ئیدارەدانی مەترسیە زۆرەکانە و تاقیکردنەوەی وڵاتان و قەوارەکانە لەسەر خۆڕاگریی و ، لەو بڕوایەشدام ئێمە لە ڕووی سیاسی لە ساڵی نوێدا هەروەکو ساڵانی پێشوو لەنێو ئەو پەرتەوازەییە و دابەشبوونە لەگەڵ ئەو بەناو دەوڵەتی عێراق-ە ناگەینە چارەسەری کۆتایی بۆ قەیرانەکان و ململانێکان قەپات نابن ، ئەوە جگە لەوەی لە ڕووی ئەمنیەوە ناوچەکە لە شەڕی تەقلیدیەوە دەڕوا بۆ شەڕی تێکەڵاو ، ملیشیا و دڕۆنی بۆمبڕێژکراو و هێرشی دەریایی و بە سیاسیکردنی دەروازە ئاویەکان بە تایبەتی دەریای سوور کە دەبنە گۆڕەپانێکی تاقیکردنەوەی جیهانی و ئیسرائیل وەک ئیمپڕاتۆرێکی گەورەی ئەمنی لە ناوچەکە بوونی دەبێت و چیتر حوسیەکان نابنە گەمەکەرێکی ئیقلیمی بۆ ئاسایشی دەریای سوور ، دەبێت ئەوەش بزانین کە شێوازی کۆڵۆنیالیزم یان ئیستتیعماری کۆن بەسەرچوو ، ئێستا بۆتە ئەلکتڕۆنی و دیگیتاڵی و ، میحوەری هێز بۆ کۆنتڕۆلکردن هەر تەنها بەسەر جوگرافیا و کەرەستەی خاو نیە بەڵکو گواستراوەتەوە بۆسەر فەزای سبریانی و بەیانات و عەقلی مرۆیی کە ئێستا پێی دەڵێن ( ئیمپریالیزمی نوێی دیگیتاڵی ) کە لەو ناوچەیەی ئێمە لە کاردایە و ئەوتا کە خۆی لە قەرسەنەی ڕفاندنی سەرۆکی فەنزوێڵاو ژنەکەی تاقیکرایەوە و دەبینێت ، لەڕووی ئابوریەوە هەرێمی کوردستان لەگەڵیشیدا ناوچەکە لەنێو لەرزۆکێکی نابەرابەردا دەژیت ، ئەگەر جۆرە جولیەکیش هەبێت بەڵام لە ڕوبەڕووی هەر تاقیکردنەوەیەکی گۆڕانکاری پاش نەفت و لەژێر سایەی خابوونەوەیەکی جیهانی و پاشەکشەی نرخی ووزە ، دەبنە فشارێکی خنکێنەر لە میانی ئاوسان و پاشەکشەی نرخی دراو بۆی و ، ئەگەریش تووشی هەر شۆکێکی ئەمنی بێت ، ئەوە دەبێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەقامگیری کۆمەڵایەتی ، دەبێت سیاسەتمەدارانی هەرێمی کوردستان ئەوە بزانن کە لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا چیتر تاکە گەمەکەری ناوچەکە نیە ، ئەوەتا ئەژدیهاکە چین لەڕووی ئابووریەوە دێتە پێش و ڕوسیا پارێزگاری لە نفوزەکەی دەکات و ئەوروپاش تەنها بۆ کارەمرۆییەکان نەک پاڵپشتی سیاسی لەپێشە و هیندستان-یش وەک یاریکەرێک بۆتە پڵنگ و ئەگەر وا بڕوات دەبێتە شێر ، وڵاتان و قەوارەکان لە شەڕی گەورەدا ناکەون و بە ئارەزووی خۆشیان تەسلیم نابن ، بەڵام کاتێک کەس نەبێت بەرگری لێبکات و کاتێک لە ناوخۆدا پەرتەوازە و لاواز بێت و ئەو لاوازیە لەگەڵ دۆخی نێودەوڵەتی و بێدەنگی ئیقلیمی یەکتربڕدەبن ، حەتمەن دەکەوێت و لەناو دەچێ ، داینەسۆرەکان لەبەر بەهێزی و قەبەیی لەناو نەچوون بەڵکو نەیانتوانی خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ژینگە و دەوروبەر سەرەنجام قڕبوون .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی