ئەردۆغان نهێنییەک لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تورکیاو ئیسرائیل ئاشکرادەکات

جیهان

28/04/2024‌ 1711 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تورکیا ئیسرائیل‌و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی حکومەتی ئەو وڵاتە دەکرێت سەبارەت بەفرۆشتنی سوتەمەنیی فڕۆکە بەئیسرائیل بۆئەوەی لەجەنگی دژ بە فەڵەستینییەکان بەکاریبهێنێت، لێدوانێکی داوە.


لەمیانی بەشداریکردنی لەپێنجەمین کۆنفرانسی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی قودس لەئیستانبوڵ، ئەردۆغان وتی:"ئەوانەی دەیانەوێت فیرعەونەکانی سەردەمی مۆدێرن ببینن، با سەیری ئەوکەسانە بکەن کە بەشێوەیەکی دڕندانە 35 هەزار فەڵەستینییان کوشتوە، نازییەکان ئەمڕۆ ئەو بکوژانەن کە زیاتر لە 15 هەزار منداڵیان کوشتوە".

سەبارەت بەپەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئیسرائیل‌و تورکیا، ئەردۆغان وتویەتی:"ئێمە ئێستا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئیسرائیل دەپچڕێنین، بەتایبەت بازرگانییەکان".

ئەردۆغان هەروەک وتی:"تورکیا وڵاتێکە کە هەرگیز جینۆسایدی نەکردوەو کۆلۆنیالیزم نەبوەو زیاتر لەدوو هەزار ساڵە لەهیچ قۆناغێکی مێژوییدا زیانی بەخەڵکی بێتاوان نەگەیاندوە".

ئەردۆغان لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە دەوترێت تورکیا سوتەمەنیی فڕۆکە بەئیسرائیل دەفرۆشێت وتی:"ئایا دەکرێت تەیب ئەردۆغان‌و هاوڕێکانی هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێن؟".

ئەو لێدوانەی سەرۆکی تورکیا لەکاتێکدایە، بەگوێرەی داتا فەرمییەکان کە دەزگای ئاماری تورکیا لەمانگی ئاداری ساڵی ڕابردودا بڵاویکردوەتەوە، بەگوێره‌ى داتابەیسی ئاماری بازرگانیی دەرەکی، لەمانگی یەکی ساڵی 2024دا، تورکیا بەبەهای 2,919,058 لیرەی تورکی تەقەمەنیی‌و چەکی هەناردەی ئیسرائیل کردوە، هەروەک هەناردەی باروت 1,940,036 لیرەی تورکی‌و جۆرەها مادەی کیمیایی جۆراوجۆر (بایۆدیزەل، کەرەستەی کوژاندنەوەی ئاگر، تەعقیمکەرو مێروکوژ) 33,075,119 لیرەی تورکی بوە.